ڕێبوار ئەحمەد: پارەی ناوگۆڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون کەمکرایەوە
04/02/2020
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ماوەی 8 مانگە لیژنەیەکیان پێکهێناوە و بۆ کەمکردنەوەی ئەو پارەیەی بە نایاسایی لەکاتی ناوگۆڕینی یەکەو خانوی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان لە هاوڵاتیان وەردەگیرا و لە ئێستادا بڕەکەی کەمکراوەتەوە.
ڕێبوار ئەحمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا هەر هاوڵاتیەکی نیشتەجێی شوقە و خانووی کۆمەڵگە نیشتەجێبونەکان بڕی 1000 دۆلاری لێوەردەگیرا لەکاتی ناوگۆڕین، بەڵام بۆلەمەودوا دەستەی باڵای وەبەرهێنان بڕیاریدا ئەو بڕە پارەیە کەمبکرێتەوە بۆ 100دۆلار.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەبەر ئەوەی ئەو بڕە پارەیە ناچێتە سەر سندوقی حکومەت و تەنیا بۆ کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە هەوڵدەدەن لە داهاتودا ئەو بڕەش نەهێڵن و هیچ پارەیەک لە هاوڵاتیان وەرنەگیرێت.
وتیشی، بڕیارەکە سەرجەم پرۆژە نیشتەجێکان دەگرێتەوە ئەوانەشی کە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان نییە.