شەماڵ عەبدولوەفا: هەڵوێستمان بەرامبەر بە حکومەت و ئەنجام نەدانى چاکسازى دەبێت
08/02/2020
ئەندامێکى خانەى
راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، کار لەسەر ئەو رەخنە و پڕۆژانە دەکەن کە
لەلایەن هەڵسوڕاوەکانى بزوتنەوەکەوە ئاڕاستەیان دەکرێت، دەشڵێت: ئێستا نائومێدی
لەلاى تاکى کورد بەرامبەر پڕۆسەى حکومڕانى و سیاسى لە هەرێمى کوردستان دروستبوەو
چاکسازیکردنیش زامنى نەمانى ئەو نائومێدیەیە.
شەماڵ عەبدولوەفا
سکرتێرى کاروبارى باژێڕوانەکان لە خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى دۆخى
رێکخراوەیى بزوتنەوەکە راگەیاند، لەچەند ئاستێکدا سەرقاڵى خۆ نوێکردنەوەن و لە ئێستادا
لە کارى رێکخراوەییدا سەرقاڵى رێکخستنەوەى کاروبارى ئەو ژورانەى بزوتنەوەى گۆڕانن
کە هەریەکەیان ئەرکێکى جیاوازى هەیە.
ئاماژەى بەوە کرد،
کارى ژورەکان لە بزوتنەوەى گۆڕاندا بریتیە لە راوێژکارى و ئامادەکردنى پڕۆژە،
لەگەڵ ئەوەشدا چەند ژورێکى دیکە لە ناو پەیکەرى رێکخراوەیى گۆڕاندا دروست دەکرێت،
بە ئامانجى توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەو بڕیار و پێویستییانەى کە پەیوەندى بەژیانى
خەڵک و سیستمى حکومڕانى و کارى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕانەوە هەیە.
شەماڵ عەبدلوەفا
ئەوەشى خستەڕوو، کە بەشێکى دیکە لە پلانى خۆرێکخستنەوەیان، تایبەتە بە کارى
میدیایى و لەئێستادا پلانیان بۆ کارکردن لەسەر ئەو بابەتە هەیە.
ئەندامەکەى خانەى
راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان باسى لەوە کرد، لەسەر بەشداریکردنى بزوتنەوەکە لە
حکومەت پرسیارى زۆریان ئاڕاستە دەکرێت، دڵنیاییدا لەوەى کە بەشداریکردنەکە
بەئامانجى جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژانەیە کە لەپێناو چاکسازى و چاکەى گشتیدایە.
وتیشى: "هەڵوێستمان
بەرامبەر بە حکومەت و چاکسازى دەبێت و پێداگرى لەسەر ئەو گوتار و بەرنامە سیاسیە
دەکەین کە بزوتنەوەى گۆڕان لەپێناویدا دروستبوە و بەهیچ شێوەیەک سازشى لەسەر
ناکەین".
لەبارەى ئەنجامدانى
چاکسازى و ئەو هەنگاوانەى پەرلەمانى کوردستان بۆ رێکخستنەوەى دەرماڵە و بەشێک لە
خەرجى لەچوارچێوەى پڕۆژە یاساى چاکسازیدا نرا، شەماڵ عەبدولوەفا رایگەیاند، ئەو
چاکسازیەى کە لەماوەى شەش مانگى رابردودا کراوە هەنگاوێکى زۆر بچوکى چاکسازیە،
ئامانجى ئێمە چەسپاندن و هەنگاونانە بۆ چاکسازى ریشەیى لە هەرێمى کوردستان.
ئەندامەکەى خانەى
راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان جەختیکردەوە لەوەى، ئەنجامدانى
چاکسازى زامنى نەمانى ئەو نائومێدیەیە کە خەڵک بەرامبەر دۆخەکە هەیەتى.
ئەو پێیوایە؛ بازاڕى
هەرێم لەسەرجەم بوارەکاندا قۆرخکراوە و هیچ دەرفەتێکى بازرگانى و کارکردن بۆ
هاوڵاتیانى ئاسایى نەماوەتەوە، دەشڵێت: " ئەرکى حکومەتە رێگرى لە نەمانى ئەو
قۆرخکاریە بکات و رێگرى لەو باڵا دەستیەى کۆمپانیا حزبیەکان بکات کە داهاتى هەرێم
دەخەنە گیرفانى حیزبەکانیانەوە".
وتیشى: "حکومەت
مامەڵەى پێشینە لەگەڵ بودجەدا دەکات و ئەوەى دەستى دەکەوێت خەرجى دەکات و
لەچوارچێوەى پلانێکى ئابوریدا بەگەڕناخرێت".
لەبارەى هەنگاوەکانى
داهاتوى بزوتنەوەى گۆڕان لە کارى سیاسیدا، شەماڵ عەبدولوەفا ئەوە دەخاتەڕوو، کە لەئێستادا
سەرقاڵى گفتوگۆکردنن لەبارەى ئەنجامدانى کۆنفرانسى ناوخۆیى و هەنگاونان بەرەو
کۆنفرانسى نیشتیمانى، ئەگەرى هەیە لە سێ مانگى داهاتودا کۆنفرانسى نیشتیمانى
بزوتنەوەى گۆڕان ئەنجام بدرێت.
وتیشى: "لە
پڕۆژەى خۆنوێکردنەوەى بزوتنەوەکەدا، هەڵسوڕاوەکان لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان
بەسەر دەکەینەوە و گوێ بۆ ئەو پێشنیار و تێبینى و رەخنانە دەگرین کە ئاڕاستەمان
دەکرێت و کارى جدى لەسەر دەکەین، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە نوێبونەوەى گۆڕان،
هەڵسوڕاوەکان رەخنە و پێشنیار و پڕۆژەیان هەیە".