لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانى هەڵەبجە و دەوروبەرى، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەرنامەی کاری دو ساڵی داهاتویان خستەڕو کە رێکخستنەوەی سەرجەم ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەنجامدانی کاری دامەزراوەیی و پێکەوەییە بۆ سەرخستنی بەرنامەی گۆڕان لە ئەنجامدانی چاکسازیی و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەڵەبجە لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانى سنوری پارێزگاکە و دەوروبەى کۆبونەوە. لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئامانجى بەشداریکردنى گۆڕانى لە کابینەى نۆى حکومەت رونکردەوە کە بە ئامانجى جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیی و روبەڕوبونەوەى گەندەڵى و باشکردنى گوزەرانی خەڵک بوە.
وتیشى:" بزوتنەوەى گۆڕان لەماوەى رابردودا بە خۆڕاگرى ئۆرگانەکانى و جەماوەرەکەى توانیویەتى بەرامبەر سزاى سیاسى و شاڵاوەکان بوەستێتەوە و سەرکەوتنى گەورە بەدەستبێنێت، دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندن هەر لەمساڵدا هەمو ئۆرگانەکان رێکدەخرێنەوە و ئامادەکارى دەکرێت بۆ بەستنى کۆنفرانسى نیشتیمانى" دەبێت رەخنە و تێبینی لە هەوڵدان بۆ تێکدان لە یەکتر جیا بکرێنەوە عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی باسی لە شێوازی بڕیاریدان کرد لەنێو بزوتنەوەی گۆڕان و لەوبارەیەوە وتی: لەنێو گۆڕان دو ئۆرگانی گرنگی بڕیاردان هەن، ئەوانیش جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانیین، جڤاتی گشتی کە لە کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین و مامۆستای زانکۆ و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە پێکهاتوە و رۆڵی گرنگی هەیە لە داڕشتنی را و بیروبۆچون لەنێو بزوتنەوەی گۆڕاندا و رایەڵەیەکی گرنگی بزوتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ توێژە جیاجیاکان و رۆڵی ئۆرگانێکی راوێژکاریی دەبینێت و هاوکاری سەرجەم ئۆرگانەکان دەکات بەتایبەتیش جڤاتی نیشتیمانی. سەبارەت بە رۆڵی جڤاتی نیشتیمانى-ش، عەدنان عوسمان رونیکردەوە، دەستەی باڵای بڕیاردان لە ناو گۆڕان جڤاتی نیشتیمانییە و پێویستە ئەگەر لە رابردودا کارەکانی بەپێی دەستور جێبەجێ نەکرابێت، ئەوا لە داهاتودا بەپێی دەستور کارەکانی خۆی ئەنجام بدات و هەنگاو بە هەنگاو کەلێنەکان پڕ بکاتەوە و کەموکورتییەکانی چارەسەر بکات، وتیشى:"دەبێت دو شت لە یەکتر جیابکرێنەوە، ئەویش رەخنە و تێبینی دڵسۆزانی گۆڕانن لە هەوڵدان تێکدانی رۆحیەتی مەعنەوی و نابوتکردنی رۆحیەتی شۆڕشگێڕانەی گۆڕان لەم ناوچەیە". داواکارى خەڵک و پێداویستى ناوچەکان دەگەیەنینە حکومەت و پەرلەمان لە کۆبونەوەکەدا، جەلال جەوهەر سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان لە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان باسى لە گرنگى رۆڵى ئەنجومەنی قەزاكان کرد بۆ گەیاندنى کێشە و داواکارییەکانى خەڵک بە فراکسیۆنەکانى گۆڕان و ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەركی سکرتێرى کاروباری فراکسیۆنەکان تایبەتە بە كاری فراكسیۆنەكان لەسەر ئاستی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان و تیمی حكومەت و "دەمانەوێت بەشێوەیەك كاربكەین ئەو هاوڕێ و هەڤاڵانەی لە فراكسیۆنەكاندان نوێنەری ئێوە و خەڵكی كوردستان بن، رەنگە ئێمە لە هەمو شارەكان نوێنەرمان نەبێت لە سەر ئاستی فراكسیۆنەكان، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە پێویستە ئەنجومەنی قەزاكان ئەو رۆڵە ببینن، ئەوەش لە رێگەی ئاگاداربون لە دۆخی خەڵك و پێویستییەكانی ناوچەكان و گەیاندنیان بە ئێمە". داواشی لە هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان کرد ئاگاداری كێشە و گرفتەكانی خەڵك بن و بیگەیەنن بە خانەی راپەڕاندن و ژورە تایبەتمەندەکانی گۆڕان، ئەوانیش لەسەر ئاستی حكومەت و لە رێگەی ئەو تیمى گۆڕانەوە داواكارییەكانیەکان دەگەیەننە حكومەت. گۆڕانی ئاشتی و كۆمەڵایەتی پێویستی بە پشو درێژییە لاى خۆیەوە و لە کۆبونەوەکەدا، شەماڵ عەبدولوەفا، سکرتێری باژێڕەکان سەبارەت بە پرسی بەشداریکردن لە کابینەی نۆی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد کە لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتیدا وادەیەکى زەمەنى دانراوە بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەى جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت، ئەگەر لەو ماوەیەدا هیچ كام لە خاڵەكانی رێككەوتننامەكە جێبەجێ نەكرا، ئاگاداریان دەکەنەوە و دەڵێین: "بۆ شەش مانگی داهاتو چی دەکەن، ئەگەر دواتر هیچ نەكرا، ئێمە قسەمان دەبێت و هەڵوێست وەردەگرین". وتیشی: "ژیانبینی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ستراتیژێك داڕێژراوە كە هەوڵێكە بۆ گۆڕانێكی ئاشتی و كۆمەڵایەتی، ئەم گۆڕانە پێویستی بە پشودرێژییە، لە ئەوروپا زیاتر لە (500) ساڵی خایاندوە، لەناو میللەتانی عەرەبدا چەندین ساڵی خایاندوە، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان تەنها (10) ساڵە سەرقاڵی هێنانەكایەی ئەم گۆڕانكارییانەین، ئەگەر بتوانین ئەم گۆڕانكارییە ئاشتییانە و كۆمەڵایەتییە بەرەوپێشەوە بەرین، ئەوا سەرتاپای كایەكانی تری سیاسی و ئابوری و دارایی دەگۆڕێت، بۆیە بۆ پێشخستنی ئەمە، دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان تۆكمە بێت و هەمو دامەزراوەكانی وەكو یەك تیم کار بكەن و پلان و بەرنامەیان هەبێت و لە هەمان كاتدا لێپرسینەوەیان هەبێت". گۆڕان بایەخێکی یەکجار گرنگ بە خەڵك دەدات لە کۆبونەوەکەدا لەگەڵ گۆڕانخوازانى هەڵەبجە و دەروبەرى، برزۆ مەجید، سکرتێری کاروباری خەڵک رونیکردەوە؛ کەم حیزب هەیە هێندەى بزوتنەوەی گۆڕان بایەخ بە ناوچە جیاجیاکان بدات، بە جۆرێک لە هەر قەزایەک و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، نوێنەرێک هەیە کە دێتە جڤاتی نیشتیمانی و نوێنەرایەتی قەزاکەی یاخود شارەکەی دەکات. وتیشی: "گۆڕان بایەخێکی یەکجار گرنگی بە خەڵك داوە، چونکە هەر ئەو خەڵکەیە کە دەنگت دەداتێ وە بە پێچەوانەشەوە ئەو خەڵکەیە کە دەنگت پێ نادات، هەروەها گروپێک لە خەڵکیش هەن کە لە هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە چاوەڕوانیان هەیە و چاودێری کار و کردەوەکان دەکەن و هەڵسەنگاندن دەکەن، بۆیە لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین لەدوای تەواوبونی ئەم زنجیرە کۆبونەوانە لە رێگەی باژێڕوان و رایەڵەی کەسایەتییەکانەوە هەماهەنگی دروست بکەین لەگەڵ خەڵک و کەسایەتی و گروپە جیاجیاکان، بۆ ئەوەی لە پێشوازیاندا بین و سەردانیان بکەین بۆ ئەوەی گوێ لە سەرنج و بۆچون و رەخنەکانیان بگرین". ژورەکان ئەرکیان داڕشتنی پلان و ستراتیژی بزوتنەوەکە دەبێت هەروەک د. دەرباز محەمەد، سکرتێری کاروباری ژورەکان لە کۆبونەوەکەدا باسی لە بایەخ و رۆڵی ژورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کرد لە بەڕێوەچونی کاروباری ناوخۆیی بزوتنەوەکە و وتی: "ژورەکان ئەرکیان داڕشتنی پلان و ستراتیژی بزوتنەوەکە دەبێت بۆ ئەوەی لە ئاستی ناوخۆ و حکومەت و پەرلەمان رون بێتەوە کە چۆن سیاسەت بکات و چۆن بەرنامە و پڕۆژەی گۆڕان لە رێگەی ژورەکانییەوە ببێتە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە". وتیشی" پڕۆژەمان هەیە بۆ تۆکمەکردنی ژورەکان و فراوانکردنیان و کارێک بکەین لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانەوە ئەندامی ژورەکان سودیان لێوەربگیرێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەی ژورەکان تەنها وابەستەی سلێمانی و مەکۆی سەرەکی نەبن، بەڵکو لە هەمو ناوچەکانەوە دەبێت خەڵکیان هەبێت کە یاریدەدەر بن بۆ بەڕێوەچونی کاروباری ژورەکان". سکرتێری کاروباری ژورەکان رونیشیکردەوە، کادیر و گەنجی زۆر باش لەناو بزوتنەوەی گۆڕان پێگەیشتون و بەرنامەیان هەیە لە داهاتودا کە سەرچاوە مرۆییەکانی گۆڕان کە خۆی لە گەنجانی ئازا و بەتوانا دەبینێتەوە، بەهێزیان بکەن و پەرەیان پێبدەن و لەرێگەی خولی تایبەتەوە ئامادەبکرێن بۆ هەر پڕۆژە و پلانێکی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئایندەدا چ بۆ کاری پەرلەمانیی یاخود بۆ کاری حکومی.