عەلى حەمەساڵح: خەڵکى کوردستان سزاى هەڵاتوانى (16)ى ئۆکتۆبەر و ئەوانە دەدەن کە قوتى بڕین
18/09/2018
سەرۆکى لیستى (148)ى بزوتنەوەى
گۆڕان، رایدەگەیەنێت بانگەشەى ئەوانەى باس لە چاککردنى موچە و لابردنى پاشەکەوت
دەکەن سەلمێنەرى ئەوەیە پارەى نەوت بەشى موچە دەکات بەڵام دەسەڵاتداران ئامادە نین
ئەو مافە بدەنەوە بە خەڵک و دەڵێت:"لەم هەڵبژاردنەدا خەڵکى کوردستان سزاى
هەڵاتوانى (16)ى ئۆکتۆبەر و ئەوانە دەدەنەوە بە زۆرەملێ موچەی چین و توێژەکانیان
بڕى".
ئەمڕۆ دوشەممە، سەرۆکى لیستى (148)ى
گۆڕان و ژمارەیەک لە کاندیدانى لیستەکە ناحیەى حاجیاوا و قەزاى رانیەیان بەسەر
کردەوە و پەیامى خۆیان و لیستى بزوتنەوەى گۆڕانیان لە نزیکەوە گەیاندە خەڵکى
ناوچەکە و بەڵێنى بەردەوامییاندا بە درێژەدان بە خەباتى بزوتنەوەى گۆڕان لەپێناو
بەرژەوەندییە باڵاکانى خەڵکى کوردستان.
لاى خۆیەوە عەلى حەمە ساڵح
سەرۆکى لیستى (148)ى گۆڕان رایگەیاند؛ خەڵکى رانیە و ئەم سنورە چۆن لە راپەڕیندا
دەستپێشخەربون، لە رابردودا و ئێستاش پشتیوانى بەهێزن بۆ سەرخستنى بزوتنەوەى گۆڕان
و لیستەکەى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
وتیشى: "ئەوانەى بەهۆى
دزینى نەوت و بەرژەوەندى خۆیانەوە موچەى خەڵکى کوردستانیان بڕى، ئێستا و لەکاتى
بانگەشەدا باس لەوە دەکەن کە موچە چاک دەکەن و پاشەکەوت ناهێڵن، هەرچەندە ئەو
بەڵێنەشیان راست دەرناچێت، بەڵام وتەکەیان سەلمێنەرى قسەکانى ئێمەیە کە جەختمان
کردوەتەوە لەوەى داهاتى نەوتى ئەم کوردستانە بەشى لابردنى سیستمى پاشەکەوت و
پێدانى موچەى تەواوەتى بە موچەخۆران دەکات و نایدەن".
هەروەک جەختى کردەوە لەوەى لاى
خەڵکى کوردستان ئەوە رون بوەتەوە کە چاکسازى بە کەسانى گەندەڵ ناکرێت، بۆیە لەم
هەڵبژاردنەشدا سزاى هەڵاتوانى (16)ى ئۆکتۆبەر و ئەوانە دەدەن کە بڕیارى بڕینى قوتى
خەڵکى کوردستانیان دا و توشى ئەم هەمو قەیران و نەهامەتیەیان کردن.