دانا عەبدولکەریم: ئەنفال، برینێکی قوڵ و زامێکی ساڕێژ نەبوە
14/04/2020
دانا عەبدولکەریم:
-ئەنفال، برینێکی قوڵ و زامێکی ساڕێژ نەبوە
-پشتیوانی خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکەین
پەیامێک بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال
ئەمڕۆ (٣٢) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تاوانی ئەنفال کردنی خەڵکی کوردستاندا،
کە پرۆسەیەکی رژێمی دیکتاتۆری لەناوچوی بەعس بو، ئامانج لێی قڕکردن و
سڕینەوەو لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوایەتی کورد بو.
تاوانی ئەنفال کە
بەچەند قۆناغێک ئەنجامدرا، پرۆسەی جینۆسایدی نەتەوەی کورد بو، لەئەنجامدا
ھەزاران ھاوڵاتی بێتاوان لە منداڵ و ژن و پیاو و گەنج و پیر کۆمەڵکوژ و
زیندەبەچاڵ کران، ئەمەجگە لە خاپورکردنی ھەزاران گوند و شارو ناوچەو
تەختکردنیان لەگەڵ زەوی و ھەڵتەکاندنی بنەماکانی ژیان لە کوردستان.
ئەنفال، برینێکی قوڵ و زامێکی ساڕێژ نەبوە، یەکێکە لە دڕەندەترین ئەو
تاوانانەی کە لە مێژودا دژ بە مرۆڤایەتی کراوە. لەم بۆنە خەمناکەدا، درود و
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال و تێکڕای شەھیدانی
کوردستان دەنێرین، وێڕای جەخت کردنەوەش لەسەر خزمەتکردنی تەواوی ناوچەکانی
کوردستان و ئاوەدانکردنەوەیان، ھاوکات پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان بۆ
خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تێکڕای
کەسوکاری شەھیدان دوپات دەکەینەوە.
دانا عەبدولکەریم حەمەصاڵح
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن
٢٠٢٠/٤/١٤