پاش ٣٢ ساڵ لە کیمیابارانی هەڵەبجە، هێشتا ئەم برینە خوێنی لێدەتکێ و دەستی چارەسەری بۆ درێژ نەکراوە.

15/03/2020


بەناوی خوای گەورە

بە بۆنەی ٣٢هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، پرسەو سەرە خۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەم شارە بەتایبەت و کوردستانیان بە گشتی دەکەین.
١٦ی ئازار برینێکی قوڵە بەسەر جەستەی ڕۆژمێری پڕ لە ئازاری گەلی کوردەوە، پاش ٣٢ ساڵ هێشتا ئەم برینە خوێنی لێدەتکێ و دەستی چارەسەری بۆ درێژ نەکراوە.
ساڕێژکردنی ئەم برینە تەنها بریتیە لە ئاوڕدانەوەی جدی لەم شارەو خزمەتکردنی زیاتری دانیشتوانەکە، کە بە داخەوە تا ئێستا ئەو ئاوڕدانەوەیە بەرجەستەو دیار نیە.
یەکێک لە داواکاریەکانی دانیشتوانی ئەم شارە بە پارێزگا کردندی بوو کە خەڵک ئومێدی لەسەرهەڵچنی بوو.
 ئەم بەپارێزگا کردنەش وەک قەرەبویەکی مەعنەوی و لەژێر فشاری حیزب و ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیانی ئەم شارە بڕیاری لەسەردرا، پاش پێنج ساڵ لە دەرچونی ئەم بڕیارە تا ئێستاش کاری جدی بۆ نەکراوە و تەنها بەناو بە پارێزگا کراوە.
سەرجەم ئەو بەڵێنە گەورانەی لەیادەکانی ساڵانی پێشوو بۆئاوەدانکردنەوە و کرانەوەی هەڵەبجە دراون وەک کردنەوەی مەرزەکان و دروستکردنی پرد و ڕێگاکان بەڕوی ناوچەکانی تردا  جێبەجێ نەکران و ئەمەش خەڵکی ئەم شارەی نائومێد کردوە و لەبری ئاوەدان کردنەوەی بەداخەوە ڕۆژانە  بینەری کۆچی خەڵکی ئەم شارەین بۆ پارێزگاکانی دیکە.

لەکۆتایدا داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستا ن و لایەنە پەیوەدیدارە کان ئەکەین هەرچی زووە کاربکات بۆ سەرپێخستنی  ئەم پارێزگایەو جێ بەجێ کردنی بەڵێنە تەواو نەکراوەکانی بۆ ئەوەی لەمە زیاتر خەڵکی ئەم شارە بێ هیوا نەبن.

درود بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە.

بزوتنەوەی گۆڕان
ئەنجومەنی قەزای هەڵەبجە
١٥/٣/٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر