عەدنان عوسمان: ستراتیژمان هەیە بۆ رێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان
04/11/2019
ئەندامێکى خانەى
راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ کە ستراتیژیان هەیە بۆ بەهێزکردنى بزوتنەوەى
گۆڕان لە رێگەى نوخبەى رۆشنبیر و رۆژنامەنوس و مامۆستایانى زانکۆ، لەبارەى دۆخ و
ئایندەى عێراق و پەیوەندیەکان لەگەڵ هەرێم دەڵێت: "هەرکەسێکى دیکە جێگەى عادل
عەبدولمەهدى بگرێتەوە کێشە بۆ موچە و بودجەى هەرێم دروست دەبێتەوە".
عەدنان عوسمان
ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێكەوتنێكدا
لەگەڵ رۆژنامەى (زەمەن)، هەوڵ و پلان و ستراتیژیەتى رێكخستنەوە و بەهێزكردنەوەی
بزوتنەوەی گۆڕان روندەکاتەوە و دەڵێت: "كار لەسەر هەندێك ستراتیژ دەكەین، بۆ نمونە کاردەکەین بۆئەوەى گەنجان
حزورێكی گەورەیان هەبێت لە جڤات و بڕیارەكانی گۆڕان، هاوکات بەهێزكردنی نوخبەی
رۆشنبیرو رۆژنامەنوس و مامۆستایانی زانكۆ لەناو گۆڕاندا، لەگەڵ دروستکردنى دو
ژورى نوێ و رێکخستنەوەى ژورەکانى بزوتنەوەى گۆڕان".
لەبارەى پەیوەندییەکانی گۆڕان لەگەڵ هێز و
لایەنەکانى دیکە بە دیاریکراوى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، ئەندامەکەى
خانەى راپەڕاندن دەڵێت:"ئێمە بەردەوام نیەتمان هەبوە لەگەڵ یەکێتیدا
پەیوەندییەکانمان باش بێت، بەو ئاڕاستەیەش زۆر کارمان کردوە زۆر
رێککەوتنیشمان
هەبوە، ئێستا خۆشبەخاتە هەست دەکەین لەلایەن یەکێتیشەوە ئەو حەماس و
رۆحیەتە هەیە.
سەبارەت مەترسیەکانى سەر
قەوارەى هەرێم و دۆخى عێراق و پەیوەندی نێوان هەردولاش دەڵێت:"بەڵێ مەترسی لەسەر
قەوارەى هەرێم هەیە، چونكە لەعێراق خۆپیشاندان و هەیە و داوای گۆڕینی دەستورو
سیستەمی سەرۆكایەتی دەكرێت، گۆڕینی لامەركەزیەت بۆ مەركەزیەت شتێكی مەترسیدارە، لە ئەنجامى دۆخەش کە لە ناوەند هەیە، هەرکەسێکى
دیکە بێتە جێگەى عادل عەبدولمەهدى، مەسەلەى موچە و بودجەى هەرێم کێشەى بۆ دروست
دەبێتەوە".
