نۆرینگە پزیشکییەکانی سلێمانی دەکرێنەوە
23/04/2020
لیژنەی ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی رێنمایی و رێکاری نوێ بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا و مانگی رەمەزان دەردەکات و بڕیاری لە کردنەوەی نۆرینگە پزیشکییەکان و چێشتخانە و هۆڵەکانی لەشجوانی دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە بۆ دەرکردنی رێکار و رێنمایی نوێ بۆ مانگی رەمەزان و روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوڵاتیان و کردنەوەی بەشێکی دیکە لە سێکتەرەکان.
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە، لیژنەی ئۆپراسیۆنەکان بڕیاری کردنەوەی نۆرینگە پزیشکییەکان بدات لە رۆژی شەممەی داهاتو (25/4/2020) رۆژانە لە سەعات (2) بۆ (5)ی دوانیوەڕۆ بە مەرج و گرتنەبەری رێکارە تەندروستییەکان و دروستنەبونی قەرەباڵغی و بەریەک نەکەوتنی هاوڵاتیان.
یەکێکی دیکە لەو بڕیارانەی تاوتوێ دەکرێت، کردنەوەی چێشتخانە و هۆڵەکانی لەشجوانییە، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان.
دوای ئەوەی تاڕادەیەک ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوری پارێزگای سلێمانی کۆنتڕۆڵکرا و ئێستا تەنها یەک نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسەکە ماوەتەوە، پارێزگای سلێمانی قۆناغی سێیەمی ئاساییکردنەوەی ژیانی دەستپێکردوە.
سلێمانی/ بڕیار نامیق