بۆ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان و ئه‌وانه‌ی بژێوی رۆژانه‌یان وه‌ستاوه‌ پێداویستی ڕۆژانه‌ دابین ده‌كرێ

15/03/2020


هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند:"گفتوگۆ كراوه‌ بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان و ئەو بەڕێزانەی بەهۆی ئەم بارودۆخەوە سەرچاوەی بژێوی ڕۆژانەیان وەستاوەو لە ڕۆژانی ئایندەدا بەسوپاسەوە بەهەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، جێبەجێ دەکرێت".

ده‌قی‌ به‌یاننامه‌ی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌
هاووڵاتیانی خۆشەویست

بەناوی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، سوپاسی پابەندیی و خۆپارێزیی و دڵسۆزیتان دەکەین، ئومێد دەکەین بە هیممەتی هەموو لایەک بە خێراترین کات ئەم دۆخە نەخوازراوە تێبپەڕێنین، هەموو لایەکتان دڵنیا دەکەینەوە، کە:
١. پێداویستیە سەرەکیەکان بەشێوەیەکی شیاو دابین کراون و بەرنامەی گونجاو بۆ گەیاندنی هەموو ئەو پێداویستیانە بە گەڕەک و ماڵەکانتان ڕێکخراون.
٢. بڕی ئەو وزەی کارەبا نیشتمانیەی لە دامودەزگاو فەرمانگەو بازاڕو کارگەو دامەزراوەکان بەهۆی قەدەغەکردنی هاتووچۆو وەستاندنی دەوامی فەرمییەوە، بەکارناهێنرێت، لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سلێمانیەوە دەدرێتە ماڵەکان.
٣. ڕاوێژو گفتوگۆ لەگەڵ ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی و رێکخراوە خێرخوازییەکان و هەدارانی پارێزگاکەمان کراوە، بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان و ئەو بەڕێزانەی بەهۆی ئەم بارودۆخەوە سەرچاوەی بژێوی ڕۆژانەیان وەستاوەو لە ڕۆژانی ئایندەدا بەسوپاسەوە بەهەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، جێبەجێ دەکرێت.
٤. داواکارین وەک ڕۆژانی ڕابردوو، لە ڕۆژانی ئایندەشدا لە ماڵەکانتاندا بمێننەوەو پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕییەکان بکەن، بەمەبەستی خۆپارێزیی باشترو دوورکەوتنەوە لە هەر تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتنێک.
خودا پشت و پەنای هەمووان بێت.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی


هەواڵی زیاتر