دەقى دیمانەکە:
* لەماوەی رابردودا یەكێتی
سەردانی كردن، ئێستا پەیوەندییەكانتان بەرەو ئاسایبونەوە دەڕوات یان پێویستی بە
كاتە؟
عەدنان عوسمان: ئێمە
بەردەوام نیەتمان هەبوە لەگەڵ یەكێتیدا پەیوەندییەكانمان باش بێت، بەو ئاراستەیەش
زۆر كارمان كردوە، زۆر رێككەوتنیشمان هەبوە، لە كاتی كاك نەوشیروانو دوای ئەویش
بە هەمان رۆحیەت كارمان كردوە، ئێستا خۆشبەختانە هەست ئەكەین لەلایەن یەكێتیشەوە
ئەو حەماسو رۆحیەتە هەیە، زۆر بە جدی جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە دەیانەوێت
پەیوەندییەكانیان لەگەڵ گۆڕاندا تا ئاستی پەیوەندییەكی زۆر پتەو كە لە
رێككەوتنەكاندا هەیە ببەن، رێككەوتنی زۆر باشو قسەی زۆر باشیش لەنێوان ئێمەو
یەكێتیدا هەیە. ئەوەی كە زۆر گرنگەو دەمانەوێت كاری لەسەر بكەین كرداری باشە، ئەو
رێككەوتنانەی رەنگدانەوەی هەبێت لە واقیعدا، كۆمەڵێك ئیستحقاقی گۆڕان هەیە لەم
ناوچەیەدا كە كەسانی باشمان بۆ كاندید كردوە پێویستە ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا
دابنرێن، بۆ ئەوەی پێكەوە بتوانین حكومەتێكی ناوخۆیی هاوپەیمانی بەهێز دروستبكەین،
ئێمە ئێستا چاوەڕوانی یەكێتین هەنگاوی كرداری بنێت، پێموایە هەر هەنگاوێكی عەمەلی
یەكێتی بەو ئاراستەیە دڵنیاییەك بە گۆڕان دەداتو هەمیش هەر ساردیەك هەبێت كەمی
دەكاتەوە.
* زیاتر ئێوە نیگەران بون لە
یەكێتی، ئەمەتان بەوەفدەكە گەیاند؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ،
چونكە پۆستەكان لای یەكێتین كە پێمان نەدراوە یەكێتی نەیداون، ئێمە نەبوینەتە هۆی
هەڵپەساردنی ئەو رێككەوتنە.
* هیچ ئەگەرێك هەیە رێككەوتنەكەی
پێشوتان زیندو بكەنەوە یاخود رێككەوتنی تر بكەن؟
عەدنان عوسمان: هەمو دەرگاكان كراوەیە، هەنگاوی
عەمەلیمان پێویستە، ئێستا پێویستمان بەوەیە ئەجێندایەك دابنێین بۆ چارەسەركردنی
كێشەكانو دروستكردنی هاوپەیمانیەكی بەهێزو جۆرێك لە نزیكبونەوەی تێڕوانینمان
هەبێت لە هەمو پرسەكانداو تەنسیقمان هەبێت بۆ هەمو پرۆژەكانی چاكسازی.
*فەرید ئەسەسەرد لە
چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ “زەمەن” وتی ماوەكەی پارێزگاری سلێمانی كە لای گۆڕان بوە
تەواو بوە، ئێوە ئامادەن ئەم پۆستە رادەست بكەنەوە؟
عەدنان عوسمان: هیچ
قسەیەك لەسەر ئەمە نەكراوە، بەڵام رێككەوتنمان هەیە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانو
ماوەی پۆستەكان، ئەو رێككەوتنە بەو شێوەیە جێبەجێ نەكراوە كە هەبوە، بۆیە
پارێزگارو قایمقامو پۆستەكانی تری تێدەكەوێت، هەمو ئەمانە قابیلی ئەوەن گفتوگۆیان
لەسەر بكرێت، لەسەر رۆشنایی ئەو رێككەوتنانەی هەمانە لەگەڵ یەكێتی، ئێمە لاریمان
لە جێبەجێكردنی وردەكاری ئەو رێككەوتنە نیە، هیچ كێشەیەك لای ئێمەوە نابێت بۆ
دەستاودەستكردنی هەر پۆستێك لە ئاستی پارێزگار بێت یان هەر شوێنێكی تر.
