دوای هەشت ساڵ ناوی کەمئەندامی نوێ تۆمار دەکرێت
19/01/2020
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت؛ هەڵسەنگاندن و بەدواداچونی بەردەوام بۆ کاری دایەنگەکان رێگر دەبێت لە هەر کارێکی نەخوازراو، ئاشکراشی دەکات کە تۆمارکردنی کەمئەندامی نوێ دەستپێدەکاتەوە کە لە ساڵی (2012)ەوە ئەو پڕۆسەیە راگیراوە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دوای بەخشینی ئەنجامی هەڵسەنگاندنی دایەنگە حکومی و نا حکومیەکان لە سلێمانی، لەبارەی پێویستی ئەو پڕۆسەیەوە رایگهیاند:"پڕۆسەی هەڵسەنگاندن پڕۆسەیەکی گرنگە و بواری کێبڕکێ دەڕەخسێنێت بۆ کاری باشتر و رێگر دەبێت لە هەر کارێکی نەخوازراو لەناو دایەنگا و تەواوی کەرتەکاندا، چونکە ئەم کارە لەرێگەی لیژانەوە کراوە کە سەردانی مەیدانیان کردوە و فۆرمیان دروستکردوە و لەسەر کۆمەڵێک بنەما ئەم هەڵسەنگاندانە کراوە، جگە لەوەش ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هەڵسەنگاندن و بەخۆداچونەوە بۆ کارەکانی ئێمەش بۆئەوەی ئەگەر گۆڕانکارییەک پێویست بێت ئەنجامی بدەین".
سەبارەت بە ناونوسکردنی نوێی کەمئەندامان کە داواکارییەکی ئەو توێژەیە، کوێستان محەمەد رایگهیاند؛ دو مانگ لەمەوبەر راپۆرتێکیان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردوە بۆ ئەوەی رێگایان بدەن کەمئەندامی نوێ ناونوس بکەن،
بەوپێیەی لە ساڵی (2012)ەوە هیچ کەمئەندامێکی نوێ تۆمارنەکراوە.
وتیشی:"دواتر بوە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کە لیژنەیەکی باڵا لە وەزیری دارایی و تەندروستی و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی پێکبهێنرێت بۆ ئەو مەبەستە، ئەم لیژنە باڵایە راپۆرتێکی دیکە بە ئامار و زانیاری نوێ ئامادە دەکات و دەیخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تا رەزامەندی بدرێت لەسەر تۆمارکردنی کەمئەندامی نوێ".