سلێمانى؛ بەمەرج بانکە ئەهلیەکان رۆژانە سێ سەعات دەکرێنەوە
29/03/2020
لە سبەینێوە (30/3/2020) بە پابەند کردنیان بە کۆمەڵێک مەرج، بانکە ئەهلیەکان لە سنورى سلێمانى دەکرێنەوە و کۆمپانیاکانى دابەشکردنى خۆراک و پێداویستیەکان دەبێت لە سەعات (8)ى شەو بۆ (6)ى بەیانى کارەکانیان بکەن.
بەپێى راگەیەندراوى لیژنەى باڵاى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى سلێمانى، ئەمڕۆ لیژنەکە بە سەرۆکایەتى پارێزگارى سلێمانى کۆبوەتەوە و چەند بڕیارێکى دەرکرد تایبەت بە رێکارەکانى ماوەى قەدەغەى هاتوچۆ و خۆپارێزى لە پەتاى کۆرۆنا و چۆنیەتى مامەڵەکردنى کۆمپانیا و بانکە هەلیەکان و نۆرینگەکان و لە راگەیەندراوەکەشدا هاتوە؛ " پێویستە هەمو ئەو كەسو دەستەو لایەنو كۆمپانیایانەی كاری خێرخوازی دەكەن، لیستی تایبەت بەو خێزانە بەڕێزانەی سودمەند دەبن ئامادە بكەن و ئەو لیستانە بگەیەننە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكانی كە ئەو كارە مرۆییە نیشتمانیانەی تێدا جێبەجێ دەكەن، بۆئەوەی زۆرترین خێزان بێ دوبارەبونەوە سودمەند بنو بخرێنە بەرنامەی پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانو پارێزگاو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە".
دەقى بڕیارەکانى لیژنەى ئۆپەراسیۆنەکان
ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبۆوە. لە كۆبونەوەكەدا بەوردیی گفتوگۆو هەڵسەنگاندن بۆ میكانیزم و ڕێكارەكانی باشتر خۆپارێزییو چارەسەرسازیی پەتای كۆرۆنا كرا.
دواتر ئەم بڕیارو ڕێنماییانە دەرکران:
١. لە رۆژی (٣٠/ ٣/ ٢٠٢٠)ەوە، لە سەعات (٩)ی بەیانی بۆ (١٢)ی نیوەڕۆ بانكە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەم مەرجانەی خوارەوە دەكرێنەوە:
أ- پەیڕەوكردنی تەواوی مەرج و ڕێنماییە تەندروستیەكان.
ب- لە هەر بانكێكدا نابێت لە (٥) كارمەند زیاتر بە (بەڕێوەبەرو كارمەندەكانیشەوە) دەوام بكات.
ت- دەبێت بەپێی لیستێك سەردانكەران ڕێكبخرێنو كاتی پێشوەختیان بدرێتێو نابێت لەیەك كاتدا لە دو كەس زیاتر بێتە بانكەكەوە.
پ- پێویستە كارمەندانو سەردانكەرانی بانكەكان پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیو كارگێڕیو ئارامیەكانیان بن.
ج- پێویستە بانكەكان پاكژ بكرێنەوەو دەرمانپژ بكرێن.
٢. هەمو ڕێكخستنو مۆڵەتپێدانێكی كەرتی كشتوكاڵیو خانوی پلاستیكیو كێڵگەو نەمامگەو هەنگەوانیو...تاد لەلایەن فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانیەوە دەبێت بەهەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكانو فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیو ئاسایشی خۆرئاوا لە شوێنە جیاجیاكاندا بەپێی سنوری كارگێڕی خۆیان.
٣. كۆمپانیاكانی دابەشكاریی خۆراكو پێداویستیەكان لەناو شاری سلێمانیدا كارەكانیان لە سەعات (٨)ی شەو بۆ (٦)ی بەیانی جێبەجێ دەكەن.
٤. یەكێتی كۆمپانیاكانی دابەشكاریی تا دوای تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هیچ ئەندامێكی نوێ وەرناگرنو هیچ بڕە پارەیەك بۆ ڕسوماتی ڕێگەپێدان وەرناگرنو بە هەماهەنگیی لەگەڵ قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانیو بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی كارەكانیان دەكەن.
٥. دەست بە دابەشكردنی ئارد بەسەر بریكارەكاندا كراوەو لەدوای (١/ ٤/ ٢٠٢٠)ەوە بەپێی بەرنامەیەكی گونجاو دەست بە دابەشكردنی خۆراك بەسەر بریكارەكاندا دەكرێتو پێویستە بریكارەكانو هاوڵاتیانیش لە سنوری گەڕەكەكانیاندا پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستیو كارگێڕیو ئارامییەكان بن.
٦. كاركردن بە كرێكارانو توانستمەندانی بیانیی لە كارگەو كۆمپانیاكاندا، ئاساییە بە مەرجێك پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستیو كارگێڕیو ئارامییەكان بنو هیچ هاتوچۆیەك لە دەرەوەی دامەزراوەكانیاندا نەكەن.
٧. پێویستە هەمو فەرمانگەكان لەكاتی وەرگرتنی موچەدا پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستیو كارگێڕیو ئارامییەكان بكەنو بەڕێوەبەرانو جێگرانیان بە نوسراوی ئەو فەرمانگەیەی ئەو ڕۆژە موچە وەردەگرێتو بە ناسنامەكانیان كارئاسانیان بۆ دەكرێت.
٨. هەر فەرمانگەیەكی خزمەتگوزاریی لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، یان بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەكەیەوە بەهەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكانی سنورەكەی خۆی لەكاتی دەوامكردنو ئەركی فەرمیدا كاری هاتوچۆی كارمەندەكانی خۆی ڕێكدەخات. هەر كارمەندێك لە ئەركدا نەبێتو قەدەغەی هاتوچۆ بشكێنێت و بۆ كاری تایبەتی ئۆتۆمبێلەكەی بەكاربێنێت، سزا دەدرێت.
٩. نۆرینگەكان بەپێی بەرنامەیەكی دیاریكراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیو سەندیكای كارمەندانی تەندروستی سلێمانیەوە بەشێوەی (تەناوب)و بەپێی پێویستی گەڕەكەكان لەسەر بنەمای ئەم مەرجانە كاردەكەن:
١- پێویستە نۆرینگە بە دەرمانی دژە ڤایرۆس ڕەشكرابێت.
٢- كارمەندی نۆرینگە دەبێت بە ماسكو دەستكێشو گاونی پزیشكی كاربكات.
٣- پێویستە جێڵی تەعقیم بۆ هاوڵاتیان لەبەردەست بێت بەبەردەوامی.
٤- نابێت قەرەباڵخی لە نۆرینگەدا هەبێت، واتە ماوەی نێوان دو كەس لانی كەم لە یەك مەتر كەمتر نەبێتو لە یەك كاتدا یەك كەس زیاتر نەبینرێتو بە ئاگاداری لە ناوەوەو دەرەوەی نۆرینگەكە هەڵبواسرێت.
٥- نابێت چارەسەری ئەو كەسانە بكرێت كە نیشانەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان هەیە.
٦- لەكاتی بونی گومانو زانیاری لەسەر هەركەسێك بە توشبون یان نیشانەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ پێویستە ڕێنوێنی بكرێت سەردانی ئەو شوێنانە بكات كە دەستنیشان كراون بۆ پشكنین یان چارەسەر.
٧- پێویستە سجلی تۆماری سەردانكەران بۆ نۆرینگە هەبێت كە سەرجەم زانیارییەكانی تێدا تۆماربكرێت.
١٠. تیمەكانی چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ زیاد دەكرێنو شەو ڕۆژ بەبەردەوامیی لە ئەركدا دەبن.
١١. بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەری سلێمانی بە هەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكان، كاری پێویست بۆ ڕێكخستنو مۆڵەتپێدانی هاتوچۆی ئەو بوارانە جێبەجێ دەكات كە دەكەونە پسپۆڕیو دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەرییەوە.
١٢. بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردرا، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و موختاری گەڕەكەكان، لیستی ئەو خێزانانە ئامادە بكەن، كە پێویستیان بە بەرنامەی پشتیوانیكردنە.
١٣. پێویستە هەمو ئەو كەسو دەستەو لایەنو كۆمپانیایانەی كاری خێرخوازیی دەكەن، لیستی تایبەت بەو خێزانە بەڕێزانەی سودمەند دەبن ئامادە بكەنو ئەو لیستانە بگەیەننە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكانی كە ئەو كارە مرۆییە نیشتمانیانەی تێدا جێبەجێ دەكەن، بۆئەوەی زۆرترین خێزان بێ دوبارەبونەوە سودمەند بنو بخرێنە بەرنامەی پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانو پارێزگاو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
٢٩/ ٣/ ٢٠٢٠