یاساى چاکسازى دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە

09/04/2020


وەزیرى دارایى کۆمەڵێک بڕیارى دەرکرد

بەپێى بڕیارى ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێم و لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، سندوقی خانەنشینی کارادەکرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی راسپێردرا لەسەر ئامادەکردنی پەیکەری نوێی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینى و بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاریشی راسپارد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە، بۆ هەنگاونان بەمەبەستی یەکخستن و رێکخستنی یەکەکانی ژمێریاری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوری کۆبونەوەیەکی تایبەتی بەشێوازی ئۆنلاین  لەسەر کاراکردنی یاسای چاکسازیی ئەنجامدا، ئاوات شێخ جەناب باسی لە ناوەرۆکی یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ئەنجومەنی وەزیران کرد کە دوای پەسەنکردنی پەیرەوی یاسای چاکسازی ئەنجامدرا.
 
دواتر لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، وەزیری دارایی و ئابوری بریاریدا لەسەر:
1- کاراکردنی سندوقی خانەنشینی لەهەرێمی کوردستاندا و کردنەوەی ئەژمێرەیەکی تایبەتی بانکی بۆ ئەو سندوقە.

2- بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی راسپێردرا لەسەر ئامادەکردنی پەیکەری نوێی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین، کە دەبێتە تاکە بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان لەهەرێمدا، بەشێوەیەک گشت خانەنشینانی (شارستانی، سەربازی، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، یەکە رێکنەخراوەکانی هێزەکانی پێشمەرگە) لەخۆدەگرێت.

3- بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری راسپارد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بگرنە بەر بەمەبەستی یەکخستن و رێکخستنی یەکەکانی ژمێریاری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
 
4- بڕیاردرا لەسەر پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی گونجاو بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کردنەوەی ئەژمێرەیەکی کەسی بۆ سەرجەم موچەخۆران.

5- ئامادەکردنی رێکارە یاسایی و کارگێرییەکان، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیەکان.

6- بڕیاردرا لەسەر هەماهەنگی تەواو لەنێوان لیژنەی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابوری تایبەت بە  جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە پێناو جێبەجێکردنی خێرای یاساکەدا.


هەواڵی زیاتر