گۆڕان و پارتی کۆدەبنەوە

17/12/2019

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە وەفدی باڵای پارتی و گۆڕان لە پیرمام کۆدەبنەوە.

پەیامنێرمان لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە رایگەیاند: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، وەفدی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سیاسی و پێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو لایەن.

جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندن و سەرۆکی وەفدی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند: کۆبونەوەی ئەمڕۆ لەسەر چەند پرسێکە، یەکێک لەوانە پرسی رێککەوتنی سیاسی نێوانمان، کە ماوە ماوە کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی چاودێریی بکەین و بزانین لەکوێ رێککەوتنەکە وەکخۆی جێبەجێ نابێت و سستە، تا گفتوگۆی لەبارەوە بکەین و چارەسەری بکەین، بەتایبەت لە پرسی بەرنامە و کارنامەی کابینەی نوێی حکومەت و پرسی چاکسازیی کە لەئێستادا هەنگاوی یەکەمی ئەو پرسە بەناردنی پڕۆژە یاسای چاکسازیی بۆ پەرلەمان دەستی پێکردەوە.

وتیشی :"لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە بەگشتی دەکەین".

بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک دو لایەنی سەرەکیی رێککەوتنێکی سیاسییان ئیمزاکردوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و چوار ساڵی داهاتوی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.

سلێمانی/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر