پارێزگاری‌ سلێمانی‌: هه‌مو رێكارێكی پێویست بۆ خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراوەتەبەر

25/02/2020

پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت؛ هه‌مو رێكارێكی پێویست بۆ خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراوەتە بەر و دڵنیایش ده‌دات‌ لەوەی كه‌مبونه‌وه‌ی به‌نزین زۆر كاتییه‌‌ و هیچ قەیرانێک رونادات.

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا راگه‌یاند؛ لە دواین کۆبونەوەیاندا لە رۆژی (22)ی ئەم مانگە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و فەرمانگەکان، پرسی ئەگەری دواخستنی دەوامی خوێندن دراوه‌ته‌ ده‌ستی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ ئه‌وه‌ی دراسه‌ی بكه‌ن و راپۆرت و پێشنیازه‌كانیان بهێننە ئه‌نجومه‌نی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیای لەبارەوە بدرێت.

وتیشی: ژمارەیەک بۆچون و پێشنیار هەن لەوبارەیەوە و سبەینێ سێشەممە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دەخرێتەڕو، بەڵام پرسی راگرتنی خوێندن یاخود بەردەوامی، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر قۆناغەکانی داهاتوی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسه‌كه‌، تائێستاش له‌ هه‌رێمی كوردستان و سلێمانی نه‌كه‌س توش بوه‌ و نه‌ بڵاویش بوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئەوە وه‌كو بیرۆكه‌ باس كراوه‌ نه‌ك بڕیار.

سەبارەت بە رێکارەکان و هەنگاوی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی: ئه‌و رێکارانەی پێویستە بۆ به‌رگریكردن و خۆپارێزی و رێگریكردن له‌ گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسەکە بۆ سلێمانی و هه‌رێمی كوردستان سەرجەمیان گیراونەتەبەر و هه‌مو ئاماده‌كاریمان كردوه‌.

رونیشیکردەوە "ئێستا ئێمه‌ له‌ قۆناغی خۆپارێزیداین و له‌ سلێمانی ژوری عه‌مه‌لیاتی بۆ پێكهێنراوه‌، ئه‌م ڤایرۆسه‌ پێویستی به‌ هۆشیاری هه‌یه‌ نه‌ك ترس و تۆقاندن".

لەبارەی دروستبونی قەیرانی بەنزین لە سلێمانی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دڵنیاییدا لەوەی ئەو بابەتە زۆر كاتیه‌ و جموجوڵی بازرگانی بەشێوەکی کاتی راگیراوە و له ‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری لەسەر دەدرێت، وتیشی: هیچ مه‌ترسییه‌ك لەسەر دروستبونی قەیرانی بەنزین و كه‌مبونه‌وه‌ی نییه‌.


هەواڵی زیاتر