په‌یامی ئومێد لە پارێزگاری سلێمانیەوە

11/03/2020

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی؛ بۆ ڕوبەروبونەوە کۆراناو زاڵبون بەسەریدا، پەیامی ئومید بڵاودەکاتەوە.
دەقی پەیامەکە
به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
هاونیشتمانانی به‌ڕێز..
گوندنشین و شارنشینانی ئازیز..
 ئه‌م په‌تای كۆرۆنایه‌ی سه‌رزه‌وی ته‌نیوه‌، بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌ردونی له‌سه‌ر ته‌واوی‌ مرۆڤایه‌تیی، تۆی به‌هێزو خاوه‌نئیراده‌و دوربین و دنیابین و خاوه‌نئومێد؛ به‌هۆشیاریی خۆت و به‌په‌یڕه‌وكردنی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، ده‌توانیت خۆت و خێزان و خزم و خۆشه‌ویستان و خه‌ڵك و ته‌واوی مرۆڤایه‌تیی بپارێزیت، ڕێبگریت له‌ توشبوون و ته‌شه‌نه‌كردن و گواستنه‌وه‌و بڵاوبونه‌وه‌ی.
ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی خۆپارێزیی و خه‌ڵكپارێزیی و چاره‌سه‌رسازیی، خودی خۆتیت كه‌ وه‌ك پزیشكێكی كارامه‌ خۆت له‌ هۆكارو شوێن و كات و هه‌ڵوسوكه‌وت و جوڵه‌كانی توشبوون بپارێزیت و خه‌ڵكانی تریشی لێبه‌دوربگریت.
ترس و دڵه‌ڕاوكێ و نائومێدیی؛ پشتیوانیی له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و مانه‌وه‌و خێراگواستنه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ ده‌كه‌ن، له‌ ماڵه‌وه‌ مانه‌وه‌و تێكه‌ڵنه‌بوون و گۆڕین و ڕاگرتنی داب و ڕه‌فتاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ باوه‌كان و ئۆقره‌گرتن و ئارامیی و به‌هێمنانه‌ بیركردنه‌وه‌؛ هه‌نگاوی گرنگن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ نائاساییه‌.
كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی، حكومه‌تی فیدراڵیی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی خۆجێیی سلێمانی به‌ته‌واوی داموده‌زگاكانییه‌وه‌، كه‌رتی تایبه‌ت و مێدیاكان، ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیی و  مه‌ده‌نییه‌كان و ده‌سته‌بژێرو به‌هره‌مه‌ندو كه‌سایه‌تییه‌كان‌؛ كاری یاساییانه‌و كارگێڕییانه‌و شێلگیرانه‌و لێبڕاوانه‌و دڵسۆزانه‌و زانستییانه‌و ته‌ندروستییانه‌یان له‌م پێناوه‌دا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌خش و به‌هاو ئه‌نجامی باش و سه‌ركه‌وتوانه‌ به‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌به‌خشێت؛ تۆی به‌ڕێزیت.
ئه‌م ماوه‌یه‌ بكه‌ره‌ ماوه‌ی به‌خۆداچونه‌وه‌و به‌خشش و به‌خشین و خۆشه‌ویستیی خۆت و خه‌ڵك و خاك و خۆرو خودا، خۆت له‌ هه‌ر تێكه‌ڵاوبوون و بۆنه‌و سروت و كارو چالاكیی و قه‌ره‌باڵغییه‌ك بپارێزه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت مرۆڤایه‌تیی و ته‌ندروستیی گشتیی بپارێزیت.
ئومێدو هێماكانی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ زۆرن، به‌ڵام ماوه‌و خێرایی تێپه‌ڕاندنی ‌ئه‌م په‌تایه‌؛ وابه‌سته‌ی هۆشیاریی و خه‌مخۆریی و گیانی به‌رپرسیارانه‌ی تۆیه‌.
ته‌ندروستیی تۆ یه‌كسانه‌ به‌ ته‌ندروستیی گشتیی، ژیان چاوه‌ڕێی هه‌نگاوه‌كانی تۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مرێت، خۆت بپارێزه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ردون و ژیان و ژینگه‌و مرۆڤایه‌تیی بپارێزیت.
هه‌موومان؛ چاوه‌ڕوانی هیممه‌تی مه‌ردانه‌و هه‌ڵوێستی ژیرانه‌و هه‌نگاوی دڵسۆزانه‌ی تۆین.
خودای میهره‌بان پشتوپه‌نای هه‌مووان بێت.
سلێمانی و كوردستان و گه‌ردون؛ پارێزراوبێت.


هەواڵی زیاتر