شاندى هەرێم لەگەڵ مستەفا کازمى کۆدەبنەوە
21/04/2020
بڕیارە ئەمرۆ شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى وەزیرى دارایى، لەگەڵ مستەفا کازمیى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەتى عێراق کۆببنەوە.
بەپێى زانیارییەکانى (سبەى) ئێستا شاندى حکومەتى هەرێم لە بەغدا لەگەڵ دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق لە کۆبونەوەدان بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى دیاریکراو بەتایبەت خاڵە سنورییەکان، بڕیارە هەر نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە شاندەکە لەگەڵ مستەفا کازمى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق کۆببنەوە و تاوتوێى ئەو چەند پرسێک بکەن لەوانە گرفتەکانى رابردوى نێوان هەرێم و بەغدا.
هەروەک (سبەى) زانیویەتى شاندى هەرێمى کوردستان لائیحەیەک پێشکەشى حکومەتى عێراق دەکات بۆئەوەى لەمەودوا ئەو پشکەى ناوەند بۆ موچەى فەرمانبەران دەینێرێت و بڕەکەى (453) ملیار دینارە، مانگانە لە وادەیەکى دیاریکراودا رەوانە بکرێت.
سێ رۆژە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى و ئابورى ئەندامێتى سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و وەزیرانى پلاندانان و هەرێم و سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران لە بەغدان و رۆژى یەکەم دواى کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزى نەوتى عێرا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى رایانگەیاند کەلەبارەى پرسى نەوت و کارەبا گەیشتونەتە رێککەوتن، دوێنێش زنجیرەیەک کۆبونەوەیان ئەنجامدا.
سلێمانى/ بڕیار نامیق