کەمال موسلیم: بە هیچ شێوەیەک قەیرانى خۆراک لە کوردستان رونادات

14/03/2020

وەزیرى بارزگانى و پیشەسازى دڵنیایی دەدات کە هیچ کێشەیەک نییە بۆ دەستکەوتنى خۆراک لە هەرێمى کوردستان و دەڵێت: تا چوار مانگى دیکەش پێویستمان بە خۆراک نابێت.

کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: خەڵکى کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ قەیرانیکى خۆراک لە کوردستان رونادات و ئێمە لە کوردستان و لە عێراقیش چەندین کارگەمان هەیە و سنورەکانیشمان کراوەن و بە بەردەوامى شمەک هاوردە دەکریت و بەردەوامیشە لە هاتن، بۆیە پێویست بە دودڵى خەڵک ناکات بۆ دەستنەکەوتنى خۆراک.

وتیشى :"تیمەکانى چاودێرى بازرگانى و تەندروستى و قائیمقامیەتیش بەردەوامن لە کارەکانیان و دڵنیا دەبنەوە لەوەى هیچ سەرپێچییەک رونەدات و خۆراکى ماوە بەسەرچو نەیەتە بازاڕەکان و دڵنیاییشیدا کە ئەم دۆخە کاتییە و بەم نزیکانە تێدەپەڕێت.

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى سوپاسى بازرگانەکانیش کرد کە هاوکارى ئەم دۆخە دەکەن و رایگەیاند: هەر کەسێک دەست بۆ گرانکردنى نرخ و دروستکردنى قەیران ببات، تیمەکانى چاودێرى بازرگانی بەردەوام لەسەر خەتن و بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.

کەمال موسلیم دوپاتی کردەوە؛ رێگا چارەیەک دانراوە لە ئەگەرى بەردەوام بون و درێژەکێشانى ئەم دۆخە لەبرى ئەوەى دوکانەکان بکرێنەوە بە ئۆتۆمبێل لە گەڕەکەکاندا پێداویستییەکان بفرۆشرێن.


هەواڵی زیاتر