دانا عەبدولکەریم: ھەمو ھەوڵی تیمی گۆڕان ئەوەیە لە ھیچ حاڵێکدا موچەی فەرمانبەران گۆڕانی بەسەردا نەیەت

31/03/2020


وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت؛ تائێستا ھیچ بڕیارێک نییە بۆ کەمکردنەوەی موچە، موچەش بەیاسا رێکدەخرێت و لە پەرلەمانەوە دەبێت و حکومەتی ھەرێم دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستکاری موچە بکات. جەختیش دەکاتەوە، ھەمو ھەوڵی تیمی گۆڕان لە حکومەت ئەوەیە کە لەھیچ حاڵێکدا موچەو بژێوی ھاوڵاتیان گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی ھەرێم لە بەرنامەیەکی رادیۆی دەنگی گۆڕان رایگەیاند؛ بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای رێککەوتنێک لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری حکومەتی کردوە، ناوەرۆک و بەندەکانی ئەو رێککەوتنە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نوسراوە، بنەمای سەرەکی بەشداری گۆڕان لە حکومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بوە لە دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەر لە سەرەتاشەوە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوە کە ھەرێمی کوردستان بەرەو دامەزراوەیی ببات و کارکردن بۆ نەھێشتنی گەندەڵی، ھەروەھا ھەوڵبدەین کوردستان قەوارەیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بەھێز بێت کە بتوانێت خۆشگوزەرانییەکی باش بۆ ھاونیشتیمانیانی کوردستان دابین بکات، لەم چوارچێوەیەشدا ریککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان داڕشتوە، لەکاتی گفتوگۆکانیشدا ئەوانیش ھاوڕای ئێمە بون کە کوردستان چیتر دۆخەکەی ئەوە قبوڵ ناکات کە چاوپۆشی لە نەکردنی چاکسازی بکەین، واتە چاکسازی بەلای ئێمەو پارتی و یەکێتیش کە دواتر بە رێککەوتنێک لەگەل پارتی بەشداری حکومەتی کردوە بنەمای سەرەکیمان کردوە بە چاکسازی لە دامەزراوەکان.

وتیشی: ئەگەر سەیری کارنامەی حکومەت بکەیت، یەکەم خاڵی کارنامەکە بە چاکسازی دەستپێدەکات، واتە ئەمە بنەمای کاری سەرەکی کابینەی نۆیەمەو لەسەر ئەو بنەمایەش بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری کردوە.

بەڵام ھەقیقەتێک ھەیە دەبێت ھاوڵاتیان و گۆڕانخوازان و ھەمو کەسێک بزانێت کە ناکرێت کەموکوڕییەکانی ساڵانی رابردو و باش بەڕێوەنەبردنی ھەرێمی کوردستان و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە رابردودا کە کاریگەریی لەسەر ئێستامان داناوە بەرپرسیارێتی ئەم کابینەیە نیە کە قەرزێکی زۆری ھاتوەتە سەرو قاسەیەکی بەتاڵی ھاتوەتە بەردەست، چونکە کابینەی نۆیەم چاکسازی کردوەتە بەرنامەی خۆی بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لەم دۆخە رزگار بکات.
لەو چوارچێوەیەشدا کە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری کابینەکەی کردوە بەرنامەی خۆی داناوەو لەسەر ئەو بەرنانەیەش کاری خۆی دەکات و سورین لەسەر ئەوەی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان بەئامانجی خۆی بگات. ھاوڵاتیانیش دڵنیا دەکەینەوە تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە لەسەر ئەو بنەمایە بەشداری حکومەتمان کردوە.

