وەزیری دارایی: لەسەر پرسی نەوت و بودجە و قەرزەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا گەیشتینە رێککەوتن

31/12/2019

وەزیری دارایی رایگەیاند: لەسەر پرسی بودجە و نەوت و قەرزەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گەیشتوینەتە رێککەوتن، ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی عێراقدایە.

ئاوات شێخ جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری و سەرۆکی شاندی دانوستانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق، ناوەڕۆکی گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئاشکرا کرا و رایگەیاند: بۆ سێ پرسی سەرەکیی گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی کردوە، ئەوانیش نەوت، بودجە و قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستانە.

وتیشی :"لەسەر پرسی نەوت گەیشتوینەتە رێککەوتن، رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکەین، کە داهاتەکەی بۆ حکومەتی عێراق دەبێت".

ئاماژەی بەوەکرد؛ لەسەر پرسی بودجەش گەیشتنە رێککەوتن، بەشێک لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دابین بکەین، لەسەر پرسی قەرزەکانیش گەیشتینە داڕشتنەوەیەکی هاوبەش، ئەویش بە چاودێریی دیوانی چاودێریی هەرێم و بەغدا، ژمارەی راستیی قەرزەکانی دیاری بکەین و پێداچونەوەی وردی بۆ بکرێت، بە مەبەستی دانەوەی قەرزەکان.

وەزیری دارایی رایگەیاند: ئەو بودجەیەی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2019) دانرابو، بڕەکەی (9.7) ترلیۆن دینار بو، بەڵام هەرێمی کوردستان تەنها سودی لە (452) ملیار دیناری مانگانە بینیوە.

ئاوات شێخ جەناب ئاشکرای کرد؛ ئەمساڵ وەفدی دانوستانی هەرێم سەرکەوتو بو لەوەی ژمارەکە بەرزبکاتەوە، موچەی فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە و خانەنیشین مسۆگەر بکات، ئەگەر ئەو رێککەوتنە وەکخۆی لە بودجە پەسەند بکرێت، ئەوا کێشەی موچەی فەرمانبەران (90%) چارەسەر دەبێت.

وتیشی:"ئێمە بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کردوە، لەئێستا بەدواوە کاری ئێمە وەکو دەستەی دانوستان لەسەر بودجە تەواو بوە، تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی عێراقە، بەتایبەتی ئەرکی نوێنەرانی کوردە لە پەرلەمانی عێراق، بەرپرسیارێتی ئەندامە کوردەکانی پەرلەمانی عێراقە وەک تیمەکەی حکومەت داکۆکی لە شایستە داراییەکان بکەن".

لەبارەی چارەنوسی موچە پاشەکەوتکراوەکانیش، ئاوات شێخ جەناب وتی :"حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری هەمو ئەو موچانەیە، کە کۆی گشتی هەشت موچەی تەواوی فەرمانبەران و (12) موچەی خانەنیشیانە و لە بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بیداتەوە".


هەواڵی زیاتر