شەماڵ عەبدولوەفا: ھەر کارێک بەرامبەر فراکسیۆنەکەمان کرابێت بەرامبەر تەواوی گۆڕان کراوە

08/05/2020

شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌ رایدەگەیەنێت؛ گۆڕان چوە حکومەت بۆ ئەوەی چاکسازی بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نەک بەردەوامیدان بە دۆخێکی خراپ، دەشڵێت: گۆڕان دیراسەی کۆی رێککەوتن و شێوازی بەشداری و ئەو چاکسازیانەش دەکات، کە دەبو بکرێت.

شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان‌ و سكرتێری کاروباری باژێڕوانەكان لە وتارێکدا بە ناونیشانی (دوای ئەمانە چی) کە لە بەشی بیروڕای (سبەی) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی پارتی کردی لە دیوی دەرەوە کارێکی یاسایی بچوکە، بەڵام ھاوکێشە گشتیەکە واناڵێت و کرۆک و ئاماژەکانی گەورەن و ئەنجامی کۆمەڵێک ھەنگاوی کەڵەکە بوە.

لە وتارەکەدا شەماڵ عەبدولوەفا نوسیویەتی:"کاتێک سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی گۆران و تیمی حکومەتیان دەرکرد، ئەگەر ئەوکات لایەنەکانی دەرەوەی پارتی یەک ھەڵوێستبان، ئەمە روی نەدەدا، بەڵام نەک ھەڵوێست نەبو، بەڵکو پەرلەمان بۆ کاک مەسعود کاراکرایەوە ریفراندۆم بکات و ئەنجامەکەمان بینی" .

دەشڵێت: ئێمە باوڕمان بە رێککەوتنە لە پێناو سودی گشتی، نەک لە پێناو رێککەوتن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان نوسیویەتی:" گۆڕان چوە حکومەت بۆ ئەوەی چاکسازی بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، نەک بەردەوامیدان بە دۆخێکی خراپ، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لە چالاکترین و تۆکمەترین ئۆرگانی گۆڕان، بەشێکی سەرەکیشە لە دروستکەری بڕیاری گۆڕان".

جەختی لەوەش کردوەتەوە کە "ھەر کارێک بەرامبەر فراکسیۆنەکەمان کرابێت بەرامبەر تەواوی بزوتنەوەی گۆڕانە، فراکسیۆنەکەمان لە ماوەی رابردودا، ئازایانە و بە وردەکاریەوە گەندەڵی و دزی دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەکان و کۆمپانیاو باج ...... ھتدیان دیاریکرد، بە پڕۆژەیەکی تۆکمە نەخشە رێگای دەربازبون لەم قەیرانەیان دانا، لە بری ئەوەی گوێیان لێبگیرێت کرانە بەشێک لە سیناریۆیەکی ناشرین بۆ شکاندنی کەسایەتیان!، کە سێ رۆژە داوادەکەن دەبێت پارێزبەندی لە کەس وەرنەگیرێتەوە، ئەگەریش وەرگیراوە لە ھەموی بێت، نەک نیوەی ئەوانەی بڕیاربو پارێزبەندیان لێوەربگیرێتەوە ناوەکانیان نەخرانە بەرنامەی کارەوە، ئەو چوار کەسەش کە دانران سیناریۆ بو، بەشێکی بۆ شکاندنی ھاوڕێکانی ئێمە بو".

لە کۆتایی وتارەکەشدا شەماڵ عەبدولوەفا جەخت دەکاتەوە لەوەی، "لەمەودا دەبێت بزانن فراکسیۆنەکەمان نەک چاوترسێن، بەڵکو جدی تر قسەیان دەبێت و بزوتنەوەی گۆڕانیش کۆبونەوە دەکات و دراسەی کۆی رێککەوتن و شێوازی بەشداری و ئەو چاکسازیانەش دەکات، کە دەبو بکرێت".


هەواڵی زیاتر