وادەی خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆتایی هات
14/09/2019
سەعات (4:00)ی پاشنیوەڕۆی رۆژی (پێنجشەممە) 12/9/2019 وادەی خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات و رۆژی شەممە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە ئەنجام دەدرێت.
یاسین حەمە عەلی، ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند: "لە سەعات (4:00)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە وادەی خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات و سەرجەم فۆڕمەکان ئاراستەی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان کراون بە مەبەستی وردبینیکردن و راستاندن."
وتیشی: "پاش راستاندن و کۆتاییهاتنی وادەی کشانەوە و ئاڵوگۆڕ، پڕۆسەی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە رۆژی شەممە سەعات (10:00)ی پێشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت."
ئەو ئەندامەی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان رونیشیكردەوە كە "پڕۆسەکە لەلایەن لیژنەیەکی سێ کەسییەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە پێکهاتون لە دادوەرێک کە سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات و ئەندامانی لیژنەکەش نوێنەرێکی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان و نوێنەرێکی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان لەخۆ دەگرێت".
لەچوارچێوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدرا و جەمال محەمەد وەك سەرۆكی جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا كە دەبێتە یەكێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن.
ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پێکدێن لە (رێکخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، سکرتێری فراكسیۆنەكان، سكرتێری ژورەكان، سكرتێری باژێڕوانەكان و سكرتێری كاروباری خەڵك) لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵدەبژێردرێن و سکرتێری جڤاتی گشتییش لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێت و راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.
پێکهاتە و ئەرکەکانی خانەی راپەڕاندن
یەکەم: رێکخەری گشتی
سەرپەرشتی کۆبونەوەکانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی دەکات.
لە بەردەم جڤاتی نیشتیمانیدا بەرپرسیارە.
لە کاتی ئامادەنەبونیدا، یەکێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی.
دوەم: سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتیمانی
ئەرکەکانی بریتیە لە، دیاریکردنی کات و شوێن و کارنامەی کۆبونەوەکانی جڤاتی نیشتیمانی.
تۆمارکردنی کۆنوسی کۆبونەوەکان، تۆمارکردنی بڕیار و راسپاردەکانی و گەیاندنی بە جێگەی پەیوەندیدار.
سێیەم: سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان
ئەرکەکانی بریتیە لە هەماهەنگی نێوان فراکسیۆنەکان و دامەزراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.
چوارەم: سکرتێری کاروباری باژێرەکان
ئەرکەکانی بریتیە لە رێکخستنی پەیوەندی رۆژانەی نێوان باژێڕوان و باژێڕەکان و خانەی راپەڕاندن و وەڵامدانەوەی نامە و پەیام و پرسیارەکانیان.
پێنجەم: سکرتێری کاروباری ژورەکان
ئەرکەکانی بریتیە لە هەماهەنگی نێوان ژورەکان و خانەی راپەڕاندن و دامەزراوەکانی گۆڕان.
شەشەم: سکرتێری کاروباری خەڵک
ئەرکەکانی بریتیە لە پێشوازیکردنی ئەوانەی رۆژانە سەردانی مەکۆی سەرەکی دەکەن.
گوێگرتن لە پێشنیاز، رەخنە، ئامۆژگاری، سکاڵاکانی خەڵک و گەیاندنی بابەتەکانیان بە جێگەی پەیوەندیدار.
حەوتەم: سەرۆکی جڤاتی گشتی