وەزیری دارایی: چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆک وەزیرانین بۆ دابینکردنی موچە و بودجەی هەرێم

26/04/2020


 وەزیرانی دارایی و پلاندانانی حکومەتی هەرێم رایانگەیاند: هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئامادەین تەواوی نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکەین.

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندنی دانوستانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبونەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی کۆبونەوەکەیان بۆ رۆژنامەنوسان خستەڕو.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: شاندی دانوستان رونکردنەوە و وردەکارییان بۆ پەرلەمان خستەڕو، ئێمەش پشتیوانی گرتنەبەری سیاسەتی لێکتێگەیشتن و گەیشتنە رێککەوتنین لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، دیاڵۆگیش بە تاکە رێگەچار دەزانین بۆ ئەو مەبەستە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری و سەرۆکی شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: دوای چەندین کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، گەیشتینە داڕشتنەوەیەک بۆ ئەوەی نوسراوێک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەین، بۆ ئەوەی بڕیاری خەرجکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بدات.

وتیشی :"رۆژی پێنجشەممە دەقی یاداشتەکە گەیشتوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئومێدمان وایە وەڵامەکەی بە ئەرێنی وەربگرین".

وەزیری دارایی رایگەیاند: دانوستان و کۆبونەوەکان لەگەڵ بەغدا تەنها لەسەر بودجە نەبو، لەسەر پێشخستنی کەرتی غازی هەرێم و پەرەپێدانی کەرتی کارەبا و بەرهەمهێنانی زیاتری کارەبا و دۆسیەی خانەنیشن و گومرگ و دەروازە سنورییەکان بون.

ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند: ئومێدەوارین بەمنزیکانە کێشەی بودجەی هەرێم چارەسەر بکرێت.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەمان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان وردەکاریی دانوستانەکان خرانەڕو، چاوەڕوانین ئەو راپۆرتەین کە بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆک وەزیران بۆ خەرجکردنی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

وتیشی :"لەو لێکتێگەیشتنەی کە لە مانگی (12)ی ساڵی (2019) و لێکتێگەیشتنەکانی ئەم دواییەش کراوە، هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشانداوە تەواوی نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات، بە مەرجی ناردنی شایستە داراییەکان و پابەندبونی بەغدا بە دابینکردنی سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.



هەواڵی زیاتر