وەزیری دارایی: پارەی موچەی پێشمەرگە لە رۆژی یەکشەممەوە ئامادەیە

16/03/2020

وەزیری دارایی رایگەیاند: پارەی موچەی پێشمەرگە لە رۆژی یەکشەممەوە ئامادەیە و هەرکاتێک لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا رێگەبدات دابەش دەکرێت.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم سەردانی مەرزی پەروێزخانی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێشتر هەندێک سەرپێچی هەبو لە دەروازە سنورییەکە ئێمەش هاتوین بۆ ئەوەی واقیعەکە ببینین، هەر بەهۆی ئەو سەرپێچیانەوە داخرابون.

وتیشی :"سەلامەتی خەڵک لای ئێمە ئەولەویەتە، ئێستاش رێوشوێنەکان باشتر کراون، بەریککەوتن کەمدەبێتەوە، رێوشوێنی گونجاو بۆ هاتنی خۆراک و پێدوایستی کراوەتەوە، ئەگەر دۆخەکە باش بو ئەوا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر سەرپێچییەکان بەردەوام بو دایدەخەینەوە".

لەبارەی پرسی دواکەوتنی موچەشەوە، وەزیری دارایی رایگەیاند: لەم چەند رۆژەدا هەڵا لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتییەوە دروستکرا، لەسەر رونکردنەوەیەکی وەزارەتی دارایی، کە بڕیاربو رۆژی یەکشەممە موچە دابەشبکرێت، بەڵام بە بڕیاری لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا رۆژی یەکشەممە کرا بە قەدەغەی هاتوچۆ، بەهۆیەوە بانکەکان نەکرانەوە و پێشمەرگەش نەیتدەتوانی هاتوچۆ بکات و بچێت بۆ وەرگرتنی موچە، بۆیە دابەشکردنی موچە دەکەوێتە ئەو رۆژانەی قەدەغەی هاتوچۆ نییە".

دوپاتیکردەوە؛ پارەی پێشمەرگە حازرە و رۆژی یەکشەممەی رابردوش حازربو، ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ نەبوایە دابەشدەکرا، ئێستاش ئەگەر رێکارەکان رێگەبدات موچە دابەش دەکرێت".

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەو کەسانەی پێشئەوەی قسە لەسەر دواکەوتنی موچە بکەن، دەبو پرسیاریان لە قوباد تاڵەیانی جێگری سەرۆکی حکومەت بکردایە، چونکە هیچ بڕیارێک بەبێ ئەو نەدراوە.

ئاوات شێخ جەناب وتی :"ئەم حکومەتە میراتێکی بۆ ماوەتەوە کە (24) ملیار دۆلار قەرزە، یەک ملیۆن و (200) هەزار موچەخۆری هەیە، مانگانە نزیکەی (900) ملیار دیناری بۆ موچە پێویستە، هەمو ئەمانە پەیوەندیی بە ئەمڕۆوە نییە، ئەو کەسانەی رەخنە دەگرن دەبو چاو بە رابردودا بگێڕنەوە ئەوکاتە رەخنە بگرن".


هەواڵی زیاتر