وەزیری بازرگانی: هەفتەی داهاتوو بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان دابەش دەکرێت
26/03/2020
وەزیری بازرگانی هەرێم رایدەگەیەنێت، جوڵەی بازرگانی لە سنورەکان بەردەوامیان هەیە و بڕی خۆراکی پێویست لە هەرێمی کوردستان بەردەستە.
کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی دیجیتاڵ میدیای (KNN)دا رایگەیاند: هەموو ئەو رێگایانەمان گرتوەتە بەر بۆئەوەی خۆراکی پێویست بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابین بکەین و نەهێڵین کەمی خۆراک روو لە هەرێم بکات.
ئاماژەی بەوە کرد، جوڵەی بازرگانی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی دێنە هەرێمی کوردستان زیادی کردوە و تەنها لەماوەی یەک رۆژدا (2193) بارهەڵگر بە جێبەجێکردنی سەرجەم رێنماییە تەندروستیەکانەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستانەوە، بەجۆرێک لە مەرزی باشماخ (493) بارهەڵگر، مەرزی پەروێزخان (510) بارهەڵگر، مەرزی حاجی ئۆمەران (305) بارهەڵگر و لە مەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە (885) بارهەڵگر هاتونەتە هەرێم.
کەمال موسلیم وتیشی؛ " لە سەرجەم دەروازە سنوریەکانە بەردەوام خۆراک دەگاتە هەرێم و بڕی تەواوی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بەردەستە، کە تەنها لە کۆگاکانی پێنج کۆمپانیادا هەشت هەزار تەن برنج هەیە و (20) هەزار تەنی دیکە بەڕێگاوەن بۆ هەرێم و یەک ملیۆن لیتر زەیت تەنها لە دوو رۆژی رابردودا گەیشتوەتە هەرێم و چوار هەزار تەن پاقلەمەنی و شەش هەزار تەنی دیکەش بەڕێگاوەن و دەگەنە هەرێم".
وەزیری بازرگانی هەرێم ئاشکرای کرد، بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان بەردەستە و لە رۆژی یەک شەممەوە دەگاتە بریکارەکانی خۆراک و هەفتەی داهاتوو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت.
کەمال موسلیم دەڵێت: "لە ئێستادا بۆردێکمان بۆ دابینکردنی خۆراک پێکهێناوە و ئاسانکاری تەواومان بۆ سەرجەم بازرگانەکان کردوە بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک بهێننە هەرێم".
وتیشی: "وەک حکومەتی هەرێم بڕیارمانداوە (30) هەزار تەن ئارد و شەش ملیۆن لیتر زەیت و هەزار و (500) تۆن لە هەریەکە لە نیسک و فاسۆلیا و نۆک لە دەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستانی بکەین و بیکڕین لەکاتی پێویستدا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەکەین".
کەمال موسلیم وەزیری بارزگانی هەرێم پەیامێک ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات و دەڵێت: "کەمی خۆراک روونادات و بازاڕەکانی هەرێم پڕ دەکەین لە خۆراک، بۆیە پێویست ناکات هیچ هاوڵاتیان خۆراک لە ماڵەکانیاندا کۆبکەنەوە".