وەزیرى دارایى: بە دڵسۆزى و دیراسەکردنى سەرجەم بژاردەکانەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەین

27/03/2020

وەزیرى دارایى رایدەگەیەنێت؛ پەتاى کۆرۆنا چۆن کاریگەرى لەسەر دۆخى تەندروستى و دارایى وڵاتانى زلهێز داناوە بەهەمان شیوە کاریگەرى لەسەر حکومەتى هەرێمیش هەیە بەو پێیەى ئێمە نە یەدەگمان هەیە نا ئابورییەکى نیشتیمانى ئەو بڕە پارەیەش کە لە بەغداوە دێت لەکاتى خۆیدا نایەت و وادەکەى لەدەست حکومەت هەرێمدا نییە، دەشڵیت ئەوانەى موزایەدە دەکەن خۆیان بەهۆى ئەم دۆخە نائاسایەوە ناتوان دەوام بکەن.

ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێم لە بەرنامەیەکى کەناڵى (روداو) رونیکردەوە کە نزیکەى (50%)ى موچەى هەرێمى کوردستان لە بەغداوە کە بڕەکەى بە ژمارە (453) ملیار دینارە، بەڵام بە فیعلى (441) ملیار دینار دەگاتە دەستى ئێمە، ئەم مانگەش ئێمە لە (5/3/2020)ەوە نوسراومان ناردوە بۆ دابین کردنى ئەو بڕە پارەیە و بەردەوام لەسەر هێڵ بوین لەگەڵ وەزارەتى دارایى حکومەتى فیدراڵ و سەربارى هەوڵ و تەقەلاى زۆر لە (26/3) واژۆکراوە و خراوەتە سەر حسابى ئێمە.

ئەوەش دەخاتەڕو کە ئەو بڕە پارەیەى بەغدا دەینێرێت بۆ موچەى (682) هەزار موچەخۆرە، بەڵام هەرێمى کوردستان زیاتر لە (یەک) ملیۆن و (200) هەزار موچەخۆرى هەیە و باقییەکەى لە داهاتى ناوخۆ و فرۆشتنى نەوت دابین دەکەین، بەڵام لەئێستادا نرخى نەوت وەک هەموان دەزانن بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزیوە و داهاتى ناوخۆش بۆ (30%) کەمى کردوە.

هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى، ئەگەر ئەو داهاتانە وەک خۆى و لەکاتى خۆیدا بێت ئەوا دەتوانن موچە لەکاتى دیارکراودا دابەش بکەن ئەگەر نەشیەت دەبێت خەڵک بزانێت کە کۆرۆنا موسیبەتێکى جیهانییە و چۆن کاریگەرى لەسەر وڵاتانى زلهێزى وەک چین و ئەمەریکا و فەڕەنسا و تەواوى ئەوروپا و وڵاتێکى وەک ئێران هەیە، کاریگەرى لەسەر ئێمەش هەیە و دەڵێت:"حکومەتى هەرێم شانەى قەیرانى دروستکردوە بۆ روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا و هەمو ئۆیپشن (بژاردانە)ى لە خەیاڵى خەڵکە دڵسۆزەکان و خەیاڵى (شیعاربازەکان)دا هەیە دیراسەى کردوە و بە دڵسۆزى و راستگۆییەوە کاریان لەسەر دەکات".

وەزیرى دارایى رەخنە لەوانە دەگرێت کە موزایەدە بەسەر حکومەت و وەزارەتى داراییەوە دەکەن و دەڵێت:"پەرلەمان خۆى بەهۆى کاریگەرى کۆرۆناوە دەوامى راگیراوە، بەڵام پەرلەمانتار هەیە دەڵێت دەبێت حکومەت بێ هیچ پاساوێک موچە دابەش بکات، لەکاتێکدا نە هەرێم یەدەگى پارەى هەیە و نە ئابوریەکى نیشتیمانى هەیە و نە نرخى نەوت و وادەى رەوانەکردنى ئەو پارەیەش کە لە بەغداوە دێت لە دەستى ئێمەدایە".

ئاوات شێخ جەناب دوپاتى دەکاتەوە کە تا پارەى موچە ئامادەبێت، بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکەن، بەڵام دەبێت هەموان ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە دۆخێکى نائاسایى و جیهانى سەخت لەپێشە کە بە موزایەدە و دروشمبازى و ژاوەژاو چارەسەر نابێت و "پێویستە لەگەڵ میلەتى خۆمان راستگۆ بین، لەبرى ئەوەى ئاسایشى نیشتیمانى تێک بدەین بە راستگۆیى ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین و دەبێت هەموان بزانن کە پێویستە داهات و خەرجى لانى کەم هاوشانى یەکتر بن، بەڵام ئێمە خەرجیمان زیاترە لە داهات و موسیبەتێکیش لەئێستادا هەمو دنیاى گرتوەتەوە و ئێمەش بەشێکین لەو دۆخە".

لەبارەى میکانیزمى دابەشکردنى موچەشەوە دەڵێت:"ئێمە لە هەماهەنگیداین لەگەڵ وەزارەتەکان بۆئەوەى کام رێگەیە لە هەموى سەلامەتترە بۆ گەیاندنى موچە ئەوە پەیڕەو بکەین، دابەشکردنى موچە پێویستە لە چوارچێوەى رێکارەکانى وەزارەتى تەندروستى و ناوخۆا بێت".

لە چوارچێوەى بەرنامەکەدا، پێشکەشکارى بەرنامەکە چەند جارێک پرسیارى کرد لەبارەى ئەوەى ئایا لەم دۆخەدا موچە کەم دەکرێتەوە یان دەگاتە ئەوەى موچەى بەشێک لە موچەخۆران نەدرێت، وەزیرى دارایى رونى کردەوە کە هەمو هەوڵى وەزارەتى دارایى و حکومەت ئەوەیە کە لەم قەیرانەدا کە بەرۆکى هەرێم و جیهانى گرتوە، خەڵکى هەرێمى کوردستان بە کەمترین زیان لێى دەربچێت.



هەواڵی زیاتر