د.هه‌ڤاڵ ئەبوبەکر: داوامان کردوە بە ئه‌ندازه‌یه‌ك خه‌رجی دیاریكراو دابنرێت بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م دۆخه‌ كاری لێكردوون

06/04/2020

پارێزگارى سلێمانى رایدەگەیەنێت، داوامان كردووه‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك خه‌رجی دیاریكراو دابنرێت بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ژیانیان نیه‌ و ئه‌م دۆخه‌ كاری زۆر لێكردوون به‌هۆی وه‌ستانی كاری ڕۆژانه‌یانه‌وه‌.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا دەڵێت: "پێشنیازمان بۆ حكومه‌ت كردووه‌‌ له‌كرێی عه‌قارات و موڵكه‌كانی خۆی خۆش بێت و له‌باجی ده‌رامه‌ت بیانبوورن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش داوا له‌خاوه‌ن موڵكه‌كان بكه‌ین له‌ كرێی دوو مانگ خۆش ببن بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌مووان بتوانین ڕوبه‌ڕووی ئه‌م دۆخه‌ ببینه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و پێشنیارانه‌مان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزكردۆته‌وه‌".

وتیشى؛ "داوامان کردوە بە ئه‌ندازه‌یه‌ك خه‌رجی دیاریكراو دابنرێت بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ژیانیان نیه‌ و ئه‌م دۆخه‌ كاری زۆر لێكردوون به‌هۆی وه‌ستانی كاری ڕۆژانه‌یانه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و بڕه‌ خه‌رجیه‌ش وه‌زاره‌تی بازرگانی و پلان دانان دیاری بكه‌ن كه‌ ئه‌ندازه‌ی پێداویستی مانگی خێزانێك چه‌نده‌؟"

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژە بەوەدەکات، ئه‌وان وه‌ك پاڕێزگای سلێمانی به‌رنامه‌ی خۆپارێزی و تاك پارێزییان ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ تاك هه‌م له‌ماڵ هه‌م له‌ده‌ره‌وه‌ خۆی بپارێزێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی پاراستنی خۆی پاراستنی هه‌موو ژیان و جیهانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی تاك كه‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ستكێشی له‌ده‌ستدا بێت وه‌ ده‌مامكی له‌ده‌مدا بێت په‌یڕه‌وی ڕێنماییه‌كان بكات و به‌ركه‌وته‌ی نه‌بێت وه‌ شوێنه‌كانیش په‌یڕه‌وی ئه‌و ڕێنماییانه‌ بكه‌ن تا هه‌نگاو به‌هه‌نگاو دۆخه‌ركه‌ به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه‌ بڕوات.


هەواڵی زیاتر