دکتۆر سیروان محەمەد: هیچ حاڵەتێک لە گەرمیان تۆمار نەکراوە بەڵام بە گومانەوە لە دۆخەکە دەڕوانین

23/03/2020

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان رایدەگەیەنێت؛ سەرباری ئەوەی تائێستا هیچ حاڵەتێکی توشبون بە کۆرنا لە سنورەکەیان تۆمار نەکراوە، بەڵام لەرێگەی تیمەکانیانەوە بەردوام پشکنین بۆ هاوڵاتیان دەکەن و بە چاوی گومانەوە دەڕواننە دۆخەکە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنورەکە.

د. سیروان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان لە لێدوانێکدا بۆ (سبەی) ئاماژەی بەوەکرد، وەکو تەندروستی گەرمیان پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی کەرەنترین کردن، خاڵێکی پشکنینی (24) سەعاتیان لە مەرزی پەروێزخان جێگیرکرد بۆ پشکنینی هەمو ئەو کەسانەی لە ئێران دەگەڕانەوە، هەروەها دوای قەدەغەی هاتوچۆش لە رۆژی (20/2/2020)ەوە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پڕۆسەی کەرەنتین بۆ ئەو کەسانەی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە.

وتیشی: لە سنوری نێوان گەرمیان و ناوچە کێشەلەسەرەکان، شەش زاڵگە هەیە کە لە سەرجەمیان تیمی تەندروستی (24) سەعاتی جێگیرکراوە کە پشکنینی سەرەتایی بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەکەن کە رو لە گەرمیان دەکەن و ئاماری وردیش کۆدەکەنەوە.

بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان رونیشیکردەوە کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە هۆشیاری تەندروستییان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بڵاوکردوەتەوە و دوای داخستنی خوێندنگەکانیش، چەند تیمێکی تایبەت دروستکران بۆ سەرپەرشتیکردنی کەرەنتینەکان و هەروەها پشکنینی شۆفێران و بارهەڵگران، جگە لەوەش دەرمانپرژاندن بۆ هەمو ئۆتۆمبێلێک دەکرێت کە لە ئێرانەوە دێت.

دکتۆر سیروان محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرباری ئەوەی تائێستا هیچ حاڵەتێکی توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنورەکەیان تۆمارنەکراوە، بەڵام تیمەکانیان بەردەوام نمونەی هەڕەمەکی لە هاوڵاتیان وەردەگرن بۆ پشکنین، چونکە بە چاوی گومانەوە سەیری دۆخەکە دەکەن و دەیانەوێت کە کۆنتڕۆڵی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنورەکە بکەن.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان سوپاسی دانیشتوانی سنورەکەی کرد کە پابەندی رێنماییەکان و قەدەغەی هاتوچۆن و وتی: پابەندبونی هاوڵاتیان نەبوایە ئەوان وەکو تەندروستی گەرمیان نەیاندەتوانی بە سەرکەوتویی کارەکانیان رایی بکەن.


هەواڵی زیاتر