* بۆ بەشداری لە حكومەتدا
رێككەوتنتان لەگەڵ پارتی هەیە، دەوترێت گلەیی ئەوەتان هەیە وەكو خۆی جێبەجێ
نەكراوە؟
عەدنان عوسمان: ئێمە دو
تێبینیمان هەبو لەسەر ئەو پرسە، دانانی چەند بەرپرسێك كە پێشتر گۆڕان بون، لە
بەرپرسیاریەتی حكومیدا لە راستیدا ئەوە نیگەرانی دروستكرد لەوەی تەنیا گۆڕانەكانی
پێشو دابنرێن، ئەمەش بێ متمانەی لە نێوان هەردولا دروستدەكرد، ئاساییە ئەم كەسانە
لە ناو حزبدا بكرێن بە هەر شتێك بەڵام بكرێن بە راوێژكار لەوانەیە جۆرێك لە
دڕدۆنگیو دڵپیسی دروست بكرێت لەنێوان دو تەرەفدا، ئەمە دیوێكیەتی، دیوە
مەترسیدارەكەشی ئەوەیە تۆ ئەنجومەنی وەزیرانت هەیە كە كارنامەی حكومەتەكە
بەڕێوەدەبات، لە پشتی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە دەستەیەكی راوێژكاری و یاریدەدەری
دروست بكەیت ئەمە جۆرێك لە لاوازكردنی ئەنجومەنی وەزیران، ئێمە هەردو
نیگەرانیەكەمان گەیاندوە، پێمانوایە ئەم هەنگاوانە تەندروست نین، ئەوەی ئێستا
گرنگە بەهێزكردنی ئەنجومەنی وەزیرانە، دانانی یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەت كە
وەزیریشی هەیە پێموانیە بایەخدان بێت بە ئەنجومەنی وەزیران، پێموایە لە مەفاهیمی
بەڕێوەبردنی ئیداریدا ئەم هەنگاوە تەندروست نیە.
*ئەم نیگەرانیەتان گەیاندە پارتی؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ
بەرێگەی جیاواز گەیاندمان، لە رێككەوتنەكەی ئێمەشدا هەمو شتێك رونە كە تەنسیقێكی
باشمان دەبێت بۆ هەمو پرسەكان، مەفروز وایە لە دانانی ئەو كەسانەدا راوەرگرتنی
گۆڕانیشی تێدا بوە كە نەبوە.
* لە خوار وەزیرەكانەوە پۆستەكانی تر
پڕنەكراونەتەوە، كێشەی پۆستەكانی تر چیە؟
عەدنان عوسمان: ئەو كێشە هەیە، ئەو رێككەوتنەی
كرا لەنێوان پارتیو گۆڕان دەبوایە میكانیزمی دانانی پۆستەكان دابنرایە، هەست
ئەكەم میكانیزمەكە دانەنراوە.
*كەمتەرخەمیەكە لە كام
لایەنەوەیە؟
عەدنان عوسمان: لە هەردولاوەیە، ئەبوایە
لیژنەیەكی هونەری دروستبكرایە بۆ چاودێریكردنی ئەو پرۆسەیە، ئەوە بەشێكە لە نەریتی
حزبی كوردی كە لە دوای رێككەوتن بیر لەوە ناكرێتەوە چی بكرێت، ئێستا لیژنەیەكی
چوار كەسی لە نێوان ئێمەو پارتی دانراوە بۆ پێداچونەوە بە پۆستەكانو دانانی
كاتێكی دیاریكراو بۆ پڕكردنەوەیان، كاتێك دیاریكراوە بۆ بریكاری وەزیرەكانو
كاتێكیش بۆ پۆستەكان تر.
*كاتەكە تا كەیە؟
عەدنان عوسمان: پێش مانگی یانزە بریكاری
وەزیرەكان یەكلادەبێتەوەو دوای ئەوەش كار لەسەر بەڕێوەبەرە گشتیەكان دەكرێت.
