کوێستان محەمەد: پێدانى قەرزى بچوک بە گەنجان دەست پێدەکەین

15/02/2020

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى رایدەگەیەنێت؛ مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دینار پارەى قەرز بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و لەو پارەیە جارێکى دیکە دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەى پێدانى قەرز دەکەینەوە.

ئەمڕۆ شەممە، لە شارى سلێمانى کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە کاتى بەشداریکردنى لە سیمینارێکى تایبەت بۆ فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتی سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچوكەكانی گەنجان، رایگەیاند: لەچەند ساڵی رابردودا ژمارەیەكی زۆر لەگەنجان و لاوان قەرزی بچووكیان وەرگرتوە و مانگانە زیاتر لەیەك ملیار دینار لەو قەرزە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.

وتیشى: وەک هەنگاوى سەرەتایى دەمانەوێت لەو پارەیەى کە لە قەرزى بچوک دەگەڕێتەوە، دەست بەجێبەجێكردنی پرۆژەی پێدانی قەرزی بچوك بكەینەوە، بۆ ئەوەى بتوانین گەنجان و لاوان بخەینە سەرکار و ببن بە خاوەنى پڕۆژەى تایبەتى خۆیان.

کوێستان محەمەد، ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوانەى لە داهاتودا قەرزى بچوک وەردەگرن، پێویستە پڕۆژەکانیان سەرکەوتوبن و سود بە ئابورى کوردستان بگەیەنن و هەلى کار بۆ خەڵکى دیکە بدۆزنەوە.

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، باسى لەوەشکرد، بۆ سەرکەوتنى پڕۆژەکان، پێویستە ئەوانەى بەنیازى وەرگرتنى قەرزەکەن دو خول ببینن، خولێک بۆ شێوازى بەڕێوەبردنى پڕۆژە و خولێکى دیکەش راهێنانى پیشەییە لەو بوارەى کە قەرزى پڕۆژەکەى بۆ وەردەگرن.

هەروەک جەختیشى کردەوە، لە بەرنامەى وەزارەتەکەیاندایە، لە داهاتویەکى نزیکدا پڕۆژەى پێدانى قەرزى بچوک دەست پێبکاتەوە.

پێدانى قەرزى بچوک، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و مەرجەکانى پێدانى قەرزەکەش ئەوەیە کە هاوڵاتیی و دانیشتوى کوردستان بێت و تەمەنى لە نێوان (16 بۆ 35) ساڵ بێت و بیرۆکەى دروستکردنى پڕۆژە و بەڕێوەبردنى هەبێت و هەلى لە پێشینەش بۆ وەرگرتنى قەرزەکە کچان و ژنان و گەنجانى هەژار و بێکار و کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەتن.

ئەوە لە کاتێکدایە، تا ئێستا حکومەتى هەرێم زیاتر لە (37) ملیار دینارى پارەى قەرزى بچوکى وەرگرتۆتەوە و رۆژنەش چەند ملیۆن دینارێک وەردەگرێتەوە.


هەواڵی زیاتر