باڵیۆزی سویسرا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات

02/10/2019

باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردو پرسی چاکسازیی و بە نیشتیمانی کردنی دامەزراوەکان و ودۆخی ناوچەكە تەوەری كۆبونەوەی نێوانیان بو.

ئەمڕۆ سێشەممە، لوکاس گاسه‌ر باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن، سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كردو لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ژورەکە کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەکەدا، تاوتوێی دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەكە کرا، هاوکات ئەولەوییەتەكانی گۆڕان بۆ چاكسازی و بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكان بە وردی باسی لێوەكرا.

 رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە رۆڵی بزوتنەوەكە  كرد لە ماوەی (10) ساڵی رابردو وەك هێزێكی كاریگەر لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدا.

باسیلەوەكرد؛ كابینەی نوێی حكومەت لەسەریەتی داهات و بودجە بە شەفافی بخاتە بەردەم رایگشتی و خۆشگوزەرانی خەڵك و كەرتی پەروەردەو تەندروستی و كشتوكاڵ و پیشەسازی گەشەی پێ بدرێت، هەروەها جەختی لە پشتگیری دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە بۆ رێككەوتن.

لای خۆیەوە لۆكاس گاسەر باڵیۆزی سویسرا لە ئەردەن ئاماژەی بە سیاسەتی وڵاتەكەی كرد كە رۆڵی بێلایەنی بینیوە لە ململانێیەكانی نێوان دەوڵەتە بەهێزەكان، ئەمەش وەك هەنگاوێك لە پێناو سەقامگیریدا.

ئاماژەی بەوەكرد، دەكرێت عێراق سود لە ئەزمونی رابردوی سویسرا وەربگرێت، چونكە ئێستا عێراق چەقی ململانێ و گرژییەكانی ناوچەكەیە.

جەختی كردەوە، سویسرا له‌ گرژییه‌کانی ناوچه‌کدا رۆڵی گه‌یاندنی په‌یامی له‌ نێوان (ئه‌مریکا و ئێران) و (ئێران و سعودیه‌) بینیوەو ئەمەشی بە رۆڵێكی ئەرێنی زانیوە لە خاوبونەوەی گرژییەكان.


هەواڵی زیاتر