گۆڕان؛ ئەو هێزەی دڵۆپێك خوێنی رۆڵەیەكی نیشتیمان بە هەمو سامانی پارتی و یەكێتی ناگۆڕێتەوە

20/09/2018

پارتی و یەكێتی بە دەیانجار گۆڕانیان بەوە تۆمەتبار كردوە
كە ئاسایش و ئارامی كۆمەڵایەتیی تێكداوە، خۆشیان منەت بەسەر خەڵكدا دەكەن و دەڵێن
ئارامی هەرێمی كوردستانیان پاراستوە، بەڵام با بیرێك لەوە بكەینەوە كێ ئاشتیخوازە
و لە خەمی ئارامی كۆمەڵایەتییدایە و كێش شەڕفرۆشە و ئارامی كۆمەڵایەتیی تێكداوە؟

ساڵی (2009) نەوشیروان مستەفا و هاوڕێكانی بزوتنەوەی گۆڕانیان
لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراند، كە دەبێت لە كوردستان ململانێی سیاسیی لە قۆناغی شەڕو
توندتیژییەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی، ئەمەش بۆ ئەوەی چیتر
لەپێناوی یەكلایی كردنەوەی ململانێ سیاسیدا خوێن لە لوتی یەك رۆڵەی ئەم نیشتمانە نەیەت،
تا ئێستاش گۆڕان باوەڕی قوڵی بەوە هەیە دڵۆپێك خوێنی رۆڵەیەكی ئەم نیشتمانە، جا
پارتی بێت یان یەكێتی، یان هەر حیزبێكی دیكە ناگۆڕێتەوە بە هەمو ئەو سەروەت و
سامانەی كە بەرپرسانی دو حیزبی دەسەڵات دەستیان بەسەرداگرتوە.

هەر لەپێناو ئاشتی و ئارامی سیاسییدا هەر حیزبێك هەنگاوێك
لە گۆڕان نزیك بوبێتەوە، ئەوا گۆڕان دو هەنگاو چوەتە پێشەوە، ساڵی (2014) كاتێك
پارتی بەڵێنیدا، كە پرۆژە چاكسازییەكەی گۆڕان لە كابینەی هەشتەمدا جێبەجێ بكات، ئەوا
گۆڕان لە پێناو چوار ساڵ ئارامیدا دو هەنگاو لە پارتی نزیك بوەوە، بەڵام تەنیا دوای
ساڵێك ئەوە پارتی بو بەڵێنەكەی نەبردەسەر، پارتی بو كە ئامادە بو لە پێناو كورسییەكدا
ئاسایش و ئارامی ئەم وڵاتە تێكبدات.

ساڵی (2015)ش ئەوە گۆڕان بو مەترسی تێكچونی ئارامی و هەڵگیرسانەوەی
شەڕی ناوخۆ و دو ئیدارەیی رەواندەوە، ئاخر لەو كاتەدا پارتی و یەكێتی لەسەر چۆنیەتی
دابەشكردنی داهاتی نەوت ناكۆكی قوڵیان هەبو و هیچ كامیشیان باكیان بەوە نەبو جارێكی
دیكە لەپێناو پارە و كورسیدا بگەڕێنەوە بۆ قۆناغی شەڕی ناوخۆ.

لە ساڵی (2016)دا كە بارگرژییەكی سیاسیی زۆر باڵی بەسەر هەرێمدا
كێشابو، گۆڕان بۆ رەواندنەوەی هەرجۆرە مەترسییەك رێككەوتنی سیاسیی لەگەڵ یەكێتیدا
كرد، بەڵام دیسانەكە ئەوە یەكێتی بو كە لە بەرامبەر سازشكردنی پارتی بۆ دابەشكردنی
داهاتی نەوت، یەك خاڵی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكرد و گەڕایەوە باوەشی پارتی.

گۆڕان كە دەڵێت، با چاكسازیی لە سیستمی سیاسی و ئابوریدا
بكەین، بۆ ئەوەیە ژیانێكی خۆشگوزەران و ئارام بۆ هەمو هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە گەرەنتی
بكرێت، چونكە گەندەڵی و نا عەدالەتی لەهەر وڵاتێكدا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر
ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

بەڵام پارتی و یەكێتی، كە نایەنەوێت چاكسازی بكرێت لە بەر
ئەوەیە نانەكەیان لە شەڕ و ئاژاوە و ناسەقامگیریدایە، ئاخر دەزانن لە سەقامگیری و
ئارامیدا ناتوانن نەوت بدزن، دەزانن لە ئارامی و سەقامگیریدا ناتوانن بەرژەوەندی ئەو
وڵاتە بیانیانە دابین بكەن، كە دەسەڵاتە گەندەڵەكەیان دەپارێزن، بەڵێ لە سەقامگیری
و ئاشتیدا پارتی و یەكێتی ناتوانن بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەی دابین بكەن كە هەرێمیان
كردوەتە گۆڕەپانێك بۆ تەراتێنی دەزگا سیخوڕییەكانیان.


هەواڵی زیاتر