وەزیری بازرگانی: نابێت نەوت تاکە سەرچاوەى داهات بێت

13/01/2020

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى رایدەگەیەنێت: ئەگەر کەرتى پیشەسازى لە هەرێم پێشکەوتو بێت، دەتوانێت بە شێوەیەک هاوکارى خەڵک بکات کە بارگرانیی لەسەر شانى حکومەت و گەرتى گشتی بە رێژەیەکى بەرچاو کەمببێتەوە.
ئەمڕۆ دوشەممە، کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسی پەرەپێدانى پیشەسازى لە هەرێمى کوردستاندا رایگەیاند: لە ساڵى رابردودا (98) کارگە لە هەرێمى کوردستان دروستکراوە کە داهاتەکەى گەیشتوەتە (142) ملیۆن دۆلار و لەو رێگەیەوە هەلى کار بۆ زیاتر لە (2500) کەس دابینکراوە، ئەوەش بوەتە هۆى بەرزبونەوەى بەرهەمى خۆماڵى لە کوردستاندا.
وتیشى :"رۆڵى ئەم کەرتە لە دابینکردنى بەرهەمى خۆماڵى بە کوالێتى بەرز وایکردوە هاوڵاتیانى هەرێم بۆ بەدەستهێنانى پێویستییەکانیان پشت نەبەستن بە بەرهەمى دەرەوە و توانراوە بەرهەم بگەیەندرێتە ئاستى خۆبژێوى و تەنانەت بەشێکی هەناردەى دەرەوەش بکرێت. 
وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى ئاماژەى بۆ ئەوەکرد؛ لەئێستادا هەرێمى کوردستان سەرچاوەى سەرەکى بەدەستێنانى داهاتى ناوخۆیى نەوتە و هەر وڵاتێکیش پشت بە نەوت ببەستێت وەک سەرچاوەى داهات ئەوا توشى گەندەڵى و سیستمى حوکمڕانى ناتەندروست دەبێتىەوە، بۆیە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم نەخشەرێگایەکیان داناوە کە هەوڵبدرێت هەمو کەرتەکان بکرێنە سەرچاوەى داهات و چیتر نەوت وەک تاکە سەرچاوەى داهات تەماشا نەکرێت.
هەروەها باسى لە گرنگى رۆڵى زانکۆکان کرد و وتی :" زانکۆکان لە هەمو وڵاتێکدا زۆر گرنگن بۆ بەرەوپێشبردنى وڵات لەرێگەى ئەنجامدانى توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و پێدانى زانیارى، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین مامۆستاى زانکۆ بەشداربون تا بتوانن بەپێى ئەزمونى خۆیان لە بوارەکەیاندا هاوکاربن لە پەرەپێدانى کەرتەکانى دیکەدا لە هەرێمى کوردستان".


هەواڵی زیاتر