وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە هەوڵدایە بۆ تۆمارکردنى ژمارەیەکى دیکەى خاوەن پێداویستى تایبەت
10/02/2020
بۆ تاوتوێکردنی رەوشی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و تۆمارکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی موچەی کەمئەندامان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیرانی دارایی و تەندروستی کۆبونەوە.
ئەمڕۆ دوشەممە، کۆبونەوەی لیژنەی باڵا بۆ تۆمارکردنی ناوی خاوەن پێداویستی نوێ بەرێوەچو، هەریەکە لە کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری و سامان محەمەد بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و د. عەبدولحەکیم، سەرۆکی دەستەی هەماهەنگی و بەدواداچونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیبون.
بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی؛ کۆبونەوەکە بۆ خزمەتکردنی زیاتری ژیان و گوزەرانی کەمئەندامان بەڕێوەچوە و هەمو هەوڵێک خراوەتەگەڕ بۆ دەستبەرکردنی ماف و ئیمتیازاتی زیاتر بۆ کەمئەندامان.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، تاوتوێی ئەوە کراوە هەوڵ بدرێت کەمئەندامی نوێ بۆ لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زیاد بکرێت و دەست بکرێت بە تۆمارکردنیان.
ئەوە لە کاتێکدایە، چەند ساڵێکە تۆمارکردنی خاوەن پێداویستی نوێ راگیراوە و لە ئێستاشدا هەزاران کەمئەندام چاوەڕوانن ناوەکانیان تۆماربکرێت و ماف و ئیمتیازاتەکان بیانگرێتەوە.
لەگەڵ دەستبەکاربونی، کوێستان محەمەد، وەک وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە کابینەی نۆ، زیاتر لە (13) هەزار کەمئەندام کە موچەکانیان راگیرابو، دوای دوبارە پشکنین خرانەوە ناو لیستی کەمئەندامان و موچەکانیان بۆ گەڕایەوە.