کوێستان محەمەد: کار دەکەین بۆ نەهێشتنى جیاوازى لە نێوان کرێکارانى کەرتى گشتى و تایبەت
01/05/2020
وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى نیگەرانە لە رەوشى کرێکاران لە هەرێمى کوردستان و رایدەگەیەنێت؛ لە جەژنى کرێکاران کە دەکەوێتە رۆژى هەینى و مانگى رەمەزان، خاوەن کارەکان کار بە کرێکارەکان دەکەن، دەشڵێت: لە رێگەى ئامادەکردنى یاساى کارەوە دەمانەوێت جیاوازى لە نێوان کرێکارانى کەرتى گشتى و تایبەت نەهێڵین.
ئەمڕۆ هەینى، کوێستان محەمەد وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، بەشێوەیەکى مەیدانى چەند شوێنێکى لە سلێمانى بەسەر کردەوە کە کرێکاران کارى تێدادەکەن و لە نزیکەوە گفتوگۆى لەگەڵ کردن.
لە کاتى بەسەرکردنەوەکەدا، کوێستان محەمەد راگەیاند: ئەمڕۆ کە رۆژى کرێکارانە هاوکات رۆژى هەینیە و مانگى رەمەزانە، بەڵام کرێکاران لە کاردان و ناشزانن کە ئەمڕۆ تایبەتە بە کرێکاران.
وتیشى: وەک وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى هەمو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کرێکاران مافەکانیان پێشێل نەکرێت و خاوەن کارەکان مافەکانیان دەستەبەر بکەن و مەرجى سەلامەتیشیان بۆ دابین بکرێت.
هەروەک ئاشکرایکرد، کۆمەڵێک هەنگاوى جدیان ناوە بە ئاراستەى مافەکانى کرێکاران و دەڵێت: لە ماوەى رابردو توانیومانە بە هاوکارى رێکخراوى کارى نیودەوڵەتى یاساى کار ئامادەبکەین و ناردومانە بۆ پەرلەمان، بەپێى ئەم یاسایە جیاوازى نامێنێت لە نێوان کرێکارى کەرتى گشتى و تایبەت.
وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، ئاماژەى بەوەشکرد، وەک وەزارەتى کار پڕۆژە هەمواری یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیشیان ئامادەكردوە كە هەمو كرێكارێك دەستەبەر دەكرێت و ماف و شایستەكانی خۆی وەردەگرێت، لەم هەموارەدا سەرجەمی بۆشاییەكان پڕدەكرێنەوە و بەهیچ جۆرێك رێگەنادات خاوەنكار كرێكار دەستەبەر نەكات.
سەبارەت بەو پێشێلکاریانەشى کە دەکرێتە سەر کرێکاران، کوێستان محەمەد جەختى کردەوە، وەک وەزارەت پاڵپشتى کرێکاران دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە هێڵى گەرمى (1500)یان هەیە بۆ گلەی کرێکاران یان گەیاندنى سکاڵاکانیان بەتایبەت لەسەر خاوەن کارەکان، لەو کاتەدا کرێکار دەتوانێت پەیوەندى پێوە ببەستێ و ئەگەر سکاڵاى هەبێت ئەوان وەک وەزارەت کەیسەکەى دەگەیەنن بە دادگا، بە وتەى کوێستان محەمەد " تا ئێستا هەر کەیسێکى کرێکارانیان بردبێتە دادگا لە بەرژەوەندى کرێکارەکە کەیسەکەیان بردۆتەوە".