ئاوات شێخ جەناب: لەگەڵ بەغدا رێککەوتوین رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکەین

17/04/2020

وەزیرى دارایى حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ لەگەڵ بەغدا رێککەوتوین کە رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکەن، بەمەرجى ناردنى سەرجەم شایستە داراییەکانى هەرێم لەلایەن بەغداوە.

لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ (سبەی)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ماوەى پێنج ساڵە عێراق هیچ بڕە پارەیەکى موچەى بۆ هەرێمى کوردستان زیاد نەکردوە و تەنها موچەى (682) هەزار موچەخۆر رەوانەى هەرێم دەکات، لەکاتێکدا هەرێم زیاتر لە یەک ملیۆن و (200) هەزار موچەخۆرى هەیە.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا وەزیرى دارایى هەرێم دەڵێت:"بەمزوانە وەفدێکى حکومەتى هەرێم سەردانى بەغدا دەکات و گفتوگۆ لەبارەى هەمو پرسە گرنگەکانى نێوان هەردولا دەکرێت.

دەقی دیمانەکە

-هەوڵەکانی ئێوە بۆ کردنەوە و بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزی سەیران بەن گەیشتوە بە کوێ؟
ئاوات شێخ جەناب: لەئێستادا تاوتوێی دۆخەکە دەکەین، تاوەکو بزانین کە ئایا مەرزەکە بکرێتەوە یاخود بە داخراوی بمێنێتەوە، داخوازی خەڵک ئەوەیە مەرزەکە بکرێتەوە و ئێمەش تاوتوێی بابەتەکە دەکەین، هەروەها ئێستا ئەولەویەتی حکومەت روبەڕوبونەوەی کۆرۆنایە، ئەوەش وایکردوە مەرزەکە دابخەین، بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر باروگوزەرانی هاوڵاتیان و ئەوانەی بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم مەرزەیە.

سەبارەت بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزەکەش، دوای سەردانی کونسوڵی ئێران بۆلای ئێمە، پێی راگەیاندین کە رێکارە یاساییەکانی بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزەکە تەواو بوە، بەڵام نوسراوەکە بەدەست ئێمە نەگەیشتوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدەین.

-کردنەوەی ئەم مەرزە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر داهاتی هەرێم؟
ئاوات جەناب نوری: بە دڵنیاییەوە کردنەوەی مەرزەکە بۆ خەڵک و هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەل گرنگە، بەڵام ئامانجی سەرەکی بۆ داهات نیە، چونکە ئەگەر بزانین کردنەوەی مەرزەکە مەترسی دروست ناکات، ئەوا مەرزەکە دەکرێتەوە.

-بڕیار وایە شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات، کەی سەردانەکە دەکرێت؟
ئاوات جەناب نوری: وەفدەکەی هەرێم ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات، ماوەی دو مانگە داوامان کردوە سەردانی بەغدا بکەین، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسی بەغداوە سەردانەکە ئەنجام نەدراوە، ئێستاش وەفدەکەی ئێمە ئامادەیە و لەگەڵ حکومەتی بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ دیاریکردنی وادەیەک و بەمنزیکانە سەردانی بەغدا دەکەین.

-گفتوگۆ لەسەر چی دەکەن؟
ئاوات جەناب نوری: شاندەکەی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر سەرجەم پرسەکان دەچێتە بەغدا، ئەوەی پەیوەیستە بە بودجە  و ناوچە دابڕێندراوەکان و موچەی فەرمانبەران و وادەی ناردنی پارەی فەرمانبەران، چونکە هەر جاری بە رێککەوتێک پارەکە دەگاتە هەرێم و گەیشتە ئەو رادەیەی هەندێک کەس بە سەهو کاتێک موچەی مانگی دو دواکەوتبو، هاتبوە مانگی سێ، هەروەها مانگی سێ-ش لە رۆژی (26/3/2020) رەوانە کرا، بۆیە دەمانەوێت ئەو گرفتانە نەهێڵین.

داخوازی ئێمە ئەوەیە پشکی هەرێم بکرێتەوە بە (17٪)، بەڵام رێگری هەیە، هەروەها راستییەکیش هەیە بە درێژاریی ساڵی (2019) بەغدا پارەی (682) هەزار فەرمانبەری رەوانە کردوە و بەغدا کەمترخەمی زۆری بەرامبەر بە کورد کردوە، تەنانەت رێژەی (12٪)شی بۆ هەرێم نەناردوە لە بەشە بودجە، بەڵکو رێژەکە (5٪ بۆ 6٪) بوە.

ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە یەک ملیۆن و (200) هەزار کەسە و بەغداش بڕی (441) ملیار دینار رەوانە دەکات کە پارەی (682) هەزار فەرمانبەرە.

هەرێم ئامادەیە لەبەرامبەر ناردنی بودجە، نەوت رادەستی بەغدا بکات؟
ئاوات جەناب نوری: بەپێی رێککەوتنەکەمان بۆ ساڵی (2020)، ئێمە ئامادەین بڕی (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکەین، بەو مەرجەی کە بەغدا تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم رەوانە بکات و موچەی پێشمەرگە رەوانە بکەن، بەڵام ئەوەیە هەیە ماوەی پێنج ساڵە حکومەتی عێراق یەک دیناری بۆ موچەخۆرانی هەرێم زیاد نەکردوە و هەر (682) هەزار فەرمانبەرەکەیە.

 

 

 

 

.


هەواڵی زیاتر