مستەفا سەید قادر: پشتیوانی رۆژنامەنوسانم لە رەخساندنی ژینگەیەكی باشتر بۆ كارەكانیان

12/02/2020

 جێگری سەرۆكی هەرێم، پشتیوانی خۆی بۆ دەستەبەركردنی ژینگەیەكی لەبارتر بۆ رۆژنامەنوسان دەربڕی و رایگەیاند: پشتیوانتانم بۆ كاراكردنی یاسای رۆژنامەگەریی كە زامنی ژینگەیەكی لەبار دەكات بۆ كاری رۆژنامەنوسان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر لەگەڵ تیمێکی سەنتەری میترۆ کۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەنتەری میترۆ؛ لە کۆبونەوەیەکدا سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵانەی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی (2019) پێشکەشی سەرۆکی هەرێم کرد و داوایانکرد، لە ساڵی نوێدا پشتیوانیان بن و رۆڵیان هەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری.
رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند: میدیا رۆڵی گرنگ دەبینێت لە چاودێریكردنی دیموكراسیەت و رەوشی مافی مرۆڤ و پردی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حوكمرانی، میدیا وەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لە رێگەی ئەو زانیاریانەی بڵاویان دەكاتەوە كاریگەری هەیە لە بەشداریی هاوڵاتیان لە بڕیار و ئاشكراكردنی كەموكوڕی، هەروەها بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی دیموكراسی و بەهێزكردنی كۆمەڵگەی مەدنی.
لەبەرامبەردا، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لارییان نییە لە رۆڵی میدیا نییە وەك ئامرازی گرنگی بەهێزكردنی دیموكراسیەت و چاودێری سیستەمی حوكمڕانی و ئەم رۆڵە بەهێزتر و جێگەی متمانە دەبێت كە سەربەخۆ و راستگۆ و بابەتیانە بێت، وتیشی :"ئەو میدیایەی دەكەوێتە داوی ناڕاستی و لە دەستدانی بابەتی بون و لایەنداریی كاریگەری لاواز دەبێت".
جێگری سەرۆکی هەرێم دوپاتی کردەوە کە؛ پشتیوانی رۆژنامەنوسانی كوردستان دەکات لە رەخساندنی ژینگەیەكی باشتر بۆ كارەكانیان لە رێگەی جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و زانیاری، لەگەڵ ئەوەشدا یاساكان ماف و ئەركی دیاریكردوە دەبێت رۆژنامەنوسانیش پابەندیان بێت.


هەواڵی زیاتر