عەدنان عوسمان: قۆناغی داهاتو ئاشتکردنەوەی گۆڕانە لەگەڵ دەنگدەر و هەڵسوڕاوەکانی
14/09/2019
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندن رایگەیاند: ئەگەر دو ساڵی رابردو قۆناغی هێشتنەوە و مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بوبێت، دو ساڵی داهاتو قۆناغی رەونەقدارکردنی گۆڕان و ئاشتکردنەوەی گۆڕانە لەگەڵ دەنگدەرەکانی خۆی.
عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێستا ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندایە، دو ساڵی رابردو بە هەمو کەموکوڕیی و کێشەکانییەوە دو ساڵی گرنگ بون بۆ مانەوە و بەردەوامیی بزوتنەوەی گۆڕان، دو ساڵی داهاتو قۆناغی رەونەقدانە بە بزوتنەوەی گۆڕان.
وتیشی :"قۆناغی داهاتو پێش هەمو شتێک ئاشتکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ دەنگدەرەکانی خۆی، ئەو دەنگدەرانەی ساڵانێکی دورو درێژ پشت و پەنای بزوتنەوەی گۆڕان بون، لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆشنبیران، لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەی کە تەمەنێکیان لەگەڵ بزوتنەوەکە بەسەربردوە و پشتوپەنای بزوتنەوەکە بون، بەڵام تا ئاستێک نیگەرانییان هەبو، تەنانەت هەندێک لە دەنگدەرەکانیشمان لێ زویر بون یان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردوە، بۆیە ئەرکی سەرەکی ئاشتکردنەوەی ئەوانە".
عەدنان عوسمان رایگەیاند: کارێکی دیکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە قۆناغی داهاتودا هەوڵدانە بۆ بونیاتنانەوەی دامەزراوەکانی خۆی و بەهێزکردنیان، بەهێزکردنی جڤاتی نیشتیمانی، بەهێزکردنی ژورەکان کە بڕبڕەی پشتی بزوتنەوی گۆڕانن، ئەمانە کۆمەڵێک ئەرکی بزوتنەوەکەیە کە دەبێت ئەنجامبدرێن.
سەبارەت بە گۆڕانکاریی لە خانەی راپەڕاندا، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی رایگەیاند: راستە گۆڕانکاریی لە کەسەکان رویداوە، کێشەکە تەنها گۆڕینی دەموچاوەکان نییە، دەبێت گۆڕان دیدێکی رۆشنی هەبێت بۆ سەرجەم پرسەکان، دەستوبرد و ئازابێت، دیدی رونی هەبێت بۆ سەرجەم پرسەکان، خۆی بە هێزێکی گەورە و بەرپرسیار و کاریگەر بزانێت، بزوتنەوەیەک نەبێت بۆ خۆی بژی، بەڵکو بزوتنەوەیەک بێت بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگە بژی، ئەوەش پێویستی بە نەخشە و پلانە و پێویستی بە بەشداریی کەسایەتییە کاریگەرەکانی بزوتنەوەکەیە لەسەرجەم ئاستەکاندا".
وتیشی :"دەبێت گوێ لەسەرجەم رەخنە و گلەیی و بۆچونەکان بگیرێت، بەشێکی هێزە گەورەکەی پشت و پەنای گۆڕان ئەو کەسانەن کە ئامادەنین کاری حیزبی بکەن، بەڵام دەنگ بە گۆڕان دەدەن".