بەڕێوەبەرى ئەوقاف: گەر تا (2/5) دەرگاى مزگەوتەکان نەکرێنەوە، خۆمان دەیکەینەوە

25/04/2020


دواى ئەوەى بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە لە هەرێمى کوردستان و لە چوارچێوەى رێکارەکانى خۆپارێزى لەو ڤایرۆسە، دەرگاى مزگەوتەکان داخران، لە ئێستادا کە هاوکاتە لەگەڵ مانگى رەمەزان داواى کردنەوەى دەرگاى مزگەوتەکان دەکەن.

فەرەیدون غەریب، بەڕێوەبەرى گشتى ئەوقافى سلێمانى راگەیاند: رۆژى چوارشەممەى رابردو لەگەڵ ژورى ئۆپراسیۆنى روبەروبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی کۆبوینەوە، داوامان کرد بۆ مانگى رەمەزان دەرگاى مزگەوتەکان بکرێتەوە بە پەیڕەوکردنى رێکارەکانى خۆپارێزیى لە نیو مزگەوتەکاندا.

وتیشى :"ئەوان پێیان باش بو چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوەى بزانن بڕیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان چییە و حکومەتیش بڕیاریدا کە داخستنى دەرگاى مزگەوتەکان بۆ (1/5) درێژبکرێتەوە".

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد؛ ئەگەر دەرگاى مزگەوتەکان نەکرێتەوە ئەوا خەڵک قەدەغەکە دەشکێنیت و دەرگاى مزگەوتەکان دەکرێتەوە و نوێژى بەکۆمەڵ لە دەرەوەى مزگەوتەکان ئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەبەرى گشتى ئەوقافى سلێمانى رایگەیاند: فشارێکى زۆرى مامۆستایانى ئایینى و خەڵکیان لەسەرە و خەڵکیش خۆى بەردەوامە لە شکاندنى قەدەغە و نوێژى بە کۆمەڵ ئەنجام دەدەن.

فەرەیدون غەریب جەختى کردەوە کە ئەنجامدانى نوێژى بەکۆمەڵ لە دەرەوەى مزگەوتەکان کارێکى خراپە و دەبێتە شکاندنى بڕیارى حکومەت و شکاندنى رێکارەکانى خۆپارێزى وەزارەتى تەندروستى بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا.

بەڕێوەبەرى ئەوقافى سلێمانى وتیشى:" گەر تا رۆژى (2/5) حکومەت بڕیارى کردنەوەى دەرگاى مزگەوتەکان نەدات ئەوا ئێمە خۆمان مزگەوتەکان دەکەینەوە لە شارى سلێمانى".


هەواڵی زیاتر