پارێزگاری‌ سلێمانی‌: پێشنیاز دەدەین بە حکومەت بۆ لێخۆشبون لە کرێ و باجەکان

04/04/2020


پارێزگاری‌ سلێمانی‌ رایدەگەیەنیت؛ پێدانی‌ موچە بەردەوام دەبێت و بۆ ئەوەش رێکاری‌ پێویست گیراوەتەبەر، دەشڵێت: کۆمەڵێک پێشنیازمان پەسەندکردوە و دەیدەین بە حکومەت تا بیخاتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە بەتایبەت لە لێخۆشبونی‌ حکومەت بۆ کرێی‌ خانو و دوکانەکان باجەکان.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پاریزگاری‌ سلێمانی‌، لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەوانی‌ ژوری‌ ئۆپراسیۆنی‌ روبەروبونەوەی‌ کۆرۆنا لە سلێمانی‌ رایگەیاند: لە نیوەڕۆی‌ ئەمڕۆوە رێکارەکان بە باشی‌ ئەنجامدراون و هاوڵاتیان بە هۆشیارییەکی‌ بەرزەوە پابەند بون.

دەشڵێت: هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ قەیرانێک بونی‌ نیە و پێداویستی‌ خۆراک و نەوت بە تەواوی‌ دابینکراوە و جوڵەی‌ بازرگانیش بە شێوەیەکی‌ رێکخراو و بە ڕەچاوکردنی‌ رێکارە تەندروستییەکانەوە بەردەوامە.

سەبارەت بە دابەشکردنی‌ موچە، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ باسیلەوەکرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبونەوەمان کردوە و پێدانی‌ موچە ناوەستێت، بۆ ئەوەش کە کێشەی‌ هاتوچۆ بۆ ئەو فەرمانبەرانە دروست نەبێت کە موچە وەردەگرن، تیمەکان ئاگادار کراونەتەوە کە هەر رۆژێک کەرتێک یان وەزارەتێک موچە وەرگرن دەبێت هاوکاریان بکەن و پێویستیشە ئەو فەرمانبەرانە بەڵگەنامەکانیان پێ بێت و نابێت منداڵ و کەسوکاریان لەگەڵدابێت.

هەروەک باسیلەوەکرد، لە کۆبونەوەی‌ ژوری‌ ئۆپراسیۆنەکانی‌ روبەڕوبونەوەی‌ سلێمانی‌ چەند پێشنیازێکیان ئامادەکردوە و دەینێرن بۆ حکومەت و وەزارەتی‌ ناوخۆ بۆ ئەوەی‌ لە هەنگاوەکانی‌ داهاتودا جێبەجێبکرێن، بەتایبەت لە کردنەوەی‌ مارکێت و دوکانەکان  و بانکەکان کە پێویست دەکات بە تەواوی‌ پابەندی‌ رێنماییەکان ببن.

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی‌ بەوەشکرد، لە پێشنیازەکانیاندا کە دەیگەیەنن بە ئەنجومەنی‌ وەزیران داواکراوە کە لێخۆشبون حکومەت بۆ کرێی‌ خانو و دوکان و بازاڕەکان و باجی‌ داهات و باجی‌ دەرامە و باجی‌ ساڵانە پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی‌ باری‌ سەرشانی‌ هاوڵاتیان لەم دۆخەدا قورستر نەبێت.


هەواڵی زیاتر