د.هەڤاڵ ئەبوبەکر: بەهۆی خۆڕاگریتانەوە دۆخە سەختەكان پێدەنێنە قۆناغەكانی كۆتایی

26/03/2020

پارێزگارى سلێمانى رایدەگەیەنێت، خۆراك‌ و سوتەمەنیی ‌و كاڵا و پێداویستیەكان بە قەبارەی زۆر و شیاو لەبەردەستدان و هەموویان لەژێر كۆنترۆڵی وردی چاودێری نرخ ‌و جۆر و قەبارەو دابەشكردنی شیاوانەدان.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى لە پەیامێکدا سوپاسى هاوڵاتیان دەکات بۆ خۆپارێزى و خۆڕاگریى و پابەندبونیان بە رێنماییە تەندروستى و بڕیارە کارگێڕیەکانەوە.

وتیشى: "پابەندیی و خۆپارێزیتان، خۆڕاگریی و خۆبەخشیتان، نیشانەی هۆشیاریی‌ و دانشمەندیی‌ و گیانی بەرزی بەرپرسیارێتیتانە،  بۆیە شایانی سوپاس ‌و ستایش ‌و پێزانینێكی زۆرن، كە بەهۆی خۆڕاگریتانەوە بە پشتیوانی خوداو هیمەتی مەردان، دۆخە سەختەكان پێدەنێنە قۆناغەكانی كۆتایی".

ئاماژە بەوە دەکات، ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بەسەر جیهاندا هاتووە، دۆخێكی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخێكی نوێتر دەهێنێتە كایەوە، كە پێویست دەكات سەبەتەی خۆراكیی ‌و چارەسەرسازیی ‌و ئاسایشی ئابووریش، بەهەمان شێوەی ئاسایشی تەندروستیی ڕێكبخەین ‌و یەكبخەین.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پەیامەکەیدا دەڵێت: " دڵسۆزانە و خزمەتكارانە، داوا لە هەموو ئێوەی ئازیز دەكەم، كە كۆتایی بە بەهەدەردانی خۆراك و پێداویستیەكانی ڕۆژانە بهێنن، ئەوەندە بەكاربهێنن كە پێویستیانە، بۆئەوەی هیچ بەش ‌و ژەمەخۆراكێك زیاد لە پێویست نەبێت ‌و نەكرێتە سەبەتەی خۆڵەكانەوە، هەروەها داواتان لێدەكەین زیاد لە پێویستی خۆتان  خۆراك‌ و پێداویستیەكان مەكڕن، چونكە هەموو ئەمانە ئەگەری خراپبوون ‌و كۆنبوون ‌و بەسەرچوونیان هەیە و سەرەتایەكی ترسناك دەبن بۆ برەودان بە گیانی خۆپەرستیی ‌و خوڵقاندنی قەیرانی ئابووریی".

پارێزگارى سلێمانى دڵنیایى دەداتە هاوڵاتیان و ئەوە دەخاتەڕوو، كە جوڵە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەردەوامە و خۆراك‌ و سوتەمەنیی ‌و كاڵا و پێداویستیەكان بە قەبارەی زۆر و شیاو لەبەردەستدان، کە هەموویان لەژێر كۆنترۆڵی وردی چاودێری نرخ ‌و جۆر و قەبارە و دابەشكردنی شیاوانەدان.


هەواڵی زیاتر