*ئێوە زۆر قسەتان لەسەر یاسای
چاكسازی دەكرد، بەڵام تائێستا دەرنەچوە و هەست ناكەن بەئەنقەست دەرچواندنی
دوادەخرێت؟
عەدنان عوسمان: یاساكە
خۆی ئاڵۆزەو پەیوەستە بە ژیانی كۆمەڵێك خەڵكەوە كە هەندێكی بە ناحەقو هەندێكی بە
حەقی خۆی موچەی بۆ بڕاوەتەوە، هەندێكیان بندیوارنو هەندێكیان فەرمانبەری رەسمین،
هەندێكیشیان بۆ كڕینی وەلا موچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بۆیە كاركردن لەسەر یاساكە
قورسە، ئەوەی گۆڕان داوای كردوە چاكسازی گشتگیرە، چاكسازی ورد ناكرێتەوە دەبێت لە
چوارچێوەی پاكێچێكی گرنگدا كاری لەسەر بكرێت. پرۆژەكە قۆناغی باشی بڕیوە بەڵام رێگری
زۆریشی هەن.
* تەمەنی ئەم كابینەیە 100 رۆژی
تێپەڕاند، لە ئاستی رازین؟
عەدنان عوسمان: وەكو خۆم
قسە دەكەم، هەست ئەكەم لەم دواییەدا خاوییەك رویداوە، بۆ نمونە ئەم پرۆژەی
چاكسازییەی كە تۆ باسی دەكەیت وردترو زانستیانەتر كارمان لەسەر بكردایە، بۆ ئەوەی
كۆدەنگی لەسەر دروست بكرێت. لەسەرەتادا گەرموگوڕییەكی زیاتر هەبو، سەرۆك وەزیران
كەمتر حزوری هەیە لەكایە جیاجیاكاندا ئەمە خراپەو پێویستە حزوری زیاتر هەبێت،
واقیعی ناوچەكە دەخوازێت هەنگاوی چاكسازی بنرێتو هیچ رێگەیەكی ترمان لەبەردەمدا
نیە جگە لە چاكسازی
*عادل عەبدولمەهدی بە نزیكترین
كەس دادەنرێت لە كوردەوەو ئێستاش خۆپیشاندان هەیەو داوای لادانی دەكرێت، هەر
كەسێكی تر بێت رەنگە کێشە بێت بۆ کورد؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ هەر كەسێكی تر بێتە جێگەی
عادل عەبدولمەهدی، مەسەلەی موچەو بودجەی هەرێم كێشەی بۆ دروست دەبێتەوە.
* رێکخەری گشتی گۆڕان لە یەكێك لە
كۆبونەوەكاندا وتویەتی پێویستە بە هەمومانەوە قەوارەی هەرێم بپارێزین، ئایا هیچ
مەترسیەك هەیە لەسەر قەوارەی هەرێم؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ
مەترسی هەیە، چونكە لەعێراق خۆپیشاندانو هەیەو داوای گۆڕینی دەستورو سیستەمی
سەرۆكایەتی دەكرێت، گۆڕینی لامەركەزیەت بۆ مەركەزیەت شتێكی مەترسیدارە، گۆڕان
پێداگری كردوە كە دەبێت لەناوخۆدا چاكسازی بكرێتو حكومەتێكی بەهێزمان هەبێتو
هێزێكی یەكگرتومان هەبێت، كورد لە عێراقیشدا پێگەی لاواز بوە بەراورد بە ساڵانی
دوای 2003.
* بەلای هەندێك چاودێری سیاسیەوە
بەیاننامەكەی گۆڕان بۆ پشتیوانی رۆژئاوا، لەهەمو بەیاننامەكانی تری حیزبەكانی
باشور هەڵوێست و پشتیوانی نەتەوەیی زۆرتر تێدا رەنگی دابۆوە، بەڵام مەزڵوم كۆبانی
لەم رۆژانەدا سوپاسی پارتی و یەكێتی كرد و سوپاسی ئێوەی نەكرد؟
عەدنان عوسمان: ئێمە كە
پشتیوانیمان كردوە، پشتیوانیەكی مەبدەئی بوە بۆ ستایشو سوپاسكردن نەبوەو
چاوەڕوانكراو بوە، ئەزانین كە قەزیەی رۆژئاوا قەزیەكی عادلەو لەو ڕوەوە
پشتیوانیمان كردوە، سوپاس نەكردن كار لەسەر پشتیوانییەكانی ئێمە ناكات.
