پارێزگاری سلێمانی: قۆناغی پاراستنی بژێویی ‌و ئاسایشی ئابوریی خەڵك‌ و کەرتی تایبەت دەستپێدەکەین

18/04/2020


پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: قۆناغی یەکەم و دوەمی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا تەواوکراون و ئامادەکاریی بۆ قۆناغی سێیەم دەکرێت کە قۆناغی پاراستنی بژێویی‌و ئاسایشی ئابوریی خەڵك‌و کەرتی تایبەت، بە تەریبی لەگەڵ پاراستنی بەردەوامی ئاسایشی تەندروستیی‌و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنادا.

ئەمڕۆ شەممە، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا سەرپەرشتیی كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ئارامیی شاری سلێمانی كرد، بۆ هەڵسەنگاندنی قۆناغی یەكەم و دوەمی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا و دانانی بەرنامە و پلانی گونجاو بۆ قۆناغی سێیەم.

بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای سلێمانی؛ لە قۆناغی یەكەمدا كە لە (30/1/2020)ـەوە لە پارێزگای سلێمانیدا دەستی پێكرد، پارێزگای سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەرنامەیان بۆ چۆنێتی روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و دابینكردنی پێداویستی ‌و ئامێر و كەلوپەلی تەندروستی‌ و لۆجیستیەكان ‌و ئامادەکردنی ڕێنمایی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و رێوشوێنەكانی كۆرەنتینەكردن‌و گەڵاڵەكردنی رێنماییە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌ و ئارامییەكان دیاریكرد، سەركەوتوانە حكومەتی خۆجێیەتی بە پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی خۆی بۆ هەر دۆخێكی نەخوازراو و لەناكاو، ئامادە بكات.
قۆناغی دوەم، قۆناغی خۆپارێزیی هاوڵاتیان‌ و قەدەغەی هاتوچۆ و وەستانی ژیانی گشتیی ‌و كاركردن بو لەسەر پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی تاك ‌و كۆمەڵگا، دیاریكردنی رێكارو رێنمایی تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامیی وردو زانستیانەو تەندروستیانە.

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندوە: قۆناغی سێیەم، قۆناغی پاراستنی بژێویی‌و ئاسایشی ئابوریی خەڵك ‌و کەرتی تایبەت، بە تەریبی لەگەڵ پاراستنی بەردەوامی ئاسایشی تەندروستیی‌و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنادا. لەم قۆناغەشدا وەك قۆناغەكانی تر پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و پابەندیی خۆپارێزیی‌و تاكپارێزیی‌و كۆمەڵگا پارێزیی هاونیشتمانانی خۆشەویست، وادەكات بتوانین هێدی هێدی، قۆناغ بە قۆناغ دەرفەتی زیاتری ژیانكردن‌و كارو كەسابەت‌و بژێوی هاوڵاتیان ڕێكبخەینەوەو بكەینەوە، ئەمەش بە پابەندبونی تەواوی هاوڵاتیان دەبێت بە خۆپارێزییان‌و بە رێنماییە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكانەوە.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پێویستی دەزانێت هاوڵاتیان خۆیان بۆ خۆیان ئەركی پاراستنی تەندروستی خۆیان لە پەتای كۆرۆنا بگرنە ئەستۆ، بۆ ئەوەی دامودەزگاكانی دەوڵەت بتوانن رێكارو رێنمایی پێویستیان بەپێی قۆناغەكە بۆ دیاری بكەن‌و دەرفەتی چارەسەركردن‌و پشكنین‌و كۆرەنتینەكردن‌و چاودێریكردنی تەندروستی‌و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پەتاكە لەلایەن كەرتی تەندروستیەوە بڕەخسێت‌و، یەكە كارگێڕیی‌و دامودەزگاكانی دەوڵەت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بتوانن كایەكانی ژیان‌و سێكتەرە جیاجیاكانی بژێوی هاونیشتمانان لەژێر ڕێكارو ڕێنمایی وردو توندی تەندروستیدا جێبەجێ‌ بكەن.

هەر لە کۆبونەوەکەدا داوا لە دەزگا و کەناڵەکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کرا، پشتیوانی تەواوی ئەم قۆناغە بن و هانی زیاتری هاوڵاتیان بدەن بۆ خۆپارێزیی بەردەوام، هەمو لایەکیش ئاگادار کرانەوە لە هەرکارێکی زیادەڕەویی و سەرپێچیکردن و بەریەککەوتن و تێکەڵاوبون و دروستکردنی قەرەباڵغی لە هەر شوێنێکداو، رێکاری توندی یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

هەروەک جەخت لەسەر پابەندبونی هاوڵاتیان و دامودەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەت بە کاتەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و بڕیارو رێکارو رێنماییە کارپێکراوەکان، کرایەوە و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی راسپێردران، کە رۆژانە لەدوای داخستنی شوێنە رێگەپێدراوەکانی بازاڕەوە، تەواوی بازاڕەکان و شوێنە گشتیەکان دەرمانپژێن بکەن و پاکژبکەنەوە، هاوڵاتیان و کاسبکارانیش پاکوخاوێنی تەواوی شوێنەکانی خۆیان راگرن.



هەواڵی زیاتر