مەراسیمی پرسە لە سلێمانی رادەگیرێت

02/03/2020

بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ماوەیەکی کاتی مەراسیمی پرسە لە سلێمانی رادەگیرێت و هۆڵەکانی پرسە دادەخرێن.
فەرەیدون غەریب بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی راگەیاند: بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی و رێگرییکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ماوەیەکی کاتیی مەراسیمەکانی پرسە لە سلێمانی رادەگیرێن و هۆڵەكانی پرسە دادەخرێن.
وتیشی :"هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە رەسمی، راگرتنی سەرجەم مەراسیم و بۆنە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان و شەکراوخواردنەوە بۆ ماوەیەکی کاتی و تا تێپەڕاندنی مەترسیی ڤایرۆسەکە رادەگەیەنرێت، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و رێگرییکردن لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا".
دوێنێ یەکشەممە، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی کۆبونەوە بۆ پێدانی هۆشیاری دەربارەی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە خۆپاراستنیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
فەرەیدون غەریب داوای لە مامۆستایانی ئاینی کرد لە مینبەرەکانیانەوە داوا لە خەڵک بکەن خۆیان بپارێزن.

هەر ئەمڕۆ دوشەممە، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، سەرجەم پرسە و بۆنە ئاینییەکانیان ڕاگرتووە.

پارێزگاری هەولێريش رایگەیاند: سەرجەم مەراسیمەکانی پرسە لە مزگەوت و هۆڵی پرسە و ماڵەوە و خێمەکان تا رۆژی (21/3) رادەگرن و ئەگەر پێویست بکات ئەو ماوەیە درێژ دەکەنەوە".
راگرتنی مەراسیمەکانی پرسە دوای ئەوە هات کە ئێوارەی یەکشەممە تۆمارکردنی چوار حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی راگەیەندرا، کە خێزانێکی سێ کەسی و کچێکی تەمەن (22) ساڵە، کە لەماوەی رابردودا سەردانی ئێرانیان کردوە.


هەواڵی زیاتر