* با بێینە سەر كاروباری ئۆرگانییو
پێگەی حیزبیتان، جەولەیەكتان دەستپێكردوەو لەگەڵ گۆڕانخوازانو هەڵسوڕاوان
كۆبونەتەوە، ئامانجی ئەم كۆبونەوانە چیە؟
عەدنان عوسمان: سەرەتا پلانێكی ترمان هەبوە،
بەنیازبوین سەردانی مەكۆكان بكەینو لەگەڵ هەڵسوڕاوەكاندا دابنیشینو گفتوگۆیان
لەگەڵ بكەین، گوێ لە داواكارییو تێبینیەكانیان بگرین، دواتر ئەو پلانەمان گۆڕی بۆ
ئەوەی خۆمان سەردانیان بكەینو باسی گۆڕینی خانەو ستراتیژی نوێی خانەو پلانی
ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان بكەین، دوای ئەم قۆناغە جارێكی تر دەستدەكەین بە ئامانجە
سەرەكییەكەی خۆمان، كە گوێگرتنە لە گۆڕانخوازانو سەردانی شارەكانو یان
میوانداریكردنیانە بۆ گردەكە، بۆ ئەوەی بزانین كێشەو رەخنەو پێشنیازەكانیان چیە
بۆ ئەوەی بە هەمومانەوە بزانین میكانیزمی گونجاو بكەینەوە بۆ چارەسەری كێشەكان.
*واتە ئەو كۆبونەوانەی كراون
دەرئەنجامێكی وایان نەبوە؟
عەدنان عوسمان: ئەو
كۆبونەوانەی كراون لەسەرەتاوە بەرنامەكەی وادانرابو ئەندامانی خانە سیاسەتی خۆیانو
بەشەكانی خۆیان بۆ گۆڕانخوازان باس بكەن، زیاتر مەنەلۆگ بو نەك دیالۆگ، لە هەندێك
شوێندا گفتوگۆ كرا، بەڵام هەر گرنگبون دەرفەتێكی باشبو بۆ ئەوەی هەڵسوڕاوان هەمویان
یەكتر ببینو ئێمەش بیانبینین، بەڵام هەنگاوە گرنگەكەمان گفتوگۆیە لەگەڵ هەڵسوڕاوەكان.
*لەماوەی رابردودا رەخنەی زۆر لە
خانەی راپەڕاندنو سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان گیراوە، لەمڕوەوە هیچتان لە
گۆڕانخوازان بیست؟
عەدنان عوسمان: رەخنەكان لە فەیسبوك دەبینینو لە وتارەكاندا
دەخوێنینەوە، هەڵسوڕاوەكان نامەی تایبەتی دەنێرن، خۆشمان پێشتر ئاگاداری رەخنەكان
بوین، رەخنەكان دەزانینو بەردەوامیشن، لە كۆبونەوەكانو یەكتربینینە لابەلاكانیش
تێبینیەكان زۆربون لەسەر ئەدای بزوتنەوەكە، هیوایەكی زۆرتریش هەبو لەوەی گۆڕانكاری
گەورە لەناو بزوتنەوەكە روبدات.
*هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازێكی زۆر لە
ماڵەوەن هیچ هەوڵێكی نێوەندگیری یان پەیوەندییەك هەیە بۆ هێنانەوەیان؟
عەدنان عوسمان: ئەوانەی رۆیشتونەتە ماڵەوە دو
بەشن، واتە دوركەوتونەتەوە لە ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە جا لە ئۆرگانە سەرەكییەكان
بێت یان مەكۆو بازنەكان، بەشێكی پەیوەستە بە گوتاری بزوتنەوەكەوە، ئەوان گلەیی
ئەوەیان هەیە كە گۆڕان سست بوەو ئەدای لاواز بوەو حزوری لەناو كۆمەڵگە لاواز بوەو
خاو بوەتەوە، ئەو گۆڕانەی جاران كاریان تێدا دەكردو لە هەمو روداوەكاندا حزوری
هەبو، ئێستا ئەو گۆڕانە نابینن، ئەمان دڵیان هەر لای گۆڕانەو خۆیان لەناو
بزوتنەوەكە دەبیننەوە، بەڵام رەنگە ئێستا رەخنەیان لە سەركردایەتیەكەیو گوتارەكەی
هەبێت، ئێستا لەسەركردایەتیەكە گۆڕانێكمان كردوە، گۆڕانكاری دوەممان بەدەستەوەیە
ئەویش گۆڕینی جڤاتە، ئینجا رێكخستنەوەی ژورەكان پێنج شەش ژورمان هەیە پێویستیان بە
پڕكردنەوەیە، بەشی دوەمیش پەیوەستە بە گوتارەكەوە، بەنیازین وابكەین جارێكی تر
گۆڕان لە هەمو كایەكاندا حزورو گوتاری هەبێت.
بەشەكەیان تریان پەیوەستە
بە بڕیاری سیاسی خۆیانەوە، خەڵكانێك كە بڕیاریان داوە گۆڕان نەبن یان هەر سیاسەتە
نەكاتو یان لە شوێنی تر بیكات، ئەمانە دەبێت رێز لە بڕیارو ئیرادەیان بگیرێت، من
پێمخۆشە هەمویان جارێكی تر لەناو گۆڕاندا كار بكەن، هەرچی تێڕوانینێكمان هەیە بۆ
گۆڕان پێكەوە كاری لەسەر بكەین، بەشبەخاڵی خۆمو برادەرەكانیشم پێمانخۆشە شێوازێك
بدۆزینەوە پێكەوە لەگەڵ ئەو ئازیزانە كار بكەینەوە، بەڵام لە هەمو حاڵەتەكاندا رێز
لە ئیرادەیان دەگرین.
*واتە هیچ هەوڵێكی كردەیی نیە؟
عەدنان عوسمان: هەوڵەكان بەردەوامن، هەوڵی شەخسیو دەستەجەمعیی
هەیە، لە هەمو رویەكەوە هەوڵەكان دەستیپێكردوە، تۆ سەیر بكە لە 2009ەوە كۆمەڵێك
كەسایەتی گرنگمان هەبو رۆڵی گەورەیان هەبو لەسەر پێخستنی بزوتنەوەی گۆڕانو لە
كەمپینەكانی هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا نایانبینین ئەمانە هەر گۆڕانن، بەڵام لە
ئۆرگانەكاندا حزوریان نیەو گەمتر دێنە گردەكە، پێویستە نزیك بینەوە لەو جیلەی ئەم
بزوتنەوەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، قۆناغ بە قۆناغ دەبێت كاریان لەسەر بكرێت.
*مەسەلەی رێكخستنەوەی ژورەكان
بەكوێ گەیشتوە؟
عەدنان عوسمان: خەریكین،
لە كۆبونەوەی داهاتوی جڤاتدا هەوڵدەدەین بەشێكی زۆری ژورەكان پڕبكەینەوە.
*میكانیزمەكەی چۆن دەبێت؟
عەدنان عوسمان: میكانیزمەكەی
لە دەستوری گۆڕاندا دانراوە، هەر كەسێك بیەوێت دەتوانێت خۆی داوای بكات، دەتوانێت
ببێتە ئەندام یان رێكخەری ژور، دەمانەوێت رەچاوی رێژەیەكی زۆری ژنان بكەین لە ژورەكان،
نیەتمان هەیە لە ژورەكاندا رێژەی ژنان لە سەدا 20 كەمتر نەبێت، بەهیوای ئەوەین
حزوری ژنان لە ئۆرگانەكان بەتایبەت ژورەكان بەهێز بێت، ماوەیەكە هەست دەكرێت ژنان
دوركەوتنەتەوە لە ئۆرگانەكانی گۆڕان.
*كادیری پێویست و شایستەتان هەیە
بۆ پڕكردنەوەی ژورەكان؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ
هەڵسوڕاوی باشمان هەیە، ئێمە لە سێ خولدا پەرلەمانتارمان هەیە لە بەغداو لە
هەرێمو لە ئەنجومەنی پارێزگاكان خەڵكمان هەبوە، كەسایەتی گرنگ هەن ساڵانێكە لە ژورەكان
ئیشیان كردوە.
*جگە لەمە بەرنامەی ترتان هەیە بۆ
رێكخستنەوەو بەهێزكردنەوەی گۆڕان؟
عەدنان عوسمان: بەڵێ ئێستا كار لەسەر هەندێك
شتی ئەساسی دەكەین، بۆ نمونە یەكێك لە پرسە گرنگەكان كاركردن لەسەر گەنجان، ئێمە
هەست دەكەین گەنجان ئەو هیوایەی جارانیان بە گۆڕان نەماوەن بزوتنەوەكەی ئێمە كە
دروست بو كاری لەسەر ئایندە دەكرد نەك رابردو، پلانی بۆ ئایندە هەبو، ئێستا جۆرێك
لە خاوی هەیەو كار لەسەر ئەوە دەكەین بۆردی گەنجان دروست بكەین لەسەرانسەری
هەرێمی كوردستانداو رایەڵەكانی گەنجانو خوێندكاران بەهێزتربكەینو حزورێكی
گەورەیان هەبێت لە جڤاتو بڕیارەكانی گۆڕان، ئەمە یەكێكە لە ستراتیژەكانمانو كاری
لەسەر دەكەین، ستراتیژێكی تر بەهێزكردنی نوخبەی رۆشنبیرو رۆژنامەنوسو
مامۆستایانی زانكۆیە لەناو گۆڕاندا، یانی مامۆستایانی زانكۆو رۆشنبیرانو
رۆژنامەنوسان پێشتر هەوێنێكی گەورەبون لە ناو گۆڕاندا، جاران پێگەیەكی بەهێزمان
لەناوەندی رۆشنبیریو ئەكادیمیدا هەبو، هەست ئەكەین ئەو پێگەیە كەمێك پاشەكشەی كردوە
ئێمە پێشنیازێكمان هەیە بۆ دروستكردنی ژوری خوێندنو پەروەردە لەناو گۆڕاندا بۆ
ئەوەی مامۆستایانو مامۆستایانی زانكۆو نوخبەی رۆشنبیرو خوێنەوار ژورێكی خۆیان
هەبێتو رۆڵی گەورەو كاریگەریان هەبێت، ژورێكی تر كە كاری بۆ دەكەین ژوری
گەشەپێدانی مرۆییە، ئەم ژورە بەنیسبەت ئێمە زۆر گرنگە، كاری لەسەر دەكەینو
هەوڵدەدەین لە ئایندەیەكی نزیكدا دروستی دەكەین.
*جاران خەڵكێكی زۆر دەنگی بۆ
گۆڕان بو بەڵام كادیر نەبو، هەوڵ هەیە بگەڕێنەوە بۆ ئەو قۆناغە؟
عەدنان عوسمان: ئەوە
بەنیسبەت ئێمەوە زۆر گرنگە، ئێستا دو شت دەكەین یەكێكیان ئەوەیە ئۆرگانە حزبیەكان
بەهێزتر بكەینو رۆڵی هەڵسوڕاو و پشتیوانەكان بەهێزتر بكەین، نەك تەنیا بۆ كاتی
هەڵبژاردن بەڵكو دەمانەوێت ئامادەییان هەبێت لە بڕیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا،
دەبێت میكانیزمێك بدۆزینەوە بۆ ئەو هەڵسوڕاو گۆڕانخوازانەی كە نایانەوێت لە
ئۆرگانەكان كار بكەن، بۆ ئەوەی حزوریان هەبێت لە بڕیارو ستراتیژەكانی بزوتنەوەكە.
سەرچاوە: رۆژنامەى زەمەن