سەبارەت بە پرسی موچەی فەرمانبەرانیش، دانا عەبدولکەریم دەڵێت: تانەدان لە گۆڕان و بەرپرسیارێتی خستنە ئەستۆی گۆڕان لەدواکەوتنی موچە یاخود بابەتی دەسکاریکردنی موچە دورە لە راستیەوە، چونکە یەکەم ھەرێم خاوەنی ئابورییەکی بەھێز نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ باش بەڕێوەنەبردنی ھەرێم لە ساڵانی رابردودا. دوەم وەزارەتی دارایی کە لای بزوتنەوەی گۆڕانە چوار سەرچاوەی لێوە دێت بۆ حکومەت کە لای ھەموان رون و بەرچاوە، ئەوانیش، سەرچاوەیەک لە حکومەتی ناوەند، داھاتی ناوخۆ، داھاتی فرۆشتنی نەوت و سەرچاوەیەکی کەمیش لە ھاوپەیمانانەوە دەدرێت بە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەو سەرچاوانە کە دێتە بەردەست وەزارەتی دارایی زۆر بە شەفافانە  مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و کاک ئاواتیش یەکێک بوە لە وەزیرە سەرکەوتوەکان و ئەرکەکانی زۆر بەباشی جێبەجێکردوە.

لەبەشێکی تری بەرنامەکەداو لە پرسی چاکسازیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەکرد، لێکدانەوەیەکی ھەڵەیە چاکسازی تەنھا لە موچەدا کورت بکرێتەوە، لە رێککەوتنەکەمان بۆ بەشداری لە حکومەت چاکسازی لە دو خاڵی سەرەکیدا ھاتوە؛ خاڵێکیان تایبەتە بە چاککردنی موچەی فەرمانبەران کە ئەوانەی فەرمانبەری راستەقینەن شایستەی تەواوی خۆیان وەربگرن، ئەوەی تریان پەیوەندی بەچاکسازی گشتییەوە ھەیە لەروی کارگێڕی و ئابوریی و بابەتەکانی تری پەیوەست بەژیانی خەڵکەوە.

وتیشی: "ئێمە ئەو خاڵەمان جێبەجێ کردوە کە تایبەت بوە بە موچەو دەرماڵەو ئەوەی پەیوەندیدار بوە بەخانەنشینییەوە، راستە یاساکەش کە لە حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان کراو ھەندێک ھەموارکردنەوەی تێدا کرا، بەڵام یاساکە بەشێوەیەک دەرچوە لانیکەمی داخوازییەکانی ئێمەی تێدایە چونکە ئێمە پێمان خۆشبو باشتر یاساکە دەربچوێنین، بەڵام لانیکەمی کۆدەنگی ھەمو لایەنە سیاسییەکانی تێدایە کە بەوشێوەیە دەربچێت. یاساکەش لەروی ناوەرۆک و رواڵەتەوە زۆرباشە، بەجێبەجێکردنی بەشێکی باش لە دادپەروەری دێتەدی و بەشێکی باش لەداھاتیش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی. ئەمە بەشی یەکەمی چاکسازییە، بەشی دوەمی چاکسازیش کە گشتییە ئێستا تیمێکی ھاوبەش ھەیە لەنێوان ئێمەو پارتی کە تایبەتە بەیەکێک لەخاڵەکانی رێککەوتنەکەمان ئەویش چاکسازی گشتییە، ئەم تیمە کارەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی بەچەند یاسایەک چاکسازی لەبوارەکانی کارگێڕی و دارایی و بوارەکانی تری پەیوەست بەژیانی خەلکەوە بکات. واتە ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە کاری تێدا دەکەین بۆیە ئەڵێین سورین لەسەری و پاشەکشەی نییە".

لەپرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران ھیچ ئاماژەیەک بۆ کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران کراوەو سەبارەت بەوەی سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بۆ کردوە کە دەلێت دەستکاری موچە دەکرێت، دانا عەبدولکەریم وتی: "موچە بەیاسا رێکدەخرێت، یاساش لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەردەچێت واتە حکومەتی ھەرێم بەھیچ شێوەیەک دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستکاری موچە بکات. لەدوا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش کە لە ٢٥ی شوبات کرا بەھیچ شێوەیەک قسەی لەسەر نەکراوە. بەڵام بەھۆی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، شانەی قەیران دروست بوە لەئەنجومەنی وەزیران کە چەند وەزیرێکی پەیوەندیدار بەشدارن، لەوێ چەند پێشنیارێک کراوە بۆ رێکخستنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەوەندەی من تائێستا زانیاریم ھەبێت بەھیچ شێوەیەک بڕیاریان لەسەر کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران نەداوە، ئەگەر بڕیارێکی لەوشێوەیە ھەبێ دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام تائێستا ھیچ پێشنیار و بڕیارێک لەوبارەیەوە نییە. سەبارەت بەوەی سەرۆکی پەرلەمانیش ئاماژەی بۆ کردوە، بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان لەپێگەیەکی بەرپرسیاردایەو یەکێکە لە سەرۆکی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان نازانم ئەوە راستە یان نا، ئەو سەرۆکی پەرلەمانە دەتوانێت کاربکات بۆ ئەوەی باشترین رێکاری یاسایی بۆ پاراستنی ژیانی فەرمانبەران و ھاوڵاتیان بگرێتەبەر، ئەوەی منیش زانیاریم ھەبێت شانەی قەیرانی دارایی ھەرێمی کوردستان بەھیچ شێوەیەک بڕیاری لەسەر کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران نەداوە.

ھەروەک ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا ئابوری ھەرێم ھاتوەتە خوارەوەو داھات بەشێوەیەکی زۆر کەمبوەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەڕێوەبردنی یەکە کارگێڕییەکان و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکات، نەک ئەم حکومەتە ھەر حکومەتێکیش بێت کاتێک داھات کەمدەکات کار لەسەر رێکخستنەوەی خەرجییەکان دەکات، ئێمەش وەک تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت بنەمای سەرەکی کارکردنمان ئەوەدەبێت، کە ئەم کەمکردنەوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان ھەتا بۆمان دەکرێت کار لەسەر بژێوی ژیانی فەرمانبەران و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نەکات. لەوانەیە ھەندێک لە خزمەتگوزاری و پڕۆژەو سێکتەرەکان خەرجییەکانیان کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین موچەی فەرمانبەران وەک خۆی دابین بکرێت. بۆیە لە ھەمو حاڵەتێکدا وەک تیمی گۆڕان لەگەڵ ئەوەین ھەوڵبدەین ئەو قەرزانەی لای کۆمپانیاکانە کە ھی حکومەتە وەریبگرینەوە، ئەگەر پێمان کرا قەرزی دەرەکی بکەین بۆ ئەوەی لە ھیچ حاڵەتێکدا موچەی فەرمانبەران گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت.

لەبارەی بەرپرسیارێتی گۆڕان لە حکومەتدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند: «گۆڕان بەرپرسیارێتییەکی ھاوبەشی ھەیە لەناو حکومەتدا بەپێی ئەو وەزارەتانەی لایەتی و بەپێی ئەو دامەزراوانەی گۆڕان دەیبات بەڕێوە. ھەر کەموکوڕییەک ھەبێت لەو دامەزراوانەی لای گۆڕانە شایەنی ئەوەیە لەلایەن خەڵک و گۆڕانخوازانەوە رەخنەی لێ بگیرێت، بەڵام بابەتێک پەیوەندیدار بێت بە بڕیاری ھەمو حکومەتەکەوە، پەیوەندیدار بێت بەوەی کابینەکە بەکۆی گشتی دەنگی لەسەر بدات،ئەوە بەرپرسیارێتی ھەمو لایەنەکانە. بەشداری گۆڕانیش لە حکومەت لەسەر بنەمای رێکەوتنێک بوە کە بۆ ھەمو خەڵک رونکراوەتەوەو رونە کە لەپێناوی خەڵکدا بەشداریمان کردوە، ئەم کابیەنەیەش لەسەر پایەی چاکسازی دروست بوەو دەبێت ئەم پایەیە بە بەھێزی بھێڵینەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بین. جارێکی تر دڵنیایی دەدەینە فەرمانبەران و ھاوڵاتیان کە تیمی وەزاری گۆڕان لەگەڵ کەمکردنەوەی موچەو بژێوی خەڵکی کوردستان نییە. بەڵام دەبێت ئەو راستییەش بزانین کە داھاتی حکومەتی ھەرێم وەک چەند مانگی پێشو نەماوەو کەمدەکات، بەڵام لە ھەمو حاڵێکدا ھەوڵبدەین ئەو قەرزانەی لای کۆمپانیاکانە کە ھی حکومەتە وەریبگرینەوە، ئەگەر پێمان کرا قەرزی دەرەکی بکەین بۆ ئەوەی موچەو بژێوی ھاوڵاتیان دابین بکەین.


هەواڵی زیاتر