مستەفا سەید قادر: لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە پاراستنى یەکڕیزى هەیە

03/03/2020

جێگری سەرۆکی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە هەمو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزی و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بەم دۆخەی ئێستا، هاوکات  جەخت لە پێویستی پێکەوەکارکردن دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.

مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ نەسروڵا رەشنودی کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر پێکەوە کارکردنی هەمو لایەک کردوە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و رایگەیاند، لە هەمو کاتێک زیاتر پێویستیمان بەوەیە یەکڕیزی بپارێزین و هەمو لایەک بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە دۆخە سیاسییەکە هەڵبگرێت، بۆیە پشتگیرییکردنی هەمولایەک لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری دۆخە سیاسییەکە بەرز دەنرخێنین کە ئەوەش لە بەرژوەندی هەمو لایەکە.
کۆبونەوەکە لە ئۆفیسی جێگری سەرۆکی هەرێم بەڕێوەچو، تێیدا کونسوڵی گشتی ئێران باسی لە گرنگی و گەشەکردنی پەیوەندیە توندوتۆڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کرد کە "مێژویەک لە فەرهەنگ و کەلتور و پەیوەندی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەردولا بەیەکەوە گرێ دەدات".


هەواڵی زیاتر