برزۆ مەجید: بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی کەمئەندامان ناکەین
01/12/2019
کەمئەندامان
سەردانی ئارامگەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەکەن و داوا دەکەن وەک چۆن ئەو
سەرکردەیە پاڵپشت و هاوکاری بەردەوامی چینی هەژار و کەمئەندامان بوە، بەهەمان شێوەش
نوێنەرانی گۆڕان لە حکومەت لە خزمەتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا بن،
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی گۆڕانیش دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی کەمئەندامان ناکەن.
ئەمڕۆ
یەکشەممە، بەبۆنەی رۆژی جیهانی کەمئەندامانەوە، ژمارەیەک لە خاوەن پێداویستییە
تایبەتەکان سەردانی ئارامگەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفایان کرد و لە لێدوانێکیشدا
سامان حسێن، سەرۆکی لقی سلێمانی رێکخراوی کەمئەندامان رایگەیاند؛ وەک چۆن لە
رابردودا رەوانشاد نەوشیروان مستەفا پاڵپشت و خەمخۆری چین هەژاران و خاوەن
پێداویستییە تایبەتەکان بوە، پێویستە نوێنەرانی گۆڕانیش لە حکومەت لەسەر هەمان
بەرنامە و رێبازی نەوشیروان مستەفا بن.
وتیشی: چینی کەمئەندامان لەماوەی رابردودا پشتگوێ خرابون، بۆیە لەم کابینەیەدا
شایستەی ئەوەن کە گرنگی تایبەتیان پێبدرێت و لەگەڵ خەم و ئازاری کەمئەنداماندا بن.
لای
خۆیەوە، چیا نەوشیروان مستەفا پشتیوانی خۆی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
دوپات کردەوە و جەختی کردەوە لەوەی کە گۆڕان پشتئەستورە بە پشتیوانی خەڵک بۆیە
دەستبەردارى داواکارییەکانیان نابێت و بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتییان.
برزۆ مەجید، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد، کە تیمی
گۆڕان لە حکومەت خزمەتکاری هاوڵاتیان دەبن و جەخت دەکەنەوە لەسەر پشتیوانیکردن و
بە دەمەوەچونی کێشەکانی خەڵک.
رونیکردەوە،
لە هەفتەی داهاتودا لە کۆبونەوەی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ وەزیرەکانی گۆڕان، لە
رێگەی وەزیری کارو و کاروباری کۆمەڵایەتی جەخت
لەسەر پشتیوانی و هاوکاریکردنی زیاتری کەمئەندامان دەکەنەوە.
سلێمانی - بڕیار نامیق