وەزیری‌ ئاوەدانکردنەوە: لە سێ مانگدا (79) پڕۆژەی رێگاوبان تەواو کراون

23/12/2019


وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم رایدەگەیەنێت: لەماوەی سێ مانگدا (79) پڕۆژەی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە كۆتاییان هاتوە و (10) پرۆژەی دیکەش لە پارێزگای هەڵەبجە دەكەوێتە بواری‌ جێبەجێكردنەوە.

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو پڕۆسەیەی كە لە مانگی نۆی ئەمساڵ بانگەشەمان بۆ كرد تایبەت بە نۆژەنكردنەوەی رێگا و بانەكان، ئەمڕۆ كۆتایی هات و بەتەواوی سەركەوتو بو، لە کۆی‌ (89) پرۆژە (79) پڕۆژەیان تەواو بوە و (10) پڕۆژەی‌ دیکەش لە پارێزگای هەڵەبجە كاریان تێدا دەکرێت.

وتیشی :"ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بە بڕی (43) ملیار دینار جێبەجێی كردوە و سەركەوتنی پڕۆژەكانیش سەركەوتنی كارەكانی حكومەتە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئەوەیخستەڕو کە؛ ئەگەر بەم پرۆسەیەی هەیە بەوشێوەیە بەردەوام بین تا ساڵی (2022) تەواوی رێگاكانی هەرێمی كوردستان نۆژەن دەكرێنەوە، بەڵام دەبێ چاككردنەوە وەك پرۆسەیەكی بەردەوام بونی هەبێ، بۆ ئەوەی سەلامەتی هاوڵاتیان دەستەبەربێت و رێگاکانیش تێک نەچن و خراپ نەبن.

لەبارەی پڕۆژەی دوسایدی رێگای هەولێر- كۆیە، وەزیری ئاوەدانكردنەوە رایگەیاند: ئێستا دەرخستەی پێویست بۆ تەواوكردنی رێگاكە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و لە هەوڵدان لە ساڵی (2020) پارەی پێویستی بۆ تەرخان بكەن.

هەولێر/ هەژار ئەنوەر


هەواڵی زیاتر