كوێستان محەمەد: خەونێکی گەورەم ئەوەیە كرێكار نەمابێت دەستەبەر نەكرابێت چونکە بەوە گرەنتی خانەنشینبوونی دەکرێت
26/01/2020
كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، رایگەیاند چوار هەزارو 500 كەس لە چاكسازییەكانی گەوران زیندانی كراونو كێشەی شوێنیان هەیەو ناتوانرێت بە باشی چاكسازییان تێدا بكرێت.
كوێستان محەمەد، لەم چاوپێكەوتنەی “زەمەن”دا قسە لەسەر ئەو كارانە دەكات لە ماوەی دەستبەكاربوونیدا كردونی، وەك رێكخستنەوەی دەوامو جیاكردنەوەی تاوانباران لە گرتوخانەكانو رێكخستنەوەی موچەی كەمئەندامانو دەركردنی چەندین بڕیارو رێنمایی نوێ.
زەمەن: لەو ماوەیەی دەستبەكاربوون، كۆمەڵێك بڕیارو رێنماییتان دەركردووە، دەتوانیت بەكورتی باسی هەندێكیان بكەیت؟
كوێستان محەمەد: دەمەوێت لە یاساكانەوە دەستپێبكەم، یاسای كارمان ئامادەكردووەو ناردومانە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانو لەوێشەوە نێردراوە بۆ ئەنجومەنی شورا، ئێستا لەبەردەستی ئەواندایە، یاساكە زۆر گرنگە بۆ هەموو ئەو كرێكارانەی لە كەرتی تایبەتن هاوتای ئەوانەی كە لە كەرتی گشتی كاردەكەن، پرۆژەی هەمواری یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتیمان ئامادەكردووە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەینێرینە ئەنجومەنی وەزیران، بەپێی پرۆژەكە هەموو كرێكاران كە لە كەرتی تایبەتدا كار دەكەن دەتوانن خانەنشین ببن، هەمواری یاسای كەمئەندامانمان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی ئەركو پێداویستیەكانیان بەپێی ئەم قۆناغە جێبەجێ بكرێت، هەروەها لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ ئامادەكردنی یاسای جێگرەوە، بۆ ئەوەی كەسێك كە تاوانێكی سوك دەكات لەجیاتی ئەوەی زیندانی بكرێت ئەركێكی بەسەردا بدرێت، ئەمە زیاتر بۆ نەوجەوانان دەبێت، من چومەتە خانەی نەوجەوانان منداڵی وا هەبوو لەسەر بردنی قوتویەك بیبسی چەند مانگێك زیندانیكراوە.
هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونمانەوە لیژنەیەكمان بۆ پێداچوونەوەی سەرجەم رێنماییەكان پێكهێناوە، چونكە رێنماییەكان زۆربەیان كەموكورتیان هەیە، هەندێكیان تەواوبوونو لەبەردەم ئەنجومەنی شورادان.
رێنمایی مۆڵەتی زیندانیمان هەموار كردووەتەوەو ئێستا لە بواری جێبەجێكردندایە، مەرجەكانی مۆڵەتپێدانی زیندانیانمان توند كردووە، بۆ ئەوەی هەر زیندانیەك بە مۆڵەت چووە دەرەوە رانەكاتو بگەڕێتەوە، هەروەها چەند بنكەو بەشمان بۆ خزمەتی چینو توێژەكان كردووەتەوە.
زەمەن: ئێستا چەند چین سودمەندن لەم وەزارەتەی ئێوە؟
كوێستان محەمەد: دیارە وەزارەتەكەمان دوو بەشی گرنگی هەیە، بەڕێوەبەرایەتی كارو دەستەبەری كۆمەڵایەتیو بەڕێوەبەرایەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، لەوەی یەكەمیان ژمارەیەك چین سودمەندن لەوانە كرێكاران كە بەپێی هەمواری یاسای كارو دەستەبەری كۆمەڵایەتی وادەكات كرێكاران، كە لە مامۆستایەكی زانكۆوە كە لە زانكۆیەكی ئەهلی وانە دەڵێتەوە تا دەگاتە پاككەرەوەیەك ئەمانە هەموویان بە كرێكار ناویان دەبرێت و هەموویان لە یاساكە سودمەند دەبن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی پیشەییمان هەیەو بە سەدان گەنج خولی پیشەیی دەبینن، بەڕێوەبەرایەتی كاریشمان هەیە ئەو كەسانە تۆماردەكات كە بە دوای كاردا دەگەڕێنو لیژنەیەكیشیان هەیە رۆژانە بە مۆڵو كارگەكاندا دەگەڕێن بزانن چەندە پێویستیان بە كرێكارە.
لە چاودێری كۆمەڵایەتیش نزیكەی 105 هەزار كەمئەندام موچە وەردەگرن، پێشتر 80 هەزار خێزان تۆڕی پاراستنی خێزان گرتونیەتیەوە كە پێكهاتوون لە ژنو پیاوی بێ هاوسەر، هەروەها خێزانی زیندانیەكانو خوێندكارێك هاوسەرگیری كردبێت، دیارە ئەمە بەهۆی قەیرانی داراییو بوونی گەندەڵیەكی زۆر راگیراوە، ئێمە ئێستا ئیش لەسەر ئەوە دەكەین سیستمێكی تازە ئامادە بكەین، بۆ ئەوەی پرۆسەكە شەفاف بێو گەندەڵ نەبێو ئەو كەسانە بگرێتەوە كە بە فیعلی شایستەن، لە قۆناغی ئامادەكردنی سیستمەكەداین هەر كاتێك تەواوبووین دەیدەینە ئەنجومەنی وەزیران دوای پەسەندكردنی دەست بە تۆماركردنی خەڵك دەكەین.
هەروەها ئەو ژنانەی هەڕەشەی توندوتیژییان لەسەرە لە شێڵتەرەكانی گەرمیانو سلێمانیو هەولێرو دهۆك دەیانپارێزین، لە خانەكانی بەساڵاچوانیش چەندین كەس سودمەندن.
خانەی نەوجەوانانمان هەیە لە سلێمانیو هەولێرو دهۆك، ئەو منداڵانەیان تێدایە كە دایكو باوكیان نیەو یاخود دایكو باوكیان كێشەیان هەیە، جگە لەوەش چاكسازی گەورانمان هەیە.
زەمەن: لەم رۆژانەدا دیدارێكتان لەگەڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە هەبوو، هەر دیدارێكی ئاسایی بوو یان پەیوەندی بە پرۆژەی هاوبەشەوە هەبووە؟
كوێستان محەمەد: پێشتر لە خانەكان ئەوەی تەمەنی گەیشتوەتە 18 ساڵ بەبێ ئەوەی كە لانەیەكی هەبێتو یاخود سەرپەرشتیكارێكی هەبێت چووەتە دەرەوە، داوامان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كردووە چەند یەكەیەكمان بدەنێ لە سلێمانیو هەولێرو دهۆك بۆ ئەو كچو كوڕانەی كە خانەكان بەجێدەهێڵن، ئەم یەكانە موڵكی وەزارەتی كار دەبن، كاتێك ئەو كوڕو كچانە ئیشیان دەستكەوتو توانیان پشت بە خۆیان ببەستن لێیان وەردەگیرێتەوەو دەدرێت بە كەسێكی تر، خۆشبەختانە وەزیری ئاوەدانكردنەوە رەزامەندی دەربڕیوە.
زەمەن: سەردانی چاكسازی گەورانت كردووە، ئێستا چەند كەس لە چاكسازییەكاندان؟
كوێستان محەمەد: خۆی بیناكانی چاكسازی گەورانی سلێمانیو هەولێرو دهۆك تازە دروستكراون، ئەوەی سلێمانی بۆ 900 كەس دروستكراوە ئێستا نزیكەی هەزارو 200 كەسیان تێدایە، لە هەولێر زیاتر لە هەزارو 500 زیندانی تێدایەو ئەوەی دهۆكیش هەزارو 800 كەس هەیە، ئەم رێژەیەش گۆڕانی بەسەردا دێت.
ئەم رێژە زۆرە بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە نەتوانین چاكسازی لە گیراوەكاندا بكەین، هەروەها بیناكانی چاكسازی نەوجەوانانو ژنانیش زۆر كۆننو ژمارەیەك زۆر سزادراوی تێدایە هۆڵ هەیە جێگەی شەش كەسی تێدا دەبێتەوە 17 كەسی تێدایە، خۆشبەختانە لە پرۆژەكانی 2020 چاكسازی ژنانی هەولێرو سلێمانی خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیەی هەمانە دەست بە جێبەجێكردنی بكەین.
زەمەن: دەوترێت بەشێك لەوانەی لە چاكسازییەكاندا، دووەمو سێیەم جاریانە دەگیرێنەوە ئەمە مانای ئەوە نیە چاكسازی وەرناگرن؟
كوێستان محەمەد: بەڵێ وایە، هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو شوێنانە لەئەساسدا بۆ 900 كەس دروستكراوە دوو ئەوەندەی خەڵكیان تێدایەو ناتوانرێت شیاندنیان بۆ بكرێت، هەفتانە سیمینار هەیە بۆ ئەوانەی مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنن لەڕێگەی توێژەرەكانەوە توانیومانە ژمارەیەكی زۆر ئالودەبوو چاك بكەینەوە، ئێمە بەردەوامین، بەڵام پێویستمان بە هاوكاری مادیو بینا هەیە، چاكسازییەكان پارەی كەمیان لەبەردەستدایەو كێشەی كەمی سەیارەو پاسەوانمان هەیە، ئەو كەموكوڕییانە دەستی ئێمەیان گرتووە بەڵام كۆڵنادەینو بەردەوامین لەسەر كارەكانمان بۆ ئەوەی بتوانین شیاندن بۆ ئەو كەسانە بكەینەوە جارێكی تر بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگا.
زەمەن: باس لەوە دەكرێت خەڵك هەیە لە ناو چاكسازییەكاندا فێری بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەبێت، ئێوە چیتان كردووە بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات؟
كوێستان محەمەد: بەڵێ لە رابردوودا زیندانیەكان تێكەڵبوون، بازرگانی مادەی هۆشبەرو بەكارهێنەر لەگەڵ كەسێك سەرپێچی هاتوچۆی كردبێت پێكەوەبوون، لەگەڵ دەستبەكاربوونمان جیامان كردونەتەوە ناڵێین سەدا سەد سەركەوتوو بووین، چونكە پەیوەندی بە كەمی جێگاوە هەیە، بەڵێ هەیە لەسەر تاوانی زۆر بچووك گیراوە، بەڵام لەو سەرەوە بە تاوانی زۆر گەورە هاتووەتەوە، بە جیاكردنەوەیان هیوادارین كۆنترۆڵی ئەمە بكەین.
زەمەن: باس لەوە دەكرێت لە چاكسازییەكان گیراوەكان ئەشكەنجە دراون؟
كوێستان محەمەد: لە رابردوودا توندوتیژی هەبووە چ لە چاكسازی گەوران بێت چ لە ژنانو منداڵانیش بێت، لەسەرەتای دەستبەكاربوونمانەوە كۆبونەوەمان بە بەڕێوەبەرانی هەر شەش چاكسازییەكە كردووەو پێمانوتوون بە هەموو شێوەیەك لێدانو توندوتیژی قەدەغەیە بەهیچ شێوەیەك نابێت لە زیندانی بدرێت.
تائێستا دوو لیژنەی لێكۆڵینەوە لە چاكسازی ژنانو منداڵانی هەولێر پێكهێنراوە، كە توندوتیژییان بەكارهێنابوو ئەوانەی ئەو كارەیان كردبوو سزام داون، لە سلێمانیش لە چەند رۆژی رابردوو دوو حاڵەتی توندوتیژی هەبووەو لیژنەم بۆ پێكهێناوە.
زەمەن: لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكەدا باسی ئەوەت كرد منداڵ هەیە لەسەر بردنی قوتویەك بیبسی زیندانیكراوە، ئەم كەیسە چۆنە؟
كوێستان محەمەد: ئێستا یاسای سزای جێگرەوەمان بەهاوكاری یونسێف ئامادەكردووە، بەنیازین بەزووترین كات بیدەینە ئەنجومەنی وەزیرانو بۆ ئەوەی لەوێشەوە بدرێتە ئەنجومەنی شورا، دوای تێبینی ئەوان دەنێردرێتە پەرلەمان، هیوادارم پەرلەمان لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا پەسەندی بكات، چونكە دەبێتە هۆكاری ئەوەی سەدان منداڵ رزگار بكات لەوەی لەسەر تاوانێكی زۆر زۆر بچووك بچێتە چاكسازی، ناكرێت منداڵێك دوو كۆتری دزیوە بگیرێت.
زەمەن: واتە خەڵك هەیە لەسەر دزینی كۆتر گیرابێت؟
كوێستان محەمەد: بەڵێ هەیە، كە ناكرێت ئەمانە زیندانی بكرێن چونكە لە ناو چاكسازییەكاندا خەڵك هەیە لەسەر بەدڕەوشتیو مادەی هۆشبەر گیراوە، بۆ نمونە ئەو منداڵەی لەسەر بیبسیەكە دەستگیركراوە ئەگەر لەو دوكانەی بیبسیەكەی دزیوە سێ رۆژ ئیشی پێبكەیو هەموو ئێوارەیەك بیبسیەكی بدەیتێ حەزەكەشی بەدیدەهێنیو چاكسازیشی تێدا دەكەی، ئەم سزای جێگرەوەیە دەكرێت بۆ گەورانیش بێت كە تاوانی سوكیان كردووە.
زەمەن: ئەم دوو حاڵەتەی باست كرد لە كوێنو لە دادگا چەندە حكومدراون؟
كوێستان: هەردوو حاڵەتەكە هەیەو بە دیاریكراوی نازانم چەند حكومدراون، بەڵام لە چاكسازی ژنانو منداڵانی هەولێرن، كە ئەمەش تاوانەو دەتوانرێت بە یاسای سزای جێگرەوە چارەسەر بكرێن.
زەمەن: پرۆژەی خێزانی جێگرەوە گەیشتووە بە كوێ؟
كوێستان محەمەد: سیستمی خێزانی جێگرەوەمان بردە ئەنجومەنی وەزیرانو پەسەندكرا، دواتر یاداشتی لێكتێگەیشتنمان واژۆكرد لەگەڵ رێكخراوی ستێپ، كە پرۆژەكە چوار ساڵە لە سلێمانی هەیەو ئەمساڵیش لە هەولێرو دهۆكیش دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
زەمەن: چەند منداڵ سودمەند بوون لە پرۆژەكە؟
كوێستان محەمەد: لە سلێمانی 11 منداڵ چوونەتە ناو خێزانی جێگرەوە، چوار خێزانی تریش ناوی خۆیان نووسیوە، كارەكان بە پرۆسەیەكی زۆر ورددا دەڕوات بۆ ئەوەی ئەو منداڵە نەكەوێتە دەست خێزانێك كە نەتوانن پەروەردەی بكەن.
زەمەن: وادیارە یەكێك لە كێشە گەورەكان موچەو پشكنینەوەی كەمئەندامانە ئەم پرسە بە كوێ گەیشتووە؟
كوێستان محەمەد: خۆی ئێستا قسەیەك وەكو نوكتەی لێهاتووە دەوترێت هەر وەزیرێك دێت كەمئەندامان دەداتەوە بە لیژنە، كاتێك ئێمە دەستبەكاربووین كەمئەندامان درابوونەوە بە لیژنە 90 هەزاریان شایستە بوونو موچەیان هەبوو، نزیكەی 30 هەزاریان موچەیان بڕدرابوو، لەمانە 13 هەزاریان تانەیان لە بڕیارەكە دابوو، لە پشكنین دەرچووبوون، بەڵام موچەیان بۆ نەبەسترابوو، بە رەزامەندیو هەوڵی ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتی دارایی موچەكەمان بۆ بەستونەتەوە، بەڵام من هیچ گومانم نیە لەناو هەردوو ژمارەكەدا خەڵكی تێدایە ناشایستەیەو خەڵكیش هەیە شایستەیەو تۆمارنەكراوە، لە كۆبونەوەكانی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا داوامان كرد كەمئەندامی تازە تۆماربكەین، چونكە لە 2012ەوە كەس تۆمارنەكراوە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەك بە ئەندامێتی وەزیری كار، تەندروستی، دارایی، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون، بۆ ئەوەی بزانین چەند كەس شایستەنو ناویان تۆمار بكەین.
زەمەن: ژمارەیەكی زۆر گەنج بێكارن، ئێوە چیتان كردووە بۆ ئەم پرسە، هیچ پرۆژەیەكتان هەیە پۆرتاڵی كارتان هەیەو ئایا بیمەی بێكاری دەدرێتەوە؟
كوێستان محەمەد: هیوادارین بگەینەوە ئەو قۆناغە كە بیمەی بێكاری هەبێت، لەڕێگەی پۆرتاڵەكەوەو بەڕێوەبەرایەتی كار خەڵكی بێكار پەیوەندیمان پێوەدەكەن، یەكێك لە ئەركە هەرە سەرەكیەكەی ئێمە كەمكردنەوەی بێكارییە، یەكێك لە خەونە گەورەكانی من ئەوەیە یەك كرێكار نەمابێت دەستەبەر نەكرابێت كە بەوە گرەنتی ئەوە دەكەی كە خانەنشین دەبێت، جگە لەوەش پارەیەكی زۆر دێتە ناو سندوقی خانەنشینی دەتوانی پرۆژەی پێبكەیت بۆ كرێكاران، وەزارەتی كار لە زۆر وڵات حكومەت دەژێنێت، تەنیا لە رێگەی سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتیەوە، رۆژانە بەردەوامین لەوەی دەستەبەر بۆ كرێكاران بكەین، ئێمە هێڵی گەرمی 5500مان هەیە لەڕێگەی ئەم هێڵەوە هەر كرێكارێك دەستەبەر نەكرابێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبكات، بۆ پێشێلكردنی مافەكانیشی هەر دەتوانێت پەیوەندی بكات، مەحكەمەی كار هەیەو وەك وەزارەت پارێزەری بۆ دەگرین، هەر كرێكارێك سكاڵای تۆماركردبێت كەیسەكەمان لە خاوەن كارەكەی بردووەتەوە.
زەمەن: زۆربەی وەزارەتەكان رۆتیناتی زۆریان تێدایە، ئێوە چیتان كردووە بۆ كەمكردنەوەی رۆتینات؟
كوێستان محەمەد: بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە هەولێرو دهۆك راستە بایكۆت نەبووە بەڵام دەوام زۆر كەمبووە، لەمڕۆژانەدا ئەوەی كە كافتریاكەی ئێمە بەڕێوەدەبات هاتە لام، وتی پێشتر هیچ قازانجم نەكردووە چونكە فەرمانبەران 9 دەهاتن 12 دەڕۆیشتنەوە، كە چوومە وەزارەت دەوام زۆر خراپ بوو ئێستا دەواممان رێكخستووەتەوە، پێشتر خەڵك بۆ مامەڵەیەك لە سلێمانیەوە چووەتە هەولێر هەفتەیەك ماوەتەوە بەڵام ئێستا شتی وانیە لای ئێمە، بەیانی هات نیوەڕۆ مامەڵەكەی وەردەگرێتەوە، بە كردنەوەی بەشو رێككردنەوەی دەوام توانیومانە رۆتین نەهێڵین.
زەمەن: تا كەی ئەوە بەردەوام دەبێت خەڵك بۆ ئیمزایەك لە گەرمیانو سلێمانیەوە بچێتەوە هەولێر؟
كوێستان محەمەد: ئێمە رۆژانی شەممان لە سلێمانی هاوڵاتیان دەبینین، ئەو مامەڵانەی دەكرێت لە سلێمانی جێبەجێ بكرێن بۆیان دەكەین، بۆ نمونە هاوڵاتیەك لە گەرمیانەوە تەلەفۆنی بۆ كردم ئیشی قەرزی بچوكی هەبوو، پێموت بە ئیمەیڵ عەریزەكەیم بۆ بنێرێتو لەو رێگەیەوە بۆمان تەواو كردووە.
زەمەن: ئایا خەتەنەكردنی مێینە هێشتا لە كوردستان ماوە، وا ئێوە قسەتان لەسەر كردووە؟
كوێستان محەمەد: بەڵێ بەدڵنیاییەوە ماوە، لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك، گەرمیان بەڵام رێژەكە زۆر كەمبووەتەوە.
زەمەن: بەشێكی وەزیرو پەرلەمانتارەكان خەڵك لە فەیسبووكدا زۆر رەخنەیان لێدەگرن، سەیرم كرد كۆمێنتی دەستخۆشی بۆ تۆ هاتووە، ئایا ئەوانەی كۆمێنتی خراپ ئەنووسن لاتان بردوون، یان خەڵك لە ئیشەكانت رازین؟
كوێستان محەمەد: پەیجەكە لای بەشی راگەیاندنی وەزارەتەو فلتەر نەكراوە، زۆرجار داواكاری هاوڵاتیان لە پەیجەكەوە دێت جێبەجێدەكرێت، من پێموایە هەموو وەزیرەكان لە هەوڵی ئەوەدان كاری باش بكەن، هەموویان بە جدی كاردەكەنو زۆر خەمی هاوڵاتیانیانە، هەموومان دەمانەوێت بەڵێنەكان جێبەجێ بكەین، بەڵام بەربەستیشمان هەیە، لەوانەی كەمی پارەو ستافیو خەڵكی بە توانا، وەزارەتەكەی ئێمە دەرماڵەی نیە ئەوەش وایكردووە بەشێك لە فەرمانبەران نەقڵ بن بۆ وەزارەتەكانی تر یاخود مۆڵەت وەربگرنو لە كەرتی تایبەتدا كار بكەن.
زەمەن: بە تەنیا ئەو سێ رێگرییە هەن، یان حزبەكانیش بەتایبەت پارتیو یەكێتی رێگرن لە چاكسازی؟
كوێستان محەمەد: لە دوایین هەڵبژاردندا كەمتر لە سەدا 30 خەڵك چووە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان، بەمە خەڵك سزای حزبەكانیان دا، ئەمجارە ئەگەر چاكسازی نەكرێت، خەڵك تەنیا بە نەچوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان سزامان نادات، لە قۆناغێكداین ئەگەر چیتر ئەو سیستمی بەڕێوەبردنەی پێشتر پەیڕەوكراوە بەسەرچووە، لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەداین بەتایبەت یەكێتیو پارتی ئەگەر بەهەمان نەفەسو شێواز حكومڕانی بكرێت ئاسەواری زۆر خراپی لێدەكەوێتەوە.
زەمەن: پرۆژەی قەرزی بچووك چی بەسەرهاتووە؟
كوێستان محەمەد: یەكێك لە دەستكەوتەكانی پەرلەمان لە خولی سێو كابینەی پێشووتر پرۆژەی قەرزی بچووك بووە بۆ گەنجان، 70 ملیار دینار دراوە بە قەرز 37 وەرگیراوەتەوەو هەمووی دراوە بە موچە، دەمانەوێت دەست بە قەرزی بچووك بكەینەوە بەڵام بەشێوازێكی تر، چونكە بەپێی بەدواداچوونەكان زۆربەی ئەوانەی قەرزی بچووكیان وەرگرتووە شكستیان هێناوە، بەهۆی قەیرانی داراییو بەشێوازێكی تەندروستیش قەرزەكە نەدراوە.
سەرەتا ئێمە رێنماییەكانمان هەمواركردووەتەوە دواتر داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەكەین لەو قەرزەی رۆژانە وەریدەگرینەوە جارێكی تر بە قەرز بیدەینەوە بە گەنجان، داواشمان لە بانكی ناوەندی عێراق كردووە لەڕێگەی ئێمەوە قەرز بدات بە خەڵك.
سازدانی: زەمەن