رونکردنەوەیەک لە تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە سەبارەت بە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی

02/02/2020


تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت، ھاوڵاتیانی کوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی ئاگادار دەکاتەوە، کە بەرپرسیارێتی جێبەجێ نەکردنی پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی دورو نزیک پەیوەندی بە تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە. لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1.ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی (2013)ەوە بودجەی بۆ تەرخانکراوەو بەردی بناغەی دانراوەو پێویست بوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو جێبەجێنەکراوە.

2. ئەم پڕۆژەیە لە سنوری کاری وەزارەتی شارەوانیدایە، کە دورە لە کاری ئەو چوار وەزارەتەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی وەرگرتوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی لە چوارچێوەی کاری حکومەتدا. 

3. تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دو بنەما بەشداری ئەم کابینەیەی حکومەتی کردوە، بنەمای یەکەم رێککەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە ناوەرۆکەکەی چاکسازیی گشتییە لە بوارەکانی کارگێڕی، دارایی، ئابوریی و سیاسیدا. بنەمای دوەم هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتە، کە سەرۆکی حکومەت لەبەردەم پەرلەمان خوێندییەوە. بۆیە ئێمە وەک تیمی وەزاری بزوتنەوەی پابەندبونی خۆمان دوپات دەکەینەوە بە بەرنامەی چاکسازی و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بە سەرجەم ناوچەکانەوە بەبێ جیاوازی و بە شاری سلێمانیشەوە.

4. بزوتنەوەی گۆڕان لە رێی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە لە ڕێکەوتی  ۱۳ی کانونی دوەم لە دیدارێکی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، باسی گرنگی پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری کردوە بۆ شاری سلێمانی و داوای لێکردوە بەزوترین کات ئەو پڕۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە ئەمە لە دەرەوەی سنوری کاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام وەک پێداگریییەک و پشتگیریکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە،سەرۆکی حکومەتیش بەڵێنی داوە لە زوترین کاتداو دوای پێداچونەوە بە دەرخستەی پڕۆژەکەدا، پڕۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

5. لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری کە لە رۆژی ٢٧/١/٢٠٢٠ بەڕێوەچو، لە بەشێکی کۆبونەوەکەدا پارێزگاری سلێمانی بە پەرۆشەوە قسەی لە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی کردوە، سەرۆکی حكومەت ئاماژەی بەوە کردوە کە لاری نییە، بەڵام ناكرێت لەهەولێر بۆ یەك كیلۆمەتر دو ملیۆن و نیو دۆلاری بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام لەوەی سلێمانی بڕی ٩ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە. سەرۆکی حکومەت لە کۆبونەوەکەدا وتی رازیم ئەگەر دو ئەوەندەی هەولێریش تەرخان بکرێت، بەڵام بۆ نزیكەی چوار ئەوەندە بێت. ھاوکات جەختی کردەوە کە هەمو ئەو گوژمەیەی بۆ پڕۆژەکە دانراوە، دەیدەن بەدەرخستەیەكی راست و دروست و ئەوەی زیاد بو لە پرۆژەیەكی تری سلێمانی بەكاری بێنن.

6.تەمەنی کابینەی نۆیەم و بەشداری تیمی وەزاری گۆڕان تیایدا کەمتر لە ١٤٠ رۆژی کارکردنە. ئەم ماوەیەش ناکرێت بەراورد بکرێت بە تەمەنی کابینەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رابردودا و ناگونجێ تیمی وەزاری گۆڕان بەرپرسیار بکرێ لەو کەمتەرخەمیە.

  تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت  
 2/2/2020


هەواڵی زیاتر