وێنە؛ رێکاری توند لە مەرزی باشماخ بۆ رێگریی لە کۆرۆنا دەگیرێتەبەر
17/03/2020
دوای سەردانی وەزیری دارایی بۆ مەرزی باشماخ رێکای نوێ دەگیرێتەبەر بۆ رێگریی لە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
شاخەوان بەکر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ راگەیاند: دوای سەردانی وەزیری دارایی و بەسەرکردنەوەی مەیدانیی دەروازەکە رێکاری نوێ گیراونەتەبەر بۆ بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و رێگریی لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، یەکێک لە رێکارەکان جیاکردنەوەی شوێنی دەستشۆر و نوێژکردنی شۆفێرانی ئێرانی بو بۆ تێکەڵاونەبونیان لەگەڵ شۆفێرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان و ئەو کەسانەی کە لە مەرزەکە کاردەکەن.
وتیشی :"رێکارێکی دیکە ئەمڕۆ کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش پاکژکردنەوە و تەعقیمی سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و کەسانەی لە ئێرانەوە دێنە ناو مەرزەکە، هەروەها هەمو ئۆتۆمبێل و سەرنشین و ئەو کەسانەشی کە لەناو مەرزەکە کار دەکەن لەکاتی هاتن و چونیاندا بە ماددەی تایبەت پاکژ دەکرێنەوە".
شاخەوان بەکر جەختی کردەوە کە سەرجەم رێکارەکان بۆ رێگریی کردنە لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستانە.
سلێمانی- بڕیار نامیق