تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوی قیرتاوکردنی رێگاوبان رادەگەیەنرێت

24/02/2020

 وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە مانوێلێکی تایبەتە بە دیزاینی رێگاوبانەکان رادەگەیەنێت و وەزیرى ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت:"ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی باش کە لە داھاتودا رێگاوبانەکانمان بەشێوەیەک دیزاین بکرێت کە لەئاست داواکاری ھاوڵاتیان و پاراستنی سەلامەتی گیانیان بێت".

ئەمڕۆ دوشەممە، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە رێورەسمی رادەستکردنی مانوێلی تەکنیکی سوپەر پەیڤ کە تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتوی بواری قیرتاوکردنی رێگاوبانە، رایگەیاند؛ تاقیگەکان کۆنتڕۆڵی سەرەکی دامەزراوە حکومییەکانە بۆ کوالێتی ئەو کەرەستانەی لە پڕۆژەکاندا بەکاردەھێنرێن چ لەبواری بیناسازی چ لە بواری رێگاوبان و ئەو پڕۆژانەی لەبواری ئاوەدانکردنەوە ئەنجامدەدرێن، بۆیە گرنگیدان بە تاقیگەکان گرنگیدانە بەکوالێتی پڕۆژەکان.

وتیشى:"ھێنانەپێشەوەی مانوێلێکی تایبەت بە دیزاینی ئەسفەلت بەرێگای سوپەر پەیڤ دەبێتە دەستکەوتێکی دیکە بۆ پێشخستنی ئەو بوارە و ببێتە سەرەتایەکی باش کە لە داھاتودا رێگاوبانەکانمان بەشێوەیەک دیزاین بکرێت کە لەئاست داواکاری ھاوڵاتیان و پاراستنی سەلامەتی گیانیان بێت".

سوپەر پەیڤ تەکنەلۆژیایەکی و پێشکەوتوە بۆ بواری قیرتاوکردن، پێشتر رێکاری ئەنجامدانی ئەم تەکنەلۆژیایە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان نەبو، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ تاقیگەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک مانوێلێکی تەکنیکی تایبەت بە رەوشەکانی سوپەر پەیڤیان ئامادەکردوە بەھاوکاری و سەرپەرشتی مامۆستایەکى زانکۆی ویسکنسن و سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەو ئەسفەلتی مۆدیفای کراو (MARC)ی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا.


هەواڵی زیاتر