عەدنان عوسمان لە بارەی چالاکی موهەندیس وەڵامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەداتەوە

31/01/2020

ئەندامێکى خانەى راپەڕاندنى گۆڕان لە بارەی چالاکی موهەندیس وەڵامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، "کاک چالاک بەفیتى کەس ناجوڵێتەوە".

عەدنان عوسمان ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەووەى گۆڕان لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەیەکى کەناڵى ئاسمانى پەیام، وەڵامى راگەیەنراوەکەى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى دایەوە و رایگەیاند، "کاک چالاک یەکێکە لە هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانى گۆڕان و کەسێکى تێکۆشەرەو شارەزایى لە بوارى خۆیدا هەیە، بە فیتى کەس ناجوڵێتەوە، جگە لەوەى ئەگەر فیت بێت فیتى گۆڕان و قەناعەتەکانى خۆیەتى کە پێى وایە گۆڕان هێزێکە لە پشتى چاکسازییەوەیە و قسەى گۆڕان لە سەرەتاوە بۆ کۆتایى چاکسازى و چاکەى گشتییە بۆ میلەتەکە.

وتیشى، مەبەستى کاک چالاک ئەوەیە کە گۆڕان بە دواى چاکسازییەوەیە و کار لەسەر چاکسازى دەکات و ئامادە نییە بڕواتە بەرەى دزیکردنەوە، ئەوەش تۆمەتبارکردنى کەس نییە بە دزى، ئەو وشەیەى بەکارى هێناوە بەخراپ تەفسیرکراوە، بەڵام دەیتوانى بەشیوەیەکى تر تەعبیر لەوە بکات.

لە بارەى ئەوەى کە وتەبێژى حکومەت رایگەیاندبوو، قبوڵناکەین کەسێکى وەک چالاکى موهەندیس بەشدارى لەحکومەتدا بکات، عەدنان عوسمان رایگەیاند، چالاکى موهەندیس کانیدیدى بزوتنەوەى گۆڕانە بۆ پۆستى بریکارى وەزارەتى شارەوانى و ئەو پۆستە وەردەگرێت.
"زەمەن"

 


هەواڵی زیاتر