د.هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەنگاوی‌ کرداریی‌ دەنێین بۆ بوژانەوەی‌ بازاڕ و هەلی‌ کار

27/01/2020

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ پلانی پارێزگاکەیان بۆ بوژاندنەوەی ئابوری رادەستی ئەنجومەنی باڵای ئابوری کردوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەنگاوی‌ کرداری دەنرێت بە ئاڕاستەی‌ دۆزینەوەی‌ هەلی‌ کار و بوژانەوەی‌ بازاڕ.

رۆژی دوشەممە، بە سەرۆکایەتی‌ سەرۆکی‌ حکومەت و جێگرەکەی‌ و وەزیر و دەستە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان و سەرۆکی‌ یەکێتیی ژورە بازرگانیی و پیشەسازییەکانی کوردستان، یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوریی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

لەو بارەیەوە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ راگەیاند: بەمەبەستی‌ دروستکردنی‌ هەلی‌ کار و بوژانەوەی‌ بازاڕ و بوژانەوەی‌ ئابوری‌ هەرێمی‌ کوردستان، لە کۆبونەوەکەدا بەوردی‌ گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدان و ئابوری‌ لە هەرێم کرا و چەندین بڕیارو ڕاسپاردەی تایبەت لەو بارەیەوە درا.

وتیشی‌:" لە کۆبونەوەکەدا، دید و بۆچونی‌ ئێمە سەبارەت بە بوژانەوەی‌ ئابوری‌ پەیوەست بە پارێزگاکەی‌ خۆمان خستەرو و ئومێدێکی‌ زۆر هەیە لە ئایندەدا هەنگاوی‌ باش بنرێت بە ئاراستەی‌ دۆزینەوەی‌ هەلی‌ کار و بوژانەوەی‌ بازاڕ".

سەبارەت بە هەماهەنگی‌ کەرتی‌ گشتی‌ و تایبەت لە پڕۆژەکاندا، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ باسی‌ لەوەکرد، تەوەری‌ دوەمی‌ کۆبونەوەکە قسەکردن بوە لەسەر هەماهەنگی‌ پڕۆژەکانی‌ کەرتی‌ گشتی‌ لەگەڵ کەرتی‌ تایبەتدا (ppd) کە ئەوان لە کابینەی‌ پێشوەوە یەکەم شوێن بون وەک پارێزگای‌ سلێمانی‌ پشتیوانیان لەو سیستەمە کردوە و کابینەی‌ نۆش بڕوای‌ تەواوی‌ بە سیستەمەکە هەیە کە کارەکان بە هاوبەشی‌ نێوان هەردو کەرتەکە ئەنجام بدرێن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ بە نوێنەرایەتی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ و پیشەسازی‌ پاریزگای‌ سلێمانی‌، راپۆرت و داواکارییەکانیان و پێشنیازەکانیانی‌ خستوەتەرو و بڕیاری‌ پێویستیان لە بارەوە دراوە.


هەواڵی